رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە درێژایی مێژوو گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی ئیمپراتۆریەتە دێرینەکان و دواتریش جەنگی جیهانیی یەکەم (1914 - 1918) و دووەم (1939 - 1945) بووە. کاتێک رۆژئاوا پاش جەنگە وێرانکەرەکان بیری لە کپکردنی ئاگری شەڕ کردەوە و بەرەو دامەزراندنی یەکێتییەکی فرەنەتەوەیی وەک "یەکێتیی ئەورووپا" هەنگاوی نا، گەرمەی ململانێکان گوێزرانەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ ناوچەیەک کە تائێستاش بەدەست نەبوونی سیستمێکی هاوبەش و ئاشتییەکی سەقامگیرەوە دەناڵێنێت.
پاش رووخانی ئیمپراتۆریەتەکانی ناوچەکە، بەتایبەت ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، میراتی ئەو خاکە بەسەر چەند نەتەوەیەکدا دابەش کرا. نەتەوەکانی وەک عەرەب، تورک و فارس، بەپێی قەبارە و هێزی خۆیان بوونە خاوەنی دەوڵەت و سنووری جوگرافیی دیاریکراو. تەنانەت جووەکانیش کە ژمارەیان زۆر کەمتر بوو، توانییان قەوارەی خۆیان دابمەزرێنن. لە بەرامبەردا، لە سەدەی بیستەم و لە سەردەمی داڕشتنەوەی نەخشەی جیهاندا، مافی گەلێکی گەورەی وەک کورد کە ژمارەیان لە ئەمڕۆدا دەگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن کەس، بە تەواوی پێشێل کرا. کورد، کە لەسەر رووبەری زیاتر لە 500 هەزار کیلۆمەتر دووجا دەژی و خاوەنی سەدان شار و دەیان گەورەشاری مێژووییە، لە دەرەوەی هاوکێشەکان هێڵدرایەوە. ئەگەر بەراوردێک بکەین، جیهان بۆ پرسی فەلەستین کە رووبەرەکەی زۆر بچووکترە لە یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستان، بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ دروستکردنی دەوڵەت، بەڵام پرسی کورد پشتگوێ خراوە.
لەسەر بنەمای ئەم دابەشکارییە نادادپەروەرانەیە، نەتەوەی کورد بووەتە قوربانیی پیلانەکان و بە درێژایی سەدەی رابردوو رووبەڕووی چەوساندنەوە، کۆمەڵکوژی و سڕینەوەی شوناس بووەتەوە. کارەساتەکانی وەک کۆمەڵکوژیی دەرسیم لە ساڵی 1938، ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لە ساڵی 1988، و پەلامارەکانی سەر کۆبانێ و شنگال لە ساڵی 2014، بەڵگەی ئەو مێژووە خوێناوییەن کە بەسەر نەتەوەی کورددا سەپێندراوە. کورد هەمیشە وەک نەتەوەیەکی بێبەشکراو لە "جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ" (کە لە ساڵی 1948 دەرچووە)، بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت بۆ پاراستنی نەوەکانی داهاتووی لە مەترسیی قڕکردن.
مێژوو پێمان دەڵێت کە ئەم نەتەوەیە هێشتا نەیتوانیوە مێژووی خۆی بە دەستی خۆی بنووسێتەوە، یان ئەوەی نووسیویەتی لەناوبراوە. لۆژیک پێمان دەڵێت، خەبات و قوربانیدانی چەندین ساڵەی گەلێکی 50 ملیۆنی، تائێستا دەبوو ئەم نەتەوەیەی بگەیاندایەتە کەنارێکی ئارام و وڵاتێکی سەربەخۆ؛ بەڵام کێشەی سەرەکیی کورد نە کەموکوڕییە لە کولتوور، نە لە مێژوو و نە لە توانای مرۆیی؛ بەڵکو کێشەکە خاکەکەیەتی. نەتەوەی کورد دەیەوێت بە جیهان بڵێت، "کورد لە کوردستان دەژی، نەک لە خاکی وڵاتانی دیکە." بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش رووبارێک خوێنی بەخشیوە.
لەم سەردەمە نوێیەدا، کە چەکەکان و ئامرازەکانی خەبات گۆڕاون، دەبوو کوردیش ستراتیژی خۆی بگۆڕێت. ئێستا دەبینین خەباتی نەتەوەیی بەرەو دیپلۆماسی، دانوستانی سەردەمیانە و هێزی نەرم هەنگاو دەنێت. بۆ نموونە، لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان، هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی مافەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆدا تاقیدەکرێنەوە؛ لە سووریا، هێزە کوردییەکان لە هەوڵی ئەوەدان لەڕێگەی تێکەڵبوونێکی سیاسییەوە (ئینتیگراسیۆن) مافەکانیان بچەسپێنن. بەڵام ئەزموونەکانی رابردوو پێمان دەڵێن، چارەسەری ریشەیی لە "توانەوە و خۆگونجاندن"دا نییە، بەڵکو لە "گەڕانەوەیە بۆ شوناسی رەسەن"، واتە پێداگریکردن لەسەر کوردبوون و کوردستانیبوون؛ ئەمەش تاکە رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی درێژخایەنی نەتەوە سەردەستەکان دژ بە کورد.
