جارێکی دیکە یادەوەرییەكان ده‌مبه‌نه‌وه بۆ جەلەوە. مێشکم ئەوەندە پڕە لە جەنجاڵیی رووداو و بەسەرهاتەكانی ئه‌و گه‌ڕه‌که، که ئه‌وکات جیهانێکی سه‌یر و ژیان تێیدا ئێجگار ساده بوو، به‌ڵام پڕ له جووڵه و کارەکتهری جیاجیا بوو، بەجۆرێک خەریكە بەئاسانی نه‌توانم جیایان بکەمەوە. رووداوەکانی جەلەوە، هەموو بەیەکەوە وەکو هەنگ هێرش دهکهنە سەر شانەکانی مێشكم، به‌ڵام زۆر گرانە بتوانم هەموو یادگارییەكانی ئەو رۆژگارە شەنوکەو بکەم و هه‌ندێ له‌و چیرۆکانه بڵاوبكەمەوە (لا یكلف اللە نفسا إلا وسعها)، بۆیە بە دڵ داوای لێبووردن لە وانە دەكەم، كە نەمتوانیوە باسیان بكەم.
لەم زنجیرەدا ئەم چیرۆکە، كە یادەوەری و بەسەرهاتی كاك سالم-ە، خۆی سه‌پاند و ناچار بووم باسی بکه‌م، هیوادارم ببێتە میسكی خیتامی ئەم چیرۆكەی جەلەوە.
سالم نەجم کەریم محەممەد سەعید حاتەم، باپیرە گەورەی خەزنەداری فه‌رمانگه‌یه‌کی حکومی بوو لە سەردەمی عوسمانی دا، سالم لە ساڵی (1939) لە جەلەوە لەدایكبووه، باوکی چەخماخساز بووە، لە ساڵی (1944) بەهۆی بزێوی و دەستێوەردانی سەرکێشانەی سالم لە کاری باوکی و لەکاتی دروستکردنی فیشەک بۆ چەکی تاپر، دەبێتە هۆی تەقینەوەی بارووتی بەردەستیان، بەمەش باوکی دەستبەجێ گیان له‌ده‌ست ده‌دا و خۆیشی بەسەختی بریندار دەبێت و دەستی راستی تا نیوەی مەچەکی دەقرتێت و چاوێکی کوێر و ئەوەی دیکەش بە قورسی بریندار دەبێت. بەم رووداوە ژیانی سالم ده‌بێته کاره‌سات و بەدبەختی تاوەکو دوا چرکەی ژیانیشی لێینابێته‌وه، كە بێ باوک و هه‌تیو دەکەوێت و ژیانی تاریک و تاڵ و داهاتووی نادیار و لێڵ ده‌بێت، بەڵام ئەم چەتوون و سەرکێشە سه‌ره‌ڕای ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌ش بێ‌ئومێد نابێت و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ چاره‌نووس ده‌کات و زەمەن بە شێوەیەک لە شێوەکان ھاوتەریب بە باری ناهەمواری خۆی ده‌گونجێنێت.
ماڵی سالم لە دوا کۆڵانی تەسکی قیرتاونەکراوی جەلەوە بوو، لەنێوان ماڵی دەروێش باوەخانی سۆفی و ماڵی باوەجانی كاكەیی بوو، بەرامبەریشیان ماڵی میر عەلی شیعەی دوازدە ئیمامی بوو، ماڵی نەنکیشم هه‌ر لەو خانووە کرێچی بوون و مامۆستا موحسینی خاڵیشم هه‌ر لەوێ لەدایکبووە.
لە منداڵییەوە سالم خاوەن کەسایەتی خۆی بووە، بە متمانە بەخۆبوون نەیهێشتووە بێهیوا و دەستەپاچە بێت، سه‌ره‌ڕای باری ناهه‌مواری بەشداری لە زۆربەی چالاکی و یارییەکانی گه‌ڕه‌ک لە هه‌ڵماتێن و مەلەوانی و زۆرانبازی و پاسکیلسواری و ... هتد کردووە. جارێكیان برادەرەكانی دەیبەن بۆ دزینی پرتەقاڵ لە باخی قەسرەكە، بە هەموویان گیرفانەكانی چاكەتەكەی سالم پڕ دەكەن لە پرتەقاڵ و خۆیان هیچ هەڵناگرن، لە گەڕانەوەیان لە كوێچەباخ ، باخەوانەكە دەیانبینێ و سەیری گیرفانەكانی چاكەتەكەی سالم دەكات پڕە لە پرتەقاڵ، دوای گلەیی و گازندە و لێسەندنەوەی پرتەقاڵەكان لە سالم باخەوانەکە دەڕوات. سالم دەستدەكات بە گیرفانەكانیدا دوو پرتەقاڵ ماونەتەوە، بانگی باخەوانەکە دەكات و دەڵێت ئەوە دوو پرتەقاڵی دیکەش ماون، وەرە بیبەوە ئێمە ماڵی حەرام ناخۆین!.
