رووداو - سلێمانی
وەزارەتی رۆشنبیری عێراق بەفەرمی بانگهێشتی گرووپێکی میوزیکی کوردستان دەکات و وەک نوێنەری عێراق و هەرێمی کوردستان دیارییان دەکات تاوەکو بەشداری لە فێستیڤاڵە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بکەن.
نزار زێوەیی، سەرپەرشتیاری گرووپی میوزیکی لوڕ بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: وەزارەتی رۆشنبیریی عێراق بەفەرمی بانگهێشتی کردووین بۆ بەغدا، بۆ بەشداری هەفتەی رۆشنبیریی کورد لە گۆڕەپانی بۆنەکانی بەغدا کە تێیدا کۆنسێرتێک ئەنجامدەدەین.
بە گوتەی نزار زێوەیی، گرووپەکە لەلایەن وەزیری رۆشنبیرییەوە دەستنیشانکراون وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان و عێراق، لەمەودوا لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بەشداریی دەکەن.
سەرپەرشتیاری گرووپی میوزیکی لوڕ ئەو نوێنەرایەتییە بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ کورد ناودەبات. ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆنسێرتێک لە شانۆی نیشتمانی بەغدا سازبکەن.
گرووپی موزیكی لوڕ ساڵی 2008 لە شاری سلێمانی دامەزراوە و لە 11 ئەندام پێكهاتووە و خاوەنی ستۆدیۆی خۆیانن.



