رووداو-هەولێر
هەڵبەستڤانی كورد، جان ئیبراهیم، نوێترین كتێبی شیعری خۆی لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان چاپ كرد و هەر لەوێش لە پێشانگای كتێب، بە واژۆی خۆی پێشكەشی خوێنەرانی كرد.
هەرچەندە جان ئیبراهیم لەژێر كاریگەری هەڵبەستڤانانی كلاسیكی كورد بە تایبەتی بێ بوهار- دا دەستی بە نووسینی شیعر كردووە، بەڵام ئەو هەوڵدەدات هەڵبەستی مۆدێرن بنووسێ و رێچكەیەكی تایبەت بەخۆی لە شیعرنووسیندا بدۆزێتەوە.
پەرتووكەكەی جان ئیبراهیم بەناوی (لۆرین)ـە و لە 128 لاپەڕە پێكدێ و 10 هەڵبەستی كورت و درێژی تێدایە. نووسەری كورد كۆنێ رەش پێشەكییەكی بۆ پەرتووكەكە نووسیوە و دەڵێت: "هەڵبەستەكانی جان ئیبراهیم بە نوێگەرییەكی سەرنجڕاكێش نووسراون، كەمتر نین لە شیعری نوێگەری دراوسێكانمان: عەرەب و تورك و فارس. بەڵام هەڵبەستەكانی ئەو سادەن و بە وشەی كوردی رەسەن و واتادار نووسراون".
جان ئیبراهیم لە ساڵی 1969 لە گوندی قەراچێ شێخان لە كۆبانێ لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە رەققە تەواو كردووە، لە ساڵی 1988ـەوە دەستی بە نووسینی شیعر كردووە. دیوانی لۆرین یەكەمین بەرهەمیەتی.