سالم نەخوێندەوار بوو، بەڵام مێشکێکی زیرەک و یادەوەرییەکی بەهێزی هەبوو، بەردەوام خۆی بە کارێکەوە خەریک كردووە، خوی به شتی سه‌یره‌وه ده‌گرت، له‌وانه ماوه‌یه‌ک دەفتەرێكی تایبەتی هه‌بوو رۆژی لەدایکبوون و مردنی خەڵکی جەلەوەی تێدا دەنووسی، له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌وار بوو، مامۆستا موحسین ماوەیەکی زۆر ئەو ئەرکەی بۆ جێبەجێ دەکرد، لەدوای مامۆستا موحسین کە خانەقینی بەجێهێشت و پەیوەندی بە شۆڕشەوە کرد، بۆ ماوەیەک من کاره‌که‌م بۆ رایی ده‌کرد. وای لێهاتبوو جاروبار خەڵکەكە بۆ دەرکردنی دەفتەر نفووس سوودیان لەو دەفتەرەی سالم وەردەگرت، به‌لای سالمه‌وه گرنگ بوو کارێک بکات و خۆی پێوه سه‌رقاڵ بکات.
ئه‌و پیاوه وه‌ک بڵێی لە سرووشتەوە حەزی چەک و چه‌خماخسازیشی له باوکییه‌وه بۆ مابووه‌وە، بەنهێنی بەردەوام خەریکی پاککردنەوە و چاککردنی چەک بوو، بەتایبەتی دەمانچە بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە دواییدا خەریکی دروستکردنی دەمانچە بوو و سه‌ره‌نجام دەمانچەیەکی سادەی قەڵەمیشی دروستکرد. له درێژه‌ی کاره‌کانیدا ماوەیەک كارمەندی عیادەی دكتۆر سامی بوو، ئه‌م وێستگه‌یه‌ی ژیانی سالم زیاتر له فیلم ده‌چێت تاوەکو به‌سه‌رهاتی راسته‌قینه، بە هۆی خەسڵەتە جوان و چاکەکانی لە پاکی و رەوشتبەرزی و دڵسۆزی، ئه‌و دكتۆرە وەکو ھاوڕێ و کەسی خۆی تەماشای دەكرد.
لەو ماوەیەدا کە سالم بەردەستیی دکتۆر دەکات، به‌وردی سەرنجی ده‌دات و گوێ لە قسەی نەخۆش و راسپاردەی دکتۆر بۆ نەخۆشه‌کان دەگرێ و ناوی دەرمانەكان لەبەردەكات، دوای ماوەیەك کاتێ نه‌خۆشه‌کان سەردانی دکتۆر سامی دەکه‌ن لە ژووری چاوەڕوانی سالم خۆی لێیان ده‌کاتە دکتۆر لەجیاتی دکتۆر پرسیاریان لێده‌کات و ته‌نانه‌ت چارەسەریان بۆ دیاریدەكات و پێیان دەڵێت بڕۆن ئەم دەرمانە بکڕن و به‌مشێوه‌یه بەکاریبێنن، پێشیان ده‌ڵێت: بۆ دەچن بۆ لای دکتۆر، ئه‌ویش هەمان دەرمانتان بۆ دەنووسێ و پارەتان لێوەردەگرێ، ئیدی وای لێدێت دکتۆر سامی هەست بە کەمیی نەخۆش و كزبوونی ئیشی عیاده‌که‌ی دەکات، رۆژێک پرسیار لە سالم دەکات و دەڵێت: ئەوە چییە ئەم ماوەیە نەخۆشمان کەمبووەتەوە؟، ئەویش دەڵێت خۆم به‌خۆڕایی بەڕێیان دەکەم و پێویست ناکات بێنه لای جەنابتان. دکتۆر سامیش دەڵێت: خۆش ئەبولئیستعلامات…خۆش دکتۆر ...!!، بۆ تۆ نایەی لە شوێنەكەی من دانیشیت و من لێرە بم..!!؟؟. لە دواییدا ئامۆژگاری دەکات و مەترسی کارەکەی بۆ شیدەکاتەوە کە چەند نادروست و مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیه‌ک نابێت دووبارەی بکاتەوە، هەروەها پێی دەڵیت: ئەگەر وا بڕوات دەکەونه سەر ساجی عەلی و چۆن کرێی عیادەکە و مەعاشی تۆ و خەرجی ماڵ و منداڵ دابین بكەین؟؟.
دوای چەند ساڵێک دکتۆر سامی له خانه‌قین نامێنێت و دەگوازرێتەوە بۆ دیاله، سالم دەچێتە لای دکتۆر عه‌بدولباری، لەوێش فێری دەرزیلێدان دەبێت، دوای ماوەیەک ئەمیش دەڕوات. سالم دەبێتە دکتۆری گەڕەکی جەلەوەو خۆی ده‌رمان و كەرەستەكانی دیکەی چاره‌سه‌ری نەخۆش لە ده‌رمانخانه‌کانی به‌غدا ده‌کڕێ و بە کەمێک پارەی زیادەوە بۆ نەخۆشه‌کانی ده‌نووسین، خه‌ڵکەکە بێجگە لە عیلاج و دەرمان بۆ دەرزیلێدانیش هەر ده‌چوونه لای ئەو، دەیانگوت دکتۆر سالم زۆر دەستی سووکە و ژنانیش دەیانگوت کاک سالم مه‌حرەمە.
دکتۆر عەدنان مەهدی، ئێستاش دکتۆرێکی بەناوبانگی خانەقینە و خەڵکی جەلەوەیه، سالم وایلێهات دەیگوت: عەدنان لە کۆلێژ بە کتێب و به خوێندن بڕوانامەی پزیشکی وەرگرتووه، به‌ڵام من به عه‌مه‌لی لای دکتۆر سامی و د. عه‌بدولباری فێر بووم، دکتۆر عه‌دنانیش قسەی نەدەكرد و دڵی نەدەشکان و موراعاتی دەکرد.
لە درێژه‌ی سه‌رکێشییه‌کانیدا ساڵی (1972) سالم و مامۆستا حەسەن محەممەد ساڵح، برای كاك ئیسماعیل خەیات هونەرمەندی بەناوبانگ، که ئەمانیش ماڵیان لە جەلەوە بوو، بە دووقۆڵی بە پاسکیلسواری لە جەلەوەوە بۆ سلێمانی و هەولێر رۆیشتن و زیاتر لە دوو هەفتەیان پێچوو، نازانم تاوەکو کوێ رۆشتن، به‌ڵام دوای ئەم سەفەرە سالم بە ته‌واوی به هیلاک چوو و چاوەکەی دیکەشی لەدەست دا، به‌ڵام هێنده به ئیراده و سه‌رکێش بوو ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ کوێربوونیش ده‌جه‌نگاو دانی به‌وه‌دا نه‌ده‌نا که کوێر بووه، به‌هۆی ئەوەی شارەزای کۆڵان و رێگەكانی جەلەوە بوو و شوێنی ماڵەكانی دەزانی و دەنگەكانی دەناسییەوە خۆی وا پیشان دەدا کوێر نییه و وەكو جاران دەبینێت و هیچ کێشه‌ی نییه.
دوای کوێربوونه‌که‌ی زۆربەی عەسران لە ماڵی خۆیانەوە بەبێ گۆچان و یارمەتی كەس، وردە وردە بۆ لای دووكانی سلێمان دەهات و بەدەم رێگاوە و به‌ده‌ستێکی قرتاوی نیو مەچەكیەوە رادیۆكەی پێ‌بوو، بە دەستەكەی دیکەشی خەریكی مەوج و مەحەتە گۆڕین بوو، تاوەکو كەس هەست بەوه نه‌کات که نابینایه.
ئه‌وکات لە جەلەوە بزووتنەوەی سیاسی زرمەی دەهات و هەمەجۆر بوو، پارتی و جه‌لالی و شیوعی بە هەردوو باڵەکەیەوە لیژنەی مەرکەزی و قیادەی مەرکەزی، لەدواییدا کۆمەڵە و یەکێتیش په‌یدابوون، هەندێ کەسی زۆر کەمیش بوونە بەعسی، بەڵام بێ زیان بوون، ده‌توانم بڵێم پێش ئه‌وه‌ی خڕێی ناوزه‌نگ دۆڵی ئه‌حزاب بێت، جه‌له‌وه گەڕەکی ئەحزاب بوو!.
