کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

وێنەی رائید ئەحمەد. وێنەگر: نیهاد تۆفیق

وێنەی رائید ئەحمەد. وێنەگر: نیهاد تۆفیق

کولتوور

رائید ئەحمەد تیرێژی دڵی بەخشیبووە نیشتمان و مرۆڤەکانی

سیروان رەحیم

سیروان رەحیم

23-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
سیروان رەحیم
سیروان رەحیم23-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

ئۆکراینا خەڵاتی جیهانی ئازاد بە هەڵکەوت مستەفا دەبەخشێت
کولتوور 21-11-2026

ئۆکراینا خەڵاتی جیهانی ئازاد بە هەڵکەوت مستەفا دەبەخشێت

سێ فیلم لە هەولێر نمایش دەکرێت
کولتوور 16-11-2026

سێ فیلم لە هەولێر نمایش دەکرێت

لە سەقز پێشانگەی خۆشنووسیی (ناڵەی جودایی) کرایەوە
کولتوور 28-10-2026

لە سەقز پێشانگەی خۆشنووسیی (ناڵەی جودایی) کرایەوە

ئێوارەیەکی درەنگی کۆتایی هەشتاکانە، ئێوارەیەکی باراناوی، شوێن یانە بچکۆلانەکەی چەمچەماڵە. رائید ئەحمەد دانیشتووە، تەنیاباڵ دانیشتووە و بیرە دەخواتەوە، وەکو خۆی دەیگوت، حەزی لە خواردنەوە نەبوو، بەڵام دەردی کورد و برینەکانی کوردستان وای کردبوو دڵی خەمگینی پێویستی بە خواردنەوەی رووحی هەبێت.


"رائید" ئەحمەد خۆی حەزی بەم ناوە نەدەکرد، هەرچەندە دەیزانی ئەوە خۆشەویستییە وای کردووە خەڵکەکە بەو ناوەوە بانگی بکەن. خۆی کوڕی پیاوێکی پینەدۆز بوو، ناوە گەلێرییەکەی ئەحەی تەقەڵقەوی بوو. دەیگوت، هیچ نەبێت پێم بڵێن کاکە ئەحە، بەڵام باوکی خۆیشم زۆر خۆشدەویست بۆیە ناسناوی تەقەڵقەویشم لا شیرینە. ناوی باوی رائید ئەحمەد کاکە ئەحە بوو لەسەر زاری خەڵکی شارەکە.


رائید ئەحمەد پیاوێکی پتەو بوو، باڵابەرز و چوارشانە، ئەسمەرێکی یەکجار تۆخ، سمێڵ و چاوی رەش، قژێکی پڕ و تاریک وایان کردبوو دیمەنێکی ترسناکی هەبێت، دیمەنێک مرۆڤ نەیناسیبا خۆی لێ لادەدا، بەڵام لە ناوەوە، لە خەسڵەت و لە هەڵسوکەتیدا میهرەبان، نەرم و هێمن بوو.


ئێمە کۆمەڵێک لاوی پڕهیوا بووین، ئەو ساڵانە ناوەندی ئەدەبیات و هونەرمان دامەزراندبوو، زۆر چالاکبووین، بەردەوام بەرهەممان هەبوو. رائید بۆ هەموو کارەکانی ئێمە دەهات و ئامادە دەبوو، بۆ شانۆییەکانمان، بۆ کۆڕە ئەدەبییەکانمان، بۆ پێشانگای شێوەکاری و هتد، خۆی دەیگوت: ئێوە بەو کارانە کوردایەتیی من پتەوتر دەکەن.


لەو یانە چکۆلەیەدا، لەو ئێوارە درەنگەدا، ئێوارەیەکی بارگاوی بە باڕێزە دوو گەنجی خوێنگەرمی بێئەزموون، دوو لاو کاتێک گوێیان لە ناوی رائید ئەحمەد دەبێت، "کوردایەتی" هانیان دەدات و هێرشی دەکەنە سەر و لێی دەدەن. رائید ئەحمەد کە دەزانێت لاوەکان بۆچی لێی دەدەن بێدەنگ و بێ کاردانەوە دەبێت.


یەکێک لە لاوەکان جنێوبارانی دەکات بە کوردی و ئەوی دیکەیش هاوار دەکات؛ "داگیرکەری دزێو، لێرەیش دەستبەردارمان نابن، ناهێڵن لێرەیش قومێ بیرە نۆش بکەین یان غەرغەرەیەک بە ئارەق بکەین، ناهێڵن بێ دەموچاوی دزێوتان تەنانەت مەییش بخۆینەوە؟"


لاوەکان وایاندەزانی هۆکاری بێدەنگی و کارنەدانەوە ئازایی ئەوان و ترسنۆکی رائیدە، نەیاندەزانی رائید هەڵگری پرەنسیپێکە پەیوەندی بە کوردایەتی و برینی نیشتمانەکەوە هەیە، برینێک لە دەردەکوردەوە، لە شەڕی براکانەوە و لە خۆخۆرییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوان نەیاندەزانی رائید ئەحمەد چ پرەنسیپێکی هەس. پرەنسیپەکەی رائید وەکوی خۆی بەردەوام بەیانی دەکرد: "ناتوانم دەست لە منداڵێکی کوردیش بەرز بکەمەوە". ناتوانم شەڕی کورد بکەم. بەو هیوایەوە دەژیا کورد شەڕی یەک نەکەن و گڕ لە خەرمانی یەکتر بەرنەدەن.


رائید زۆر جار بە شێوازی قسەکردن و دەربڕینی خۆی دەیگوت: مرۆڤ تەنیا دەبێت لەگەڵ فاشی و داگیرکەراندا شەڕ بکات، دەنا وەکو تر شەڕ هی مرۆڤ نییە، مرۆڤ چۆن دەتوانێ شەڕ بکات؟ بەتایبەتی شەڕ لەگەڵ هاوماڵ و هاوخوێنی خۆت، یان لەگەڵ مرۆڤێک بە دڵاوایی و خۆشەویستییەوە لە بن هەمان ئاسمان لەگەڵت دەژی، ئیتر رەنگ و دەنگ و ناسنامەی هەرچییەکە، نابێت شەڕی لەدژ بکرێت و ئازار بدرێت. من ناتوانم دەست لە منداڵێکیش بەرز بکەمەوە و شەڕی لەگەڵ بکەم.


فەرمانگەی ئاسایشی ئەو دەمی چەمچەماڵ، شوێنێکی ترسناک بوو، هەر هەموو مرۆڤی تاوانکاری بەعسی و داگیرکەر بوون، یانەکە لە پاڵ ئەو فەرمانگەی ئاسایشەدا بوو. "ئەمنەکان" زەنگ لێدەدەن بۆ فەرماندەی لیوای سەربازی چەمچەماڵ. هەواڵیان دەدەنێ کە رائیدێک لە یانەکە خەریکی خواردنەوەیە، دوو لاوی شارەکە خەڵتانیان کردووە لە خوێن، ئەویش هیچ کاردانەوەیەکی نییە و لە ترسا نوزەی لێبڕاوە. "ئەمنەکان" دەڵێن: رائید ئەوەندەی خواردۆتەوە بەدمەست و پەرێشانە بووە، لەم ساتەدا لە دنیا دابڕاوە. دیارە "ئەمنەکان" لە پرەنسیپی رائید بێئاگا بوون.


فەرماندەی لیوای چەمچەماڵ بە بیستنی هەواڵەکە گڕ دەگرێت و گرووپێکی سەرباز دەنێرێت هەم رائید لە بن چنگی کوردە سەرەڕۆکان دەربهێنن و هەم بە پەلبەستکراوی بیهێنن و بیخەنە زیندانی لیواوە تاوەکو سبەی لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات کە چۆن رائیدی لەشکری سەربەرزی عێراق بەو شێوەیە دەچێت لە ناو نەیاراندا دەخواتەوە و خۆی بە تێهەڵدانیش دەدات، بەڵام فەرماندە مۆڵەتی تەقە بە سەربازەکان نادات، "خەڵکی ئەم شارە خۆی لە خۆشی و ناخۆشیدا حەز لە تەقە دەکات، جا ئێمە دەستپێشخەر بین، لەوەیە دۆخەکە لە دەستمان دەربچێت، بۆیە گەر رائید ملی نەدا، بێ تەقە و بە شەق و تێهەڵدان بیهێنن"، ئەوە دوا فەرمانی فەرماندە بوو کە بە ئاوازی سەرلەشکرێکی بەهێزەوە قسەکانی دەکرد و سەربازەکانیش سڵاوی سەربازیان بۆ کرد و لە بنکەی لیواکە هاتنە دەرێ.


ئێوارەیەکی تاریکە و شێلو دەبارێت. سەربازەکانی دەوڵەت زراویان لە شەوی شارەکە دەچوو، جا شەوێکیش تەڕ و تووش با بۆ ئەوان ترسناکتر دەبوو، پێنج لە سەربازەکان بەرەو ناو یانەکە دەچن تاوەکو رائید پەلبەست بکەن، ئەوانی دیکەیان لە دەرێ تەناهی دەپارێزن و ئامادەباشانە دەمێننەوە. رائید زمانی عەرەبی نەدەزانی، داوا لە سەربازەکان دەکات هێرشی بۆ نەکەن، ئەوان لێی حاڵی نابن و بڕیاری هێرشەکەیان پێیە و ناچارن جێبەجێی بکەن، کاتێک رائید دەزانێت ئەو سەربازانە بۆ ئەو هاتوون و داواکەی بە هەند وەرناگرن وەکو پڵنگ رادەپەڕێت، لە چەند خولەکێکدا هەر پێنجیان لوول دەکات. سەربازەکان، بەشێک لە دانیشتووانی یانەکە و دوو لاوەکە شۆک دەبن، کەس باوەڕ بە چاوی خۆی ناکات. کەسانێک کە لەوێ دانیشتن و دەیانەوێ کەش بگۆڕن دەستبەرداری مێزەکانیان دەبن و بەرەو دەرێ هەڵدێن، بەر لە هەموو کەسێک دوو لاوەکە خۆیان دەشارنەوە و بەرەو دەرێ رادەکەن. وا حاڵی دەبن رائید درەنگ بۆ شەڕ گەرم دەبێت. زۆر دەترسن نۆرەی ئەوانیش بێت و رائید پاشتر تۆڵەیان لێبکاتەوە. دیارە ئاشنای "پرەنسیپەکەی" رائید نین.


سەربازەکان بە سەری شکاوەوە دەچنە دەرێ و هانا بۆ هاوکارەکانیان دەبەن. رائید بە تەنیا و بەپێی خۆی بەرەو بنکەی سەربازیی لیوای چەمچەماڵ دەچێت و داوا دەکات بیبەنە لای فەرماندەکە، کاتێک فەرماندە رائید دەبینێت شۆک دەبێت. فەرماندەکە بەر لە هەموو شتێک بەوە شۆک کە رائید زمانی عەرەبی نازانێت. رائید بەهۆی کوردێکەوە فەرماندەکە حاڵی دەکات کە سەربازەکانی ویستوویانە بێهۆ و هۆکار دەستبەسەری بکەن، ئەمیش تکای لێکردوون پەلاماری نەدەن، بەڵام ئەوان هێرشیان بۆ کردووە و ئەمیش ناچار بووە بەرگری لە خۆی بکات.


فەرماندە عەرەبەکە دەڵێت: ئێستا هەموو شتەکان بە لایەک، یەک پرسیاریش بە لایەک؛ بۆچی بە تۆ دەڵێن رائید؟ ئایا رائید بوویتە لە لەشکردا؟


رائید: نەخێر خەڵکی شارەکە لە خۆشەویستی خۆیان وا بانگم دەکەن، دەنا من خۆم حەزم لەو ناوە نییە، پلەیەکە خەڵکەکە بە منیان بەخشیوە و خۆم حەزی پێناکەم. حەزم لێیە هەر بە ئەحەی تەقەڵقەوی بانگم بکەن.


دەگوترێت: فەرماندە زۆر هەوڵی داوە ناوەکەی وەکو خۆی بڵێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دەمی بەیەکدا هاتووە و زمانی گیری کردووە. جەخار رائید لە رووداوێکی زۆر خەمگیندا، لە شەوێکدا بێدەنگ و چاو چاو نەبیندا بە گوللـەی وێڵی کورد کوژرا.


هەندێک مرۆڤ هەن، بە هێمنی بە رێڕەوەکانی ژیاندا دەڕۆن، بە هێزن، بە شێوازی خۆیان بەهێزن، هەنگاو دەنێن و ژاوەژاو دروست ناکەن. کاتێک بیر لە رائید دەکەمەوە، قارەمانێکی بێدەنگ دێتە بەر دیدەم، قارەمانێک لە دیوی دەرەوە نا، قارەمانێتی نمایش نەدەکرد، بەڵکو هەستێکی پڕ متمانەی دەدایە دەوروبەرەکەی، بەڵام لە ناوەوەیدا قارەمانێکی ئارامیش هەبوو. قارەمانێک، هەمیشە دەیتوانی بەرانبەر بە داگیرکەر دەرپەڕێت و فریشکی بخات. لە رۆژگارێکدا کە هێز مانەوەی مسۆگەر دەکرد و هێز چەکێکی هەرە کاریگەر بوو بۆ پێشاندان و نمایش، رۆژگارێکی پڕ لە رەشەبا، تەنیا بە هێزەکان رەشەبا نەیدەخستن، لەو رۆژگارەدا رائید ناسک و میهرەبان هەنگاوی دەنا، بۆنی دڵنیایی دەپرژاند و تیرێژی دڵی دەبەخشی بە شارەکە و رێبوارەکانی. میهرەبانییەکەی گەمژەیی نەبوو، گەمژەییەک بارگاویی بێت بە رێزگرتنی درۆ و ریایی. ئەو لە دڵەوە میهرەبان بوو، خاک و نەتەوەکەی خۆی خۆش دەویست، تەنانەت گەر بووبان بە مایەی زیانیشی.


جەخار لە شەوێکی زۆر خەمگین و بە غەدرێکی یەکجار تاڵ کۆتایی بە ژیانی هات، بەڵام شێوازی ژیانی، هەڵوێستی، میهرەبانی، تێگەیشتنی بۆ پێکەوەژیان، دەستەبەرکردنی ئاسمانێکی ساماڵ بۆ نەتەوەکەی، شوێنەوارێکی کەسکی لە دڵی ئەوانەدا هێشتەوە کە ناسیان.


ئێستا و بەردەوام کاتێک یادی ئەحەی تەقەڵقەوی دەکەمەوە، خۆزگە دەخوازم سیاسیگەلی نیشتمانی ئێمە لەبارەی ئەم مرۆڤانەوە لێکۆڵینەوە بکەن، لێکۆڵینەوە بە ئامانجی ئەوەی فێربن کوردایەتی و هەستی مرۆڤانەی خاوێن چلۆن وەدەست دێن، یان مرۆڤ چ جۆرێک فێر دەبێت سیاسەتیش بکات و نەبێت بە مایەی ئازاردانی گەل و نەتەوەکەی، نەبێت بە هۆکاری زیانگەیاندن بە هاووڵاتییان و نەبێت بە تەنێکی دزێو.


بابەتی پەیوەندیدار

ئۆکراینا خەڵاتی جیهانی ئازاد بە هەڵکەوت مستەفا دەبەخشێت
کولتوور 21-11-2026

ئۆکراینا خەڵاتی جیهانی ئازاد بە هەڵکەوت مستەفا دەبەخشێت

سێ فیلم لە هەولێر نمایش دەکرێت
کولتوور 16-11-2026

سێ فیلم لە هەولێر نمایش دەکرێت

لە سەقز پێشانگەی خۆشنووسیی (ناڵەی جودایی) کرایەوە
کولتوور 28-10-2026

لە سەقز پێشانگەی خۆشنووسیی (ناڵەی جودایی) کرایەوە

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە