ئەم دوو دەوڵەتە شەڕیان نییە و شەڕیش ناکەن، بەڵکو یەکتر بەکاردەھێنن بۆ وەدەستهێنانی پێگەی بەھێزتر بۆ ئەمڕۆ و ئایندەی خۆیان، فەرەنسا ھەموو توانای خۆی دەخاتەکار بۆئەوەی بۆشایی بەریتانیا پڕبکاتەوە و سەرکردایەتیی یەکێتیی ئەوروپا بکات و، وەکو ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئاسایش و خاوەنی چەکی ئەتۆمی رۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت، ھەروەھا دەیەوێت وەکو پارێزەرێکی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خۆی نمایش بکات و رۆڵ ببینێت. بۆئەوەی ئەم ستراتیج و پەیامە بەباشی و بەپەلە و تۆکمەیی بگات، دەبێت پاساوەکانی بۆ گەلی خۆی و ئەوروپا و جیهان بخاتەڕوو، پاساوەکانیشی تاوەکو ئێستا بریتیبووە لە ھێرشکردنە سەر ئیسلامی سیاسی و دواتر بۆسەر پیرۆزیەکانی ئیسلام ناڕاستەوخۆ بەناوی ئازادییەوە، ھەروەھا پاساوێکی دیکەی ئەوەیە کە فەرەنسا داھێنەر و پارێزەری لائیکیەت و عەلمانیەتە و رێگانادات بەناوی ئاینەوە یان لەپاڵ ئایندا لائیکیەت و عەلمانیەت کز و لاوازبکرێت، بۆئەوەی بتوانێت پلان و ستراتیجەکەی بگەیەنێتە ئامانج پێویستی بەوەیە لەگەڵ تورکیا گەمەکە گەرمبکات، لەبەرئەوەی تورکیاش موشتەرییەکی باش و ئامادەیە بۆ ئەو شەڕ و یاری و نمایشە، دواجار ماکرۆن وەکو سەرکردە دەچێتە شەڕی ئەردۆغان و لە کەناڵی ئەو شەڕەوە زۆرترین فۆکەسی دەکەوێتە سەر و دەبێتە سەرکردەیەکی خاوەن پرس و خاوەن ھەڵوێست، لە بەرانبەردا ئەردۆغان ھەلەکە دەقۆزێتەوە بە وتارە زیرەکانە و عاتیفیەکانی دونیای ئیسلامی و گەلانی ئیسلامی و پارت و رێکخراوە ئیسلامیەکان گەرم دەکات و ھەمووی دێنێتە دەنگ و کارێک دەکات کە ھەرکەس بە دەنگی بەرز دیفاع لە ئیسلام و پیرۆزیەکان نەکات، ئەوە بێهەڵوێستە و بێ وەفایە بەرانبەر دینەکەی و پێغەمبەر (د. خ) و سەرکردەکەی، دواجار بە ھەردوولاوە جیهان گەرم و سەرقاڵ دەکەن بەخۆیانەوە و دەبنە دوو سەرکردەی خاوەن پرس و خاوەن دۆز و بە زمانی مێژوو ئەمڕۆ و ئایندە گەمەکە گەورە و گەرم دەکەن و بەشێک لە دونیای ئیسلام و رۆژئاوا دەکەنە دوو بەرەوە، زۆر بە جوانی و بەرچاوڕوونی ئیدارەی رەوتی ئەو کەشتیە دەکەن کە دەریایەکی پڕ شەپۆلیان بۆ دروستکردووە، ئەم دوو دەوڵەتە لەم ساتەوەختەدا و لەم کاتی قەیرانی ئابووری و کۆرۆنا قووڵەدا ھیچکامیان موشتەریی شەڕی سەربازی و ئابووری نین و ئەو زەرەرە گەورە لە خۆیان نادەن، بە پێچەوانەوە، ھەردووکیان جوان بەکاریدەھێنن بۆ بەھێزکردنی پێگەی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەری و میدیایی.
فەرەنسا و تورکیا باش بۆیان رەخساوە و بۆیان لواوە ئەم رۆڵە ببینن، تورکیا لەبەرئەوەی ئێستا بەھێزترین دەوڵەتی ئیسلامی و ناچەییە و ئەردۆغانیش وا دونیای راھێناوە کە لە ھەموو کەیسە گەورە و قورسەکاندا لەپێشەوەبێت و پەیامە گەورەکەش ئەوەیە کە جیهانی ئیسلامی بێ سەرکردە و سەرمەشقە و مەرکەزیەتی لەدەستداوە و جیهان و ئوممەتی ئیسلامی پێویستی بە مەرکەزیەتە، بۆئەوەی بە یەک روئیە و ستراتیج مامەڵە لەگەڵ رۆژئاوا و دونیا بکات، لە ھەمان کاتدا رۆژئاوا وەکو سامۆئیل ھنتگتۆن دەڵێت، پێویستی بەوەیە بزانێت لەگەڵ کێ مامەڵە بکات، ئەگینا ئاشتیی جیهانی و ناوچەیی لە قەیرانی بەردەوامدا دەمێنێتەوە و قووڵتر و دژوارتر دەبێت، ئەم تێگەیشتن و روئیەی ھنتگتۆن لە بەرژەوەندیی تورکیا و ئەردۆغانە و باش لێی سوودمەند دەبن.
فەرەنساش ئەم ھەلە دەقۆزێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆی فەرەنسا و رابەرایەتیکردنی ئەوروپایەکی لاواز لە بەرانبەر ئەمریکایەکی خاوەن ھەژموون و چینێکی خاوەن ئابووری و تەکنۆلۆژیی بەھێز، گەشتنەوەی فەرەنسا بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەناوی دیفاعکردن لە دەوڵەت و سیادە و سەرکردەکانیەوە دژ بە ھەژموونی تورکیا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەگەری دەستکەوتی ئابووری و سیاسیی گەورەی ئایندەیی ھەیە بۆ فەرەنسا.
ئەم شەڕە چەند گەورە و قورس بێت، ناگاتە کەمترین ئاستی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت، دواجاریش قوربانییەکانی جەنگی سارد بریتیبوو لە گەل و دەوڵەتی ئەفغانی و بۆسنە و گەنجانی جیهانی ئیسلامی و داگیرکردنی عێراق و رووخانی دەوڵەتی ئێران و شای ئێران و قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاوەکو ئەمڕۆ.
لە کۆتایی گەمەکەدا، فەرەنسا و تورکیا ئاشت دەبنەوە، ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا بکەوێتەوە سەرپێ بەھێزبێتەوە، تورکیا دەچێتەوە دانوستان بۆ بەئەندامبوون و ئەگەری زۆریشە ببێتە ئەندام له يەکێتیی ئەوروپا، لەبەرئەوەی خاوەنی ژێرخانێکی ئابووریی بەھێزە و خاوەنی جیۆ سیاسی و جیۆپۆلۆتیکێکی گونجاو و بەھێزە و کولتووری حوکمڕانی و مرۆیی گونجاوە لەگەڵ ئەوروپا و دەتوانێت رۆڵی گرنگ ببینێت لە جیهانی ئیسلامیدا، لەبەرئەوەی بەدیلەکانی تورکیا لەم ساتەوەختەدا لاوازن وەکو ئێران و میسر و سعودیە و ھەریەکەیان گرفتاری کۆمەڵێک قەیرانی ئابووری یان سیاسین و ناتوانن ئەو رۆڵە ببینن.



