رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بە فەرمی بەرپرسیارێتیی وڵاتەکەی لە هێرشە درۆنییەکەی کەناراوەکانی لیبیا راگەیاند و گوتی، لە رێگەی حەوت درۆنی دەریاییەوە کەشتییەکی جەنگیی پێشکەوتووی رووسیایان بە ناوی (مێرکوری) ژێرئاوخستووە و هێلیکۆپتەرێکی جەنگیشیان تێکشکاندووە.
رۆژی دووشەممە 23-11-2026، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، هێزەکانیان ئەو ئۆپەراسیۆنەیان لە بەرامبەر بەندەری بەنغازی لە لیبیا کردووە و گوتی: "دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا حەوت درۆنی دەریایی دروستکراوی نێوخۆی ئۆکراینای بۆ ژێرئاوخستنی کەشتیی جەنگیی رووسی (مێرکوری) بەکارهێناوە و سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی دووژمن بۆ بەرپەرچدانەوەیان، کەشتییەکە ژێرئاوخرا."
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش کرد، لە هێرشەکەدا هێلیکۆپتەرێکی جەنگی لە جۆری (Ka-27) لەگەڵ کەشتییە رووسییەکەدا تێکشکێندراوە.
زیلینسکی باسی لەوەش کرد، کەشتیی (مێرکوری) یەکێک بووە لە نوێترین کەشتییە جەنگییەکانی رووسیا کە لە ساڵی 2023 و لە کاتی جەنگدا خرابووە خزمەتەوە؛ ئۆپەراسیۆنەکەشی بە "ئۆپەراسیۆنێکی نموونەیی ئۆکراینا لە وەڵامی جەنگەکەی رووسیا" ناوزەد کرد و سوپاسی دەزگای ئاسایش و هێزەکانی بەرگریی وڵاتەکەی کرد.
هاوکات دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا گرتەی ڤیدیۆیی ساتی پێکانی کەشتییە رووسییەکانی لە رێگەی درۆنە دەریاییەکانەوە بڵاوکردەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دەکات
پێشتر نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی لە هێرشی درۆنی بۆ سەر دوو کەشتی لە کەناراوەکانی لیبیا کردبوو. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لیبیا (UNSMIL) لە ئێکس نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هێرشەکانی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بۆ سەر دوو کەشتی لە نزیک بەندەری بەنغازی دەربڕی و داوای "لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ، سەربەخۆ و شەفاف"ـی کرد.
نێردەکە هۆشدارییشی داوە، "لیبیا بەرگەی ئەوە ناگرێت و نابێت ببێتە گۆڕەپانی جەنگە بیانییەکان."
بەرپرسانی لیبیا رایانگەیاندبوو، کەشتییەکی رووسی و کەشتییەکی دیکەی بازرگانی کە ئاڵای ماڵتای لەسەر بووە، لەلایەن درۆنی دەریایی بۆمبڕێژکراوەوە کراونەتە ئامانج، بەڵام سەرجەم تیمی کەشتیوانەکان رزگار کراون و بەهۆی برینی سووکەوە چارەسەری پزیشکییان بۆ کراوە. میدیای لیبیاش بڵاویکردەوە، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکان زیاتر لە 12 درۆنی دەریایی بۆمبڕێژکراویان لە نزیک بەنغازی تێکشکاندووە.
هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای لیبیا
ئیدارەی رۆژهەڵاتی لیبیا کە لەلایەن خەلیفە حەفتەرەوە پشتیوانی دەکرێت، لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە، تەقینەوەکە لە نێو کەشتییەکی رووسیدا روویداوە کە لە بەندەرەکەدا لەنگەری گرتبوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کەشتییەکە لە رێگەی گەڕانەوە بووە بۆ رووسیا و تەنیا بۆ پڕکردنەوەی سووتەمەنی و پێداویستی وەستابوو."
دەسەڵاتدارانی رۆژهەڵاتی لیبیا ئاماژەیان بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ رووسیا دەستپێدەکەن و رایانگەیاندووە، لیبیا "لایەنێک نییە لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا."
لە بەرامبەردا، حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی لە تەرابلوس بە سەرۆکایەتیی عەبدولحەمید دەبیبە، نیگەرانیی خۆی لە بەکارهێنانی بەندەر و دامەزراوە سڤیلەکان لە چالاکییەکانی پەیوەست بە جەنگە دەرەکییەکان دەربڕی و رایگەیاند، هەموو هەوڵێک بۆ گۆڕینی لیبیا بۆ "گۆڕەپانی جەنگە نێودەوڵەتییەکان" رەتدەکەنەوە.