پەیامی نەتەوەیی کورد لە هەموو قۆناخەکاندا پەیامێکی ئاشتیخوازانە و پێکەوەژیان بووە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە لەلایەن داگیرکەرانەوە وەک هەڕەشە و ئاژاوەگێڕی وێنا کراوە. ئەگەر بەراوردێکی سادە بکەین: کاتێک کەسێک دەڵێت، "من عەرەبی عێراقم" یان "تورکی تورکیام" یان "فارسی ئێرانیم"، وەک مافێکی ئاسایی سەیر دەکرێت؛ بەڵام کاتێک کوردێک دەڵێت، "من کوردم و خەڵکی کوردستانم"، رووبەڕووی زیندان و مەرگ دەبێتەوە. هەزاران ساڵە ئەم نەتەوەیە تەنها لەپێناو گوتنەوەی ئەم دوو وشەیەدا دەچەوسێتەوە، کە سادەترین مافی سرووشتیی هەر تاکێکە.
لەدوای پەیماننامەی "وێستفالیا" لە ساڵی 1648 کە چەمکی سەروەریی دەوڵەتانی هێنایە ئاراوە و چەسپاندی، لە هەمان ئەو کاتانەدا کوردستان خاکەکەی و نەتەوەکەی بە دڵڕەقانە بەسەر هەردوو ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەویدا وەک کێکی ئاهەنگەکەیان بەسەر خۆیاندا بەش بەش کرد، دواتریش لە سەردەمی نوێ و لە سەدەکانی 19 و 20دا لە رێککەوتننامەکانی وەک "سایکس - پیکۆ" (1916) و پەیماننامەی "لۆزان" (1923)، ناوچەکە بە جۆرێک دابەش کرا کە ناوی کورد بە تەواوی سڕایەوە. گەلێک کە لە پەیماننامەی "سیڤەر" (1920)دا بەڵێنی دەوڵەتی پێدرا، لە لۆزاندا مافەکانی زیندەبەچاڵ کران و پێیان گوترا، "بڕۆن لەگەڵ ئەو دەوڵەتە نوێیانەدا خۆتان بگونجێنن." جیهان چاوی خۆی نووقاند لەئاست ئەو باجە قورسەی کورد بۆ ئەم "پێکەوەژیانە زۆرەملێیە" داویەتی.
ئەمڕۆ کە دۆسیە شاراوەکانی نێو ژوورە تاریکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هەڵدەدرێنەوە، دەردەکەوێت کە مافی سەربەخۆیی بۆ کورد وەک بابەتێکی قەدەخەکراو (بڤە) مامەڵەی لەگەڵ کراوە. هەمیشە وا بە کورد گوتراوە، هەر داوایەک بۆ سەربەخۆیی، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان، تاوەکو ئەو رادەیەی هەوڵ دراوە باوەڕ بە نوخبە و سەرکردەکانی کوردیش بهێندرێت کە خەونی دەوڵەت، تەنها "خەونێکی شاعیرانە و بەدینەهاتووە."
بەڵام لە نوێترین و روونترین پەیامی نەتەوەییدا، نەوەی نوێی ئەم گەلە لە سەرەتای ئەم ساڵدا (2026)، بە دەنگێکی زوڵاڵ بە جیهانی گوتەوە، "من کوردم و نیشتمانم کوردستانە". لە خۆپێشاندانەکانی زستانی ئەم ساڵدا بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان، بینیمان کە نەتەوەکە بە یەک دەنگ، یەک رەنگ، یەک ئاڵا و یەک ئامانج هاواری دەکرد، "کینە ئەم؟ کوردین ئەم... کوردستان یەک وڵاتە."
بەرزبوونەوەی ئەم دەنگە لە بەرامبەر ئەو زوڵمە نەتەوەییە بوو کە کرا، بەڵام ئەمجارە جیاواز بوو؛ خەباتەکە تەنها لەسەر شەقامەکان نەمایەوە، بەڵکو تاکی کورد لە هەر کوێ بووبێت، بە ماڵ و سامان و گیانی خۆیەوە بەرەو رۆژئاوا کەوتەڕێ، تاوەکو لەگەڵ هاونیشتمانییەکانیدا یان سەربکەوێت یان شەهید بێت. ئێستا ئیدی هۆشیاریی تاکی کورد گەیشتووەتە لووتکە و کارەکتەرە مەدەنی و نەتەوەییەکان یەکیانگرتووە بۆ پارێزگاری لە خاکێک کە ناوی (کوردستان)ە. ئەوان نایانەوێت تەنها لە دڵیاندا کورد بن، بەڵکو دەیانەوێت نیشتمانەکەیان بخرێتە سەر نەخشەی جوگرافیی جیهان.
لە رۆژی (25ی کانوونی دووەمی 2026)، بە ملیۆنان دەنگی کورد لەسەر شەقامەکانی جیهان، دوور لە کاریگەریی حیزب و سیاسەتمەدارەکان، بە یەک ئاواز هاواریان کرد بۆ سەربەخۆیی. ئەمەیە هێزە راستەقینەکەی نەتەوە؛ نەوەیەک کە دەیەوێت بە چاوی خۆی دروستبوونی دەوڵەتەکەی ببینێت و بە ئاشکرا دەڵێت، "ناترسین"، چونکە لەڕاستیدا ئەگەر خاوەنی شوناس و نیشتمانی خۆی نەبێت، هیچ شتێکی دیکەی نییە تاوەکو لەدەستی بدات، لێرەوە بە روونی پەیامی نەتەوەیی کورد بۆ جیهان داوا و خواستی سەربەخۆییە، جا ئەمڕۆ بێت یان سبەی، ئەوە خواستە راستییەکەیە و ئەوە پەیامە نەتەوەییەکەیە.



.webp&w=3840&q=75)