لە کۆتایی ساڵی (1963) سەرکردەیەکی باڵای شۆڕش به‌نهێنی لە بەمۆ و سەرتەك، سەردانی شاری خانەقینی كرد بۆ سەرپەرشتی کاری رێکخستن، چەند شەوێک لە ماڵی خاڵم سه‌عدوڵڵا مایەوە، ئەندامانی پارتی سەردانی دەكردن، ئەوکات من منداڵ بووم هەستم دەکرد خەڵکی ناسراو و نەناسراو هاتووچۆی ماڵی خاڵم دەکه‌ن، پرسیارم دەکرد، بەڵام وه‌ڵامی راست و دروستم دەستنەدەكەوت، لەدواییدا بۆمان دەرکەوت ئەو میوانە کاک حیلمی عەلی شەریف بوو.
دوای جیابوونەوەی ساڵی (1964) ئەندامانی پارتی بوونە دوو بەشەوە، سالم وەکو پارتی مایەوە، زۆرجار لەگەڵ برادەرانی خەتی مەکتەبی سیاسی لە جەلەوە لە مشتومڕدا بوو، بەڵام مام جه‌لالی خۆشدەویست و دەیگوت: ئەگەر بە كفری نەزانن، مه‌لا مستەفا وەکو عومەری کوڕی خەتاب وایە و مام جه‌لالیش وەکو ئیمامی عەلی، ئەوان خۆیان تەرخانکردبوو بۆ خزمەتی ئیسلام، ئەمانیش خۆیان تەرخانکردووە بۆ کورد و کوردایەتی، نابێت کورد دژی کورد بێت.
سەرەڕای جیاوازیی سیاسی و فیکری بەیانی ئازاری ساڵی حەفتا رۆژێکی پیرۆز بوو بۆ کورد، به‌ڵام بۆ سالم له‌وه زیاتر رۆژی خۆدەرخستن و پیشاندانی دەمانچەکانی بوو، لە شەوی خوێندنەوەی بەیانەکە لە سەربانی خۆیان تاوەکو درەنگانێ بە دەمانچەکه‌ی تەقەی خۆشیی دەکرد.
لەو سەردەمەدا لە خانەقین شایی و هەڵپەڕکێ بەبێ رەزامەندی قایمقام قەدەخە بوو، سالم بە چەند بیانوویەکەوە رەزامەندی وەردەگرت و شایی و زەماوەندو هەڵپەڕکێی به ده‌هۆڵ و زوڕنا سازدەکرد.
ئه‌م رۆحه کوردانه‌یه‌ی سالم هه‌ر به‌رده‌وام و پڕ جۆش‌وخرۆش بوو، دوای راپەڕین په‌یوەندیمان بەردەوام بوو، لەکاتی رووخاندنی رژێمی بەعس و رزگارکردنی خانەقینیش رۆڵی جوامێریی خۆی نواند.
لە ساڵی(2005) سالم هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنێكی قەیرە ده‌کات، بەڵام سەد حەیف و مەخابن دوای ماوەكی كەم تووشی نەخۆشی خوێن دەبێت و لە زستانی ساڵی (2006) کۆتایی بە ژیانی دێت و بەرەو مەنزڵگەی ئەبەدی ئۆغر دەکات و ماڵئاوایی لە ئەڵوەن و باخەکان و لە جەلەوە دەکات، خانه‌قین و جه‌له‌وه‌ش رۆڵه‌یه‌کی بەئەمەك و خۆنەویست و خزمەتگوزار و خۆشەویست و سه‌رکێشی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
چیرۆکی ژیانی سالم بۆ من له‌و رووه‌وه گرنگ بوو که ئه‌و پیاوه له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی تاوەکو کۆتایی ژیانی جه‌نگ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه بوو له‌گه‌ڵ رووداو و کاره‌ساتی قورس و ناخۆش، به‌ڵام شانبه‌شانی دڵڕه‌قی ژیان و چاره‌نووس ئه‌و پیاوه ته‌سلیم نه‌بوو، نه‌یهێشت به ده‌سته‌پاچه‌یی بژی، بۆیه ده‌ڵێم ئەگه‌ر ئه‌و پیاوه قه‌ده‌ری ژیانی له جه‌له‌وه نه‌بوایه، بڵێی داهێنه‌ر و بلیمه‌تێکی به‌ناوبانگ ده‌رنه‌چووایه؟

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
