رۆژی 9ی کانوونی یەکەم، بەغدا گردبوونەوەیەکی چڕی بۆ راگەیاندنی هاوپەیمانییەکی نوێی سوننە بە ناوی هاوپەیمانیی عەزم بەخۆوە بینی، کە 34 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت. پێکهاتەی سوننە لە رێگەی دوو فراکسیۆنی گەورەوە رکابەری لەنێو خۆیاندا لەسەر پۆستە چاوەڕوانکراوەکان دەکەن. هاوپەیمانییە نوێکە لە چەند حیزب و لایەنێک پێکدێت، لە سەرووی هەموویانەوە هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، حیزبی جەماهیر بە سەرۆکایەتی ئەبوو مازن جبووری، هاوپەیمانی حەسم و سێ پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانیی بە سەرۆکایەتی فالح فەیاز، لەگەڵ هەندێک پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە هەمان پێکهاتە.
پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە دوای جموجووڵێکی شاراوە دێت لەلایەن سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهانگی، دوای ئەوەی چوارچێوەکە توانی حیزبە سوننە دابەشبووەکان و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان رازیبکات بۆ ئەوەی پێکەوە هاوپەیمانیی بکەن بۆ رکابەریکردن لەگەڵ گەورەترین براوەی نێو پێکهاتەی سوننە، واتە هاوپەیمانیی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی. ئەم جموجووڵەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ رێگەگرتن بوو لە حەلبووسی لە کۆکردنەوەی ئەندامان و فراکسیۆنە بچووکەکان و راکێشانیان بۆ نێو هاوپەیمانێتییەکەی خۆی پێش ئەوەی ببێتە بەهێزترین هاوبەش لە هاوپەیمانێتییەکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ رەوتی سەدر.
چاودێران وای دەبینن جموجووڵی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە هاندانی فراکسیۆنە سوننەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نوێ ئامانج لێی بە شێوەیەکی سەرەکی رێگەگرتنە لە رەوتی سەدر لە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ کورد و سوننە و ناچارکردنی بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دانوستاندن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو؛ هەروەها لە رووی ناوەڕۆکەوە ئامانجی پەکخستنی جموجووڵی سیاسییە تاوەکو دەگەنە رێککەوتنێکی شیعە – شیعە.
وەک دەردەکەوێت چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرکەوتوو بوو لەم رێچکەیەدا؛ مەشعان جبووری، پەرلەمانتاری براوەی هاوپەیمانیی عەزم لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو لە 5ی کانوونی یەکەمی 2021 رایگەیاند: "هاوپەیمانیی عەزم لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتووە هیچ لایەکی شیعە دژی ئەوی دیکە سەرنەخەن".
دادگای فیدراڵیی لەنێوان پەسندکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە 1ی کانوونی یەکەمدا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ دادگای فیدراڵی نارد، بەڵام دەستوور وادەیەکی دیارینەکردووە بۆ پەسندکردنی ئەنجامەکان تێیدا؛ یازدە رۆژ تێپەڕیوە و هیچ راگەیێندراوێک لە دادگەی فیدراڵییەوە دەرنەچووە باس لە گەیشتنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردنەکان بکات، یان کاتی پێشبینیکراو بۆ راگەیاندنی پەسندکردنەکە بخاتەڕوو.
گوشارە سیاسییەکان لەسەر ئەندامانی دادگای فیدراڵی بە شێوەیەکی راستەوخۆ زیادیانکردووە، ئەوەش لە رێگەی ئەو سکاڵایانەی تۆمارکراون بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگیەوە. دادگەی فیدراڵی وەڵامی سکاڵاکانی نەداوەتەوە، بەڵکو دانیشتنێکی گوێگرتنی بۆ بەڵگەکان دیاریکرد لە 13ی کانوونی یەکەم؛ هەروەها دادگەی فیدراڵی نووسراوی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی کردووە بۆ ئەوەی پسۆڕییە بەردەستەکانی لە زانکۆ عێراقییەکان بۆ بنێرێت لەبارەی پرسە تەکنیکی و یاساییەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنەکەوە.
جێی ئاماژەیە دادگەی فیدراڵی لە ساڵی 2018 سکاڵایەکی لەبارەی هەبوونی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان رەتکردەوە و گوتی: "دادگەی باڵای فیدراڵی رۆژی 28-5-2018 دانیشتی خۆی گرێدا و بە سکاڵایەکدا چووەوە لەبارەی پێشێلکارییەکان کە لە هەڵبژاردنی ئەندامێتیی ئەنجوومەنی نوێنەران روویدا.... ئەم بابەتە تایبەتە بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ئەو پەیوەندیدارە بە قبووڵکردنی سکاڵاکان لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی باس دەکرێن کە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا روودەدەن؛ بڕیارەکانیشی جێی تانەلێدانن لەبەردەم لایەنی دادوەری، ئەویش دەستەی دادوەرییە لە دادگەی پێداچوونەی فیدراڵی".
هەندێک لە چاودێران پێیانوایە ئەگەری هەیە دادگەی فیدراڵی بە ئاڕاستەی پەسندنەکردن یان تەنانەت لەوە دوورتر بچێت بە داننان بە ساختەکردنی هەڵبژاردنەکە و ئەمەش وای لێدەکات ئەنجامەکە هەڵبوەشێنێتەوە. هەندێک لە پسپۆڕانی یاساش وای دەبینن هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پێشوو مەرجدار بوو و لە ئەگەری نەهاتنەدی ئەو مەرجە دەکرێت ئەنجوومەنی نوێنەرانی پێشوو دەستپێبکاتەوە. بە بۆچوونی خۆم، ئەم ئاڕاستەیە بریتییە لە هەڵەیەکی گەورە، چونکە ئەو بڕیارەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە 31ی ئاداری 2021 دەرچووە تەنیا مەرجدارە بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و دەقی بڕیارەکەش دەڵێت: "بڕیاردرا ئەنجوومەنی نوێنەران لە 7-10-2021 هەڵبوەشێتەوە، بەوەی کە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی گشتی لە رێکەوتی 10-10-2021 بەڕیوەبچێت بە داوای سەرۆککۆمار"؛ ئەمەش مانای ئەوەیە مەرجەکە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییە گشتییەکان بوو بە داوای سەرۆککۆمار و ئەمەش لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 هاتەدی، سەرەڕای ئەوەی فەرمانێکی دیوانیی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەم دەرچوو و تێیدا هەموو ئەندامانی پەرلەمانی خانەنشین دەکات و هەموو ئیمتیازات و پارێزبەندییان وەردەگرێتەوە، بە مانای کۆتاییهاتنی کاری ئەو خولە پەرلەمانییە بە تەواوی، ئەمەش وا دەکات ئەگەری گەڕانەوەی نەبێت.
لەوەی باسکرا ئەوە ئەنجامە دێتە کایەوە کە هەر بڕیارێکی دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکان بۆشاییەکی دەستووری دروستدەکات کە رەنگە پشێوی پێشبینینەکراوی لێبکەوێتەوە، چونکە هەموو ئەگەرەکان رێی تێدەچن بەبێ جیاوازی، بۆیە هیچ بژاردەیەک لەبەردەم دادگەی فیدراڵیدا نییە جگە لە پەسندکردن، بەڵام بابەتی پەلەکردن لە پەسندکردن هێشتا وەکو چەقبەستوو دەمێنێتەوە.
