رووداو دیجیتاڵ
سێ بوومەلەرزە لە سنووری شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ روویدا کە گەورەترینیان 4.3 پلەی ریختەر بوو. بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە دەڵێت، هیچ زیانێکیان لێنەکەوتووەتەوە.
ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران رایگەیاند، کاژێر 22:51 خولەکی شەوی شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.6 پلەی ریختەر لە سنووری شاری خۆی، سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، روویدا.
بەگوێرەی ناوەندەکە، چەقی بوومەلەرزەکە ناوچەی فیروورەقی سەر بە خۆی بووە، بەڵام لە سەرانسەری شارەکەدا هەستی پێکراوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەی ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێراندا هاتووە، هەر لە خۆی، کاژێرەکانی 00:55 خولەک و 01:12 خولەک، دوو بوومەلەرزەی دیکە بە گوڕەکانی 4.3 پلەی ریختەر و 3.6 پلەی ریختەر روویانداوە.
هاوشێوەی پێشوو، چەقی هەردوو بوومەلەرزەکەی دیکەش فیروورەق بووە. حامید سەفاری، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانەکانی پارێزگای ورمێ، رایگەیاند، بوومەلەرزەکان هیچ زیانێکیان لێنەکەوتووەتەوە.



