ساڵی 2020 بۆ ئەوانەی تەمەنێكیان هەیە و راست و چەپی خۆیان جیادەكەنەوە، یەكێكە لە ساڵە شووم و نەگریسەكان، دنیای پێشكەوتوو و دواكەوتووی خستە بەردەم یەك چارەنووسی نادیار، هەموو مرۆڤایەتی خستەوەژوورەوە، ئەمە وای كرد مرۆڤ تۆزێك وردتر بەدیار خۆیەوە دابنیشێت و بە رابردوو و یادەوەری خۆیدا بچێتەوە، منیش بەهۆی دانیشتن و خۆ كەرەنتینەكردن لەماڵەوە، ناچار كەوتمە كۆكردنەوەی دڵۆپ دڵۆپی شەونمی مێشكم، پێش ئەوەی ببن بە هەڵم یان شۆڕببنەوە بۆ ژێر بنجە گیاكانی زەمەن و رەنج بەخەسار بم لەو دڵۆپە شەونمانە مەرەكەبی رەش و شین و جاروباریش سوور پەیدابوو و چەند لاپەڕەیەكم رەنگا و رەنگ كرد، وەكو سەرەقەڵەمێك بۆ نووسینی یادەوەرییەكانم پێش ئەوەی مێشكم لە كار بكەوێ و تاقەتی بیركردنەوەی نەمێنێ!
بۆیە وتم رەوای حەق نییە سی بۆ چل ساڵ لەمەوبەر باس بكەم و باسی ساڵی 2020 نەكەم كە ئێستا لە ناویدا سەر گەردان و وێڵین. ئەم ساڵە كاریگەریی زۆری بەسەر هەموو جیهان بەگشتی و بەسەر كوردستان بەتایبەتی هەیە، ساڵەكە هەر وەكو ساڵەكانی دیکەیە لە رووی پێوانە و پەیوەندی بە خشتەی ساڵنامەكان و (زەمان و مەكان)ەوە، بەڵام رووداوەكانی جیاوازن جیاوازییەكانیش بەندە بە ژیانەوە.
گەورەترین و كاریگەرترین رووداوی ساڵی 2020 بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید 19 بوو لەجیهاندا كە ژیانی كۆمەڵانی خەڵكی تێك و پێك داوە لە رووی تەندروستی و ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە شیرازەی زۆر شتی پچڕاندووە و هەموو دنیای تووشی شۆك كردووە. بۆ ماوەیەكی زۆریش كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو كارەساتە دەمێننەوە. ئەم بەڵایە جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەند لەنێوان باڵەخانەكانی كەشكەڵانی فەلەک و خانووە قوڕ و تەنەكەكانی لێواری شارەكان ناكات، وەك دەڵێن، كەمێك دەس لە منداڵ و ژنان دەپارێزێت.
هەر یەكەو لێكدانەوەی تایبەتی خۆی بۆ ئەم ڤایرۆسە هەیە، ئەم دەڵێت، ئەمە كاری چینە و بۆ دژایەتی ئەمریكایە و ئەو دەڵێت، ئەمریكا و ئەوروپایە بۆ لەناوبردنی پیر و پەكکەوتەكانی وڵاتەكانیانە، ئەمەی دیکە دەڵێت، غەزەبی خوایە بەسەر فسق و فەسادی سەر زەمین، ئەوەی تریش دەڵێت، ئەمە تۆڵەی سرووشتە دژ بە دڕەندەیی مرۆڤ.
