رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی سێتاقانی خواروو لە هەولێر گلەیی لە گرتنی شۆستەکان لەلایەن دووکاندارانی فرۆشیاری فافۆن و ئەلەمنیۆمەوە دەکەن و دەڵێن منداڵەکانیان ناچار دەبن بەنێو شەقامدا بڕۆن؛ لە بەرامبەردا، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک رایدەگەیێنێت، رۆژانە بەدواداچوون دەکەن و هەر دووکاندارێک پابەند نەبێت، ئاگادار دەکرێتەوە و سزا دەدرێت.
ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکی سێتاقان لە شاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو ئاماژەیان بەوە کرد کە شۆستەکانی شەقامی فرۆشیارانی فافۆن و ئەلەمنیۆم بە کەلوپەل و کاڵا گیراون، بەو هۆیەوە لە کاتی هاتووچۆ و گەڕانەوەی قوتابییان لە قوتابخانە، ناچار دەبن بەنێو شەقامەکەدا بڕۆن و مەترسییان لەسەر دروست دەبێت.
سەبارەت بەم گلەییانە، ئەندازیار سەنگەر محەممەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەکی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو روونی کردەوە کە تیمەکانیان بە شێوەیەکی بەردەوام لەنێو بازاڕ و سنووری شارەوانییەکەدا چاودێری دەکەن و جەختی کردەوە: "ئەو شوێنانە بەردەوام چاودێری دەکرێن و ئەو دووکاندارانەی پابەندی رێنماییەکان نابن، ئاگادار دەکرێنەوە."
بەڕێوەبەری شارەوانیی یەکی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران هەیە و گوتی: "رۆژانە چاودێریی دەوروبەری بازاڕەکان دەکەین و ئاگادارییان دەکەینەوە؛ هەر کەسێک پابەند نەبێت، ئاگادارکردنەوەی پێدەدرێت و دواتر پێبژاردن و سزای دارایی دەدرێت."



