رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەیەکی تایبەت بە "کتێبی کوردی" لە هەولێر دەکرێتەوە؛ بەڕێوەبەر و خاوەنی بیرۆکەکە دەڵێت: "بەهۆی پێویستی و گرنگیی بیرۆکەکە، لە ئاستی باڵای سیاسی و حکومیی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتییەکی بێوێنەی کرا."
رۆژی سێشەممە 26-5-2026 رێبین فەتاح، بەڕێوەبەری ماڵی وەفایی لە هەولێر بە رووداوی گوت: "بەگوێرەی گرێبەستێک لەنێوان پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ماڵی وەفایی، لە رۆژانی 4 تاوەکو 10-6-2026، یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی، لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەکرێتەوە."
لە کاتێکدا ساڵانە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەکرێتەوە، بەڕێوەبەرەی ماڵی وەفایی پێشنیازی کردووە، پێشانگەیەکی تایبەت بە کتێبی کوردی بکرێتەوە.
رێبین فەتاح دەڵێت: "پێشانگەی کتێبی کوردی دەبێتە یەکێک لە ئەزموونە هاوشێوەکانی پێشانگە نیشتمانییەکان کە لە زۆر وڵاتدا وەک نەریتێکی ساڵانە لە پاڵ پێشانگە نێودەوڵەتییەکاندا، لە کات و مەودای جیاوازدا بەڕێوەدەچن. ئەم جۆرە پێشانگەیە، هەوڵ دەدات ناسنامەی زمانی، فەرهەنگی و بەرهەمی نێوخۆیی بپارێزن و پەرەی پێبدەن."
جیاوازیی سەرەکی لە نێوان پێشانگەی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا لە بەشداربووان و نێوەرۆکدایە؛ پێشانگەی نیشتمانی تەنیا تایبەتە بە وەشانخانە و بەرهەمەکانی نێوخۆی وڵات و ئامانجی خستنەڕووی دەستکەوتە ناوخۆییەکانە؛ بەڵام پێشانگەی نێودەوڵەتی بەشداریی وڵاتانی جیاواز و کۆمپانیا بیانییەکانی تێدایە، کە تێیدا ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و بازرگانی لەسەر ئاستێکی فراوانتر و بە پێوەرە جیهانییەکان دەکرێت.
لەبارەی ئامانجی پێشانگەی کتێبی کوردییەوە، رێبین فەتاح دەڵێت: "زیاتر لە 100 وەشانخانەی نێوخۆ بەشداری دەکەن؛ دەمانەوێ پشتگیریی بەرهەمی نێوخۆ بکەین و وەک پیشەسازییەکی سەربەخۆی رۆشنبیری بیناسێنین."
رێبین فەتاح دەشڵێت، "ئەم پێشانگەیە، تەنیا ناوەندێک نییە بۆ نمایشکردنی کتێب، بەڵکو پانتاییەکە بۆ کۆبوونەوەی دەزگاکانی چاپ و پەخش، چاپخانەکان، بڵاوکەرەوەکان، نووسەر و خوێنەرانی کورد، بە ئامانجی دروستکردنی تۆڕێکی پەیوەندی و هاوکاری نوێ لە بواری وەشاندا."
نموونەی ئەو جۆرە پێشانگەیە لە عێراق و وڵاتانی ئەورووپی زۆرن؛ ساڵانە لە عێراقدا پێشانگەی نیشتمانیی عێراقی دەکرێتەوە؛ هاوکات پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ کتێبیش. ئەڵمانیا بە هەردوو شێوازەکە پێشانگە رێکدەخات؛ نموونەی نێودەوڵەتی "پێشانگەی فرانکفۆرت"ە کە گەورەترین ناوەندی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کتێبە لەسەر ئاستی جیهاندا؛ لە بەرامبەردا "پێشانگەی نۆرمبێرگ" زیاتر وەک پێشانگەیەکی نیشتمانی دەردەکەوێت کە جەختی سەرەکی لەسەر گەشەپێدانی ئەدەبیاتی ئەڵمانی و دروستکردنی پەیوەندیی نێوان نووسەر و خوێنەری نێوخۆییە.
بەڕێوەبەری ماڵی وەفایی روونیکردەوە، "پێشانگەی کتێبی کوردی پێشوازی لە فرەیی زمان و کولتووری هەرێمی کوردستان دەکات؛ خستنەڕووی ئەو بەرهەمە چاپکراوانەی لەلایەن دەزگا و ناوەندە کوردییەکانەوە بە زمانە جیاوازەکان بڵاو دەکرێنەوە. ئینجا ناوەندەکان لە نێوخۆ بن یان دەرەوە."
رێبین فەتاح ئاماژەی بەوەشدا، ئەم پێشانگەیە هەوڵێکیشە بۆ بەهێزکردنی پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی، تەنیا رووداوێکی کاتی نییە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و بناخەیەکە بۆ چالاکییەکی ساڵانەی بەردەوام کە گیانێکی نوێ بە جەستەی خوێندنەوە و رۆشنبیریدا دەکاتەوە.