سەرەڕای كۆرۆنا لافاو و گەردەلوول و بوومەلەرزە و سووتانی جەنگڵستانەكان و جەنگی ناڕەوا و كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە و خنكانی خەڵك لە دەریای ئیجە و سووتاندنی بارەگای حیزبی و بنكەی حكومی و كوشتنی خۆپێشاندەران و هەڵبژادنی سەیروسەمەرە...هتد
لە كوردستانی غەدرلێكراو و دابەشكراودا ساڵی 2020 سەرباری پەتای كۆرۆنا، ساڵێكی پڕ نەهامەتی و دەردەسەری زیاتر بوو. لە لایەك بێ مووچەیی، بێكاری و بڵاوبوونەوەی هەندێ دیاردەی نامۆ و ترسناك و لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆر لە ئەزیزان و بێ متمانەیی خەڵك بە دەسەڵات، لە لایەكی دیکەوە دروستبوونی كێشە و گیروگرفت لەنێوان لایەنە سەرەكییەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و بە لاكەوتنی تەرازووی هێز بە قازانجی نەیارەكان، بێجگە لە دەستتێوەردانی دەوروبەر بە شێوەی جیاجیا و فراوان لە كار و باری ناوخۆی كوردستاندا.
بەهۆی هەموو ئەمانەوە باری سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیی وڵاتەكەمان خەریکە لە گرێژەنە دەردەچێت و مەترسی گەورەش لە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و فدراڵییەتەكەمان دروست بووە، دۆستمان كەم و دوژمنمان زۆر بووە، بەشێكی بەهۆی سیاسەتی ناڕاست و دروستی سەركردایەتیی سیاسیی خۆمانە، لە جیاتی دەسەڵاتی دەوڵەتداری، دەسەڵاتی حیزبی زاڵكرا، لە جیاتی كوردستانی سەرتاسەری ناوچەگەری و عەشیرەتگەری، لە جیاتی یەكتر قبووڵكردن سەنگەر لە یەكگرتن زاڵكراوە.
وا ساڵی 2020 سەری خۆی هەڵدەگرێت و جارێكیتر نایبینینەوە، بەڵام مەخابن كاریگەری و دەرئەنجامی رووداوەكانی بە شێوەیەك لە شێوەكان بۆ ماوەیەك دەمێنێتەوە. ساڵی 2021ـش لەبەردەرگایە و بە بێ ئیزن و ئیرادەی ئێمە ساڵێكی دیکەی تەمەنمان دەخوات.
گرنگە دوای نەهامەتییەكانی ساڵی 2020 ئەزموون وەربگرین و ناخ و بیركردنەوەمان بگۆڕین، رەفتار و گوفتارمان گوزارشت بن لە نوێبوونەوەیەكی راستەقینە، چەند پێویستە لە ساڵی تازەدا واز لە جوانكاری و رتووشی عەیبەكانمان بێنین و دەست بخەینە سەر برینەكانمان و هەوڵی جیددی بدەین بۆ ئاشتبوونەوەی كۆمەڵایەتی و دروستكردنەوەی متمانە و سەقامگیرکردنی یەكسانی، سەروەریی یاسا و مسۆگەركردنی ئازادی سیاسی و مەدەنی و كاركردن وەكو عیبادەت و فەلسەفەی ژیان بێت.
ئای چەند جوان و پیرۆزە ئەگەر لە ساڵی تازەدا ببینین راوكەر كرێكار بێت، خۆشبەخت جووتیار، پاڵەوان پێشمەرگە، مەلا فارووق بە سەوڵەجانەکەیەوە مامۆستا، ئەیوب مجێوری مزگەوت، مەلاحەیدەر جامباز، بەندەش كارگوزاری قوتابخانەیەكی سەرەتایی بێت، وا بكەین خەڵكی شیاو بۆ شوێنی شیاو بێت، پۆست ئەرك بێت نەك پاداشت، ئاسایشی گشتی قایم بكرێت و ئاسایشی شەخسی و تایبەتی كەم بێتەوە.
چەند خۆشە لەپاڵ ڤاكسینی كۆرۆنا، ئێمەش ڤاكسینی عەدالەت و خزمەتكردنی خەڵك و چارەسەری كێشە و كەموكورتییەكان بەرهەمبێنین و دەسەڵاتی هەرێم پێبکوتین، وابكەین بە كردەوە ساڵی تازە ساڵێكی خاڵی بێت لە ناخۆشی و نەهامەتی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان.

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
