رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەسەر زیاتر لە 5,600 کەس ئەنجام دراوە، دەریدەخات، ئەو بەساڵاچووانەی ئاییندارن یان لایەنی رووحییان بەهێزە، خاوەنی کواڵیتییەکی باشتری ژیان و دۆخی دەروونین بەراورد بەوانەى باوەڕیان بە هێزێکی باڵا نییە.
توێژەرانی تەندروستیی گشتی لە زانکۆی پادوا لە ئیتاڵیا، داتای 21 لێکۆڵینەوەی جیهانییان کۆکردووەتەوە و شیکردنەوەیان بۆ کردووە کە لە ساڵانی 1992 بۆ 2024 بڵاوکراونەتەوە. لەو توێژینەوانەدا، کە رۆژی پێنجشەممە لە گۆڤاری زانستیی (پلۆس ئەیجینگ ئان هیڵز) بڵاوکراوەتەوە، 5,664 کەسی تەمەن 60 بۆ 104 ساڵ لە ئاسیا، ئەمریکا، ئەورووپا و ئەفریقا بەشدار بوون.
بەپێی ئەنجامەکە، پەیوەندییەکی ئەرێنی لە نێوان باوەڕداری و باشتربوونی کواڵیتی ژیاندا هەیە. بەهێزترین کاریگەری لە کیشوەری ئاسیا تۆمارکراوە، دواتر ئەفریقا و ئەمریکا، لە کاتێکدا لاوازترین پەیوەندی لە ئەورووپا بووە. ئەلێساندرە بوجا، یەکێک لە ئامادەکارانی لێکۆڵینەوەکە، هۆکاری ئەم جیاوازییەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "لە ئەورووپا رەوتی سیکۆلاریزم زیاتر زاڵە."
توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئایین و باوەڕداری جگە لە تەندروستیی دەروونی، دەتوانێت "پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، پشتیوانیی سۆزداری و چالاکیی هزری" بۆ بەساڵاچووان دابین بکات، کە ئەمانەش یارمەتیدەرن بۆ رازیبوونی زیاتر لە ژیان.
لە بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە "لایەنی رووحی" کاریگەرییەکی کەمێک زیاتری هەبووە لە "پابەندبوونی ئایینی" لەسەر کواڵیتیی ژیان. توێژەران پێیان وایە هۆکارەکەی ئەوەیە کە لایەنی رووحی ئەزموونێکی تایبەتە و مانایەک بە ژیان دەبەخشێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کەسەکە خانەنشین دەبێت و لە کارکردن دادەبڕێ=.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئامادەکارانی توێژینەوەکە جەخت دەکەنەوە لەوەى دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەکاندا بکرێ، چونکە شێوازی پێوانەکردنی باوەڕداری و کولتوورە ئایینییەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازن و ئەم پەیوەندییە بەو مانایە نییە کە باوەڕداری بە تەنیا بژێویی ژیان باشتر دەکات.
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە کاتێکدایە کە ژمارەی بەساڵاچووان لە جیهاندا بە خێرایی زیاد دەکات و بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشبینی دەکرێ تاوەکو کۆتایی حەفتاکانی ئەم سەدەیە، ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان 65 ساڵ و بەرەو سەرەوەیە بگاتە 2.2 ملیار کەس.
هاوکات رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گۆشەگیری و تەنیایی وەک "هەڕەشەیەکی تەندروستیی جیهانی" ناساندووە، بۆیە پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن بایەخدان بە لایەنی رووحی و ئایینی بخرێتە ناو پرۆگرامەکانی چاودێریکردنی بەساڵاچووانەوە.



