لە کاتێکدا پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو ساڵە لە گەرمەی قەیرانەکاندا پەکخراوە، رووداو زەوینەیەکی بۆ گفتوگۆیەکی بونیادنەر لە نێوان بەرپرسێکی باڵای حکومەت و سەرکردەیەکی دیاری ئۆپۆزیسیۆن رەخساند. ئەم هەنگاوە دەبێت ببێتە نەریتێکی چەسپاو لە حوکمداری و سیاسەتی کوردستان دا؛ کاتێک دوو لایەنی جیاواز بەوپەڕی رێزەوە پێکەوە دادەنیشن، وەڵامی پرسیارە هەستیارەکان دەدەنەوە و لەبەردەم چاوی خەڵک دا بە راشکاوی چارەسەرەکان تاوتوێ دەکەن، ئەوە شێوازێکی دروستی دیموکراسییە.
دیبەتی کاژێر 12:00ی رۆژی پێنجشەممە 8ی ئوکتۆبەری 2026 لە تەلەڤیزیۆنی رووداو دا لەنێوان عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رووناکی و عەلی حەمەساڵح، رێکخەری گشتیی رەوتی هەڵوێست، لەلایەن پێشکێشکاری بەتوانا سەنگەر عەبدولڕەحمان بەڕێوەچوو، وەک دیبەیتی ساڵ بوو بۆ هەرێمی کوردستان.
کاردانەوەی بینەران، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و بەهێز بوو. تەنیا لە پەخشی راستەوخۆی فەیسبووک و تیکتۆکدا نزیکەی دەیان هەزار کەس بینەری گفتوگۆکە بوون، کورتە ڤیدیۆکانی سۆشیاڵمیدیاش ملیۆنان بینەریان تێپەڕاند. بێگومان بینەرانی لە تەلەڤیزیۆن هەر زۆر زیاتر بوون. ئەم ژمارە بەرچاوانە و بەشداریی فراوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە خەڵکی کوردستان بە وردی چاودێریی دۆخی سیاسیی وڵاتەکەیان دەکەن. هاونیشتمانییان پرسیاریان هەیە و دەیانەوێت زیاتر لەسەر بڕیارەکان بزانن.
بەڵام ئایا بۆچی دیبەیت بووەتە دیاردەیەکی دەگمەن؟ بۆچی کولتووری گفتوگۆی راشکاو بەرەو کاڵبوونەوە چووە؟
نهێنیی سەرکەوتنی ئەم گفتوگۆیە و بەشداریکردنی پڕ پەرۆشی هەردوو میوان، لە چەند خاڵێکدا خۆی دەبینێتەوە. یەکەم، رەخساندنی زەوینەیەکی پیشەییانە و دوور لە هەر موزایەدەیەکی سیاسی بوو. تەوەرەکان بە وردی و لەسەر بنەمای پەیوەندییان بە کاری میوانەکانەوە دیاریکرابوون. ئامانجی سەرەکی، زانیاریدان بوو بە خەڵک و ئاگادارکردنەوەی حکومەت بوو لە داواکانی خەڵک و روونکردنەوەی پرسەکان بوو بۆ خەڵکی کوردستان، نەک ناچارکردنی میوانەکان بە رێککەوتن. کێشەکانی کارەبا بە تەواوی باس کران و هیچ رەنگێکی حیزبی بەسەر گفتوگۆکەدا زاڵ نەبوو. ئەمە هەنگاوێکە بەرەو دامەزراوەییبوون و دوورکەوتنەوەیە لە حوکمڕانی و گفتوگۆی حیزبیی تەسک.
گرنگە لەوە تێبگەین کە ئامانجی سەرەکیی دیبەیتەکان بردنەوەی کەسێک یان سەپاندنی بۆچوونێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو دەبێت سەکۆیەک بن بۆ گەیشتن بە راستییەکان و خستنەڕووی باشترین چارەسەرەکان.
ئەزموونی گەلان وانەی گرنگمان پێدەڵێن، رێگەی راستی ناوخۆ و دەرەوە: گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەرامبەر. پێویستە گفتوگۆ ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی سیاسیی رۆژانە لە کوردستان. ترسان لە رەخنە و رووبەڕووبوونەوە ترس و هەڵەکان زۆرتر دەکات.
بێگومان، دیبەیتی تەلەڤیزیۆنی ناتوانێت جێگەی پەرلەمان بگرێتەوە یان کێشە بنەڕەتییەکانی نێوان دامەزراوەکان چارەسەر بکات، بەڵام لانیکەم، دەتوانێت بۆچوونەکان بۆ خەڵک روون بکاتەوە، خاڵە جیاوازەکان دەستنیشان بکات و دەرفەت بداتە هاووڵاتییان کە خۆیان لەسەر بنەمای بەڵگەکان بڕیار بدەن.
وەک شارەزایەک لە بواری پەیوەندییە گشتییەکان، باوەڕی تەواوم وایە کە پەیوەندیکردن تەنیا بریتی نییە لە بەرگریکردن لە بۆچوونێک، بەڵکو بریتییە لە هونەری گوێگرتن لە رەخنە، بوێریی وەڵامدانەوەی پرسیارە قورسەکان و بیستنی بۆچوونی جیاواز.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بەرپرسانی حکومەت ئامادەبن بڕیارەکانیان بۆ خەڵک روون بکەنەوە و لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن گفتوگۆیان لەسەر بکەن. لە بەرامبەردا، پێویستە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش چارەسەری واقیعی پێشکێش بکەن و ئامادەبن بۆ راستکردنەوەی بۆچوونەکانیان، ئەگەر هەڵە بوون. هەردوو لاش دەبێت بە رۆحێکی پیشەییانە و دوور لە موزایەدەی سیاسی و پۆپۆلیستی، بە ئامانجی بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز، گفتوگۆ بکەن.
راستە، یەک دیبەیت کێشە کەڵەکەبووەکانی کوردستان چارەسەر ناکات، بەڵام دەتوانێت ببێتە نموونەیەکی درەوشاوە کە شایەنی ئەوەیە ببێتە نەریت و دووبارە بکرێتەوە.
بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە سەرەکییەکە، براوەی یەکەم و کۆتایی ئەم دیبەیتانە بەبێ هیچ گومانێک، هەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی پتەوکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان دەبن.



.webp&w=3840&q=75)