رەوتی سەدر چاوەڕێدەکات و چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئامادەکاری دەکات و سەربەخۆکان سەرلێشێواون
یەکەم کەس کە جموجۆڵی سیاسی لە دوای هەڵبژاردنەکان دەستپێکرد سەرکردەی رەوتی سەدر بوو بە یەکەم سەردانی بۆ بەغدا لە 4ی تشرینی دووەمی رابردوو؛ موقتەدا سەدر جارێکی دیکەش لە 2ی کانوونی یەکەم گەڕایەوە بەغدا بۆ دیداری سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی عامری؛ لە هەمان کاتدا سەدر هەموو جموجۆڵ و گفتوگۆیەکی لە دەستەی سیاسی و لیژنەی دانوستاندنی رەوتەکەی لەگەڵ فراکسیۆنە سیاسییەکانی دیکە قەدەخەکردووە و چالاکییەکانی لە تاکە دیدارێکدا لەگەڵ فراکسیۆنی عێراقی سەربەخۆ کورتبووەوە کە دوای بەشداریکردنی 15 پەرلەمانتار پێکهێندرا؛ هەمان فراکسیۆن دواتر سەردانی فراکسیۆنە سیاسییەکانی دیکەشی کرد. سەرچاوەیەکی نزیک لە 15 پەرلەمانتارەکە گوتی، سەردانەکەیان بۆ لای رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان بوو بەبێ چوونە نێو باسکردنی پێکهێنانی فراکسیۆن و هاوپەیمانی.
رەوتی سەدر چاوەڕێی دادگەی فیدراڵی دەکات ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسندبکات، بەڵام ترسی هەیە لە دواخستنی پەسندکردنەکە هەروەک لە بەیاننامەی رۆژی 7ی کانوونی یەکەم دەرکەوت، ئەوەش دوای دیداری سەرکردەی سەدر لەگەڵ جێنین پلاسخارت، سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە نەجەف. لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: "هەردوولا جەختیان لە گرنگی پەسندکردنی ئەنجامەکان بەبێ دواخستنی نەگونجاو لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە کردەوە"، ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر دوانەخستنی رەنگدانەوەی ترسی رەوتی سەدرە لە گوشارەکانی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر دادگای فیدراڵی.
لەبەرامبەر چەقبەستنی رەوتی سەدر، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەردەوامبوو لە کۆبوونەوەکانی و گوشارخستنە سەر شەقام و بەردەوامیدان بە خۆپیشاندانەکان لەبەردەم ناوچەی سەوز و داواکردن لە دادگەی فیدراڵی لە رێگەی سکاڵایەکی پێشکێشکراو کە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکان دەکات؛ ئەوەش روون بوو لە رێگەی ئامادەبوونی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سەرووی هەموویانەوە هادی عامری لە دانیشتنی دادگەی فیدراڵی بۆ پێداچوونەوە بەو سکاڵایە. لە هەمان کاتدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، نیازی هەیە شاند بنێرێت بۆ دیداری هێزە سیاسییە کوردی و سوننەکان، ئەمەش لەنێو ئەو قسە و قسەڵۆکانەی هەن لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی یان رێگەگرتن لە پێکهێنانی لەلایەن ئەوانی دیکەوە، تاوەکو دەگەنە لێکتێگەیشتنی شیعە – شیعە.
لە کاتێکدا جموجۆڵی سەربەخۆکان و فراکسیۆنە بچووک و مامناوەندییە نوێیەکان وەکو ئیمتیداد و ئیشراقەی کانوون و ئەوانی دیکە لە گفتوگۆی لابەلا کورت بووەتەوە و تەنیا بەیاننامە دەردەکەن کە گوزارشت لە هەڵوێستەکانیان دەکەن کە ناچنە نێو پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆن یان هەر حکومەتێک کە لە ئەنجامی ئەو هەنگاوە پێکبهێندرێت. ئەم هەڵوێستە نەرێنییە کە لە فراکسیۆنە نوێیەکانەوە دەردەچێت بە شێوەیەکی چڕ روونیدەکاتەوە کە ئەزموونی سیاسی پێویستیان نییە، چونکە بردنەوە لە هەڵبژاردنەکان هیچ نییە جگە لە سەرەتای رێگەکە لە کارێکی سیاسیی سەختی درێژ و ئاڵۆز؛ ئامانجەکانی هەڵبژاردنیش بەدی نایەن بە دانیشتن وەکو تەماشاکار لە کەناری گۆڕەپانە سیاسییەکە. گۆڕینی واقعی سیاسی پێویستی بە جموجۆڵێکی سیاسی ئەرێنی و بەردەوامە بۆ ئەوەی پێویستی جووڵەکردن بەرەو تەواوکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە پەسدنکردن و دانیستنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت و دەستبکرێت بە کار و ئەرکی پەرلەمانی و یاسای پێویست دەربکرێت و چاودێری کاری دەسەڵاتی جێبەجێکار بکرێت. دانیشتنی ئەم هێزانە دوور لە هەر جموجۆڵێکی کارا و تەنیا گرتنی وێنەی یادگاری و بێدەنگبوونی بەرامبەر ئەوەی لە گۆڕەپانەکەدا روودەدات شەرمەزارییەکە کە رۆڵی سنووردار دەکات و رەنگدانەوەی لاوازییە لە هەبوونی روانینێکی روون لەبارەی ئاڕاستەی بەرەو راستکردنەوەی رێچکەی سیاسی لە عێراق.
جموجۆڵی سوننە و کورد
حیزبە کوردی و سوننەکان بڕیاریان دا لە کەناردا بوەستن و دەستوەردان لە دانوستاندنە جیدییەکان لەگەڵ فراکسیۆنە سیاسییەکان و بەتایبەتی شیعەکان نەکەن تاوەکو دانوستاندنی شیعە – شیعە تەواودەبێت و دەگەنە لێکتێگەیشتن. ئەم هەڵوێستەش خۆی بە نەرێنی دادەندرێت، چونکە ئەوەی لە گۆڕەپانی شیعەدا روودەدات بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاووڵاتی لە ناوچەکانی دیکە و دواخستنی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پێکهێنانی حکومەت دەکات و ئەوەش خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەم هێزە سیاسییانە و ئەو جەماوەرانە ناکات کە نوێنەرایەتیان دەکەن. لە هەمان کاتدا، ئەگەر حیزبە شیعەکان نەتوانن بگەنە لێکتێگەشتن و بنبەستی سیاسی بەردەوامبێت، کاریگەرییەکانی رەنگدانەوەی لەسەر هاووڵاتییان لە ناوچە سوننە و کوردییەکان دەبێت و بە نەرێنی کاریگەری لەسەریان دەبێت، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە بودجەی بەکارخستن و وەبەرهێنان و پارەی بونیادنانەوەی پارێزگاکان و ئەوانی دیکە. سەرەڕای ئەوە، وەستانی هەردوو یاریکەری کورد و سوننە وەکو تەماشاکار لاوازییە لە بەجێگەیاندنی بەرپەرسیارێتی نیشتمانییان لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و خۆدزینەوەیە لە بەشداری راستەقینە لە دروستکردنی بڕیاری جەمعی و ئەرکی کاراکردنی پڕۆسەی سیاسی و داننانە بە بەرپرسیارێتی پێکهاتەی شیعە بە تەنیا بەم بەرپرسیارێتییە کە پێویستە بە لێکتێگەیشتن بێت. کورد و سوننە دوو هاوبەشی راستەقینەن و هەموو لێکەوتە و ئەنجامەکانی ئەوەی روودەدات لە گۆڕەپانی سیاسی لە شکست و سەرکەوتن لە ئەستۆدەگرن، بۆیە دەبێت کاراتر و وەڵامدەرتر بن لە قەیرانەکانی وڵات و کاربکەن لەسەر چارەسەرکردنی و پێکەوە بچنەپێش لەسەر رێگەی دەوڵەمەندکردن و پتەوکردنی ئەزموونی دیموکراتی و سیستمەکەی لە عێراق.
هەردوو هێزی کارای کورد و سوننە دەتوانن ناکۆکییەکانی نێوان فراکسیۆنە شیعەکان یەکلابکەنەوە و هانیان بدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، دەکرێت شاندێکی هاوبەش پێکبهێندرێت بۆ دانوستاندن لەگەڵ فراکسیۆنە شیعەکان و نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و خستنەڕووی چارەسەرەکان بۆ دروستکردنی رێککەوتنێکی سیاسی و پێکهێنانی چەند هاوپەیمانێتییەک بەرەو تەواوکردنی رێچکەی هەڵبژاردن و دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پێکهێنانی حکومەت. لە ئەگەری لەