هاوڕێ تۆفیق
دەستووری عێراق روون و ئاشکرایە بەگوێرەی مادەی (1)، سیستمی حوکم کۆماریی پەرلەمانی فیدراڵییە. بەپێی مادەی (116) سیستمی بەڕێوەبردن لامەرکەزییە و پێکهاتووە لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکان و هەرێمەکان. قەوارەی هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی دەستوورییە و مادەی (117) بڕگەی یەکەمی دەستوور رەوایەتیی دەستووریی پێداوە و دەڵێت، (ئەم دەستوورە، لە کاتی جێبەجێبوونیەوە، هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی ئێستای وەک هەرێمێکی فیدراڵی بە فەرمی دەناسێت). ئەم پێشەکییە بۆ روونکردنەوەی راستییەکە، کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی شەرعیی دانپێدانراوە. بوونی گەندەڵی پاساو نییە بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتی دەستووری، هەروەکو چۆن بوونی گەندەڵی لە دەسەڵاتی فیدراڵی هۆیەک نییە بۆ رەتکردنەوەی چەتری دەستووری.
کێشەیەکی جەوهەری لە دەوڵەتی عێراقدا وەکو عورفێکی نادەستووریی پەیدا بووە، ئەویش گۆڕینی ئەرک و دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ سەرۆکی وەزیران. بێگومان لە دەستووری عێراقدا بە هیچ شێوەیەک دەستەواژەی سەرۆکی وەزیران لە هیچ مادەیەکی دەستووردا بوونی نییە! بەڵکو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە! ئەم دوو دەستەواژەیە بابەتێکی زمانەوانی نییە، بەڵکو جیاوازیی ئەرک و دەسەڵاتی پسپۆڕییە. بەگوێرەی مادەی (66)ی دەستوور دەسەڵاتی جێبەجێکردن دوانییە، لە دوو بەش پێکهاتووە، ئەوانیش سەرۆککۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران. بەگوێرەی دەستوور سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە و دەبێت بڕیارەکان بە دەنگدانی زۆرینە و بە کۆمەڵ بن، نەک بڕیاری تاکە کەسی. ئەمەش بۆ رێگەگرتنە لە تاکڕەوی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەستووری و یاسایی، بەڵام بەهۆی سیاسی و قۆناغ بە قۆناغ بە کردەوە بە پێچەوانەی ئیرادەی دەستوورەوە ماوەی دەیان ساڵە رۆڵی ئەنجوومەنی وەزیران لە زۆر بڕیاری گرنگ کەم کراوەتەوە، هەر لە راسپاردنی پلە باڵاکان و پلەی سەربازی و هەواڵگری تاوەکو زۆر بابەتی دیکە.
بۆ روونکردنەوەی زیاتر، هەر بەگوێرەی دەستوور دامەزراندنی پلە باڵاکانی دەوڵەت بریکاری وەزیر، سەرۆکی دەستەکان، بانکی ناوەندی، هەواڵگری، دەروازەی سنووری، فەریقی سەربازی و زۆر پلەی دیکە، دەبێت لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگدانی بۆ بکرێت، پاشان بنێردرێت بۆ پەرلەمان بە دەنگدانی زۆرینە متمانەی پێ بدرێت، پاشان سەرۆکی کۆمار مەرسومی کۆماریی بۆ واژۆ بکات، بەڵام وەکو دەبینین دەسەڵاتەکان زیاتر لە دەستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیراندایە. بەگوێرەی مادەی (61)ی دەستوور بڕگەی شەشەم (ب) یەکەم دەسەڵاتی بە سەرۆکی کۆمار بەخشیوە پێشنیازی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەرلەمان بکات، بەڵام مەرجدارە تاوەکو پێشنیازنامەکە پەسند بکەن، دەبێت بە دەنگدانی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان متمانەی لێ وەربگرنەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لاببەن. بێگومان راستییەک هەیە دەبێت پارێزگاریی لێ بکرێت. پابەندبوون بە دەستوور و کارکردن لە چوارچێوەی ژیانی دەستووریدا رێگا راستەکەیە. دیالۆگی نیشتمانی لە ژێر چەتری دەستووردا تاکە رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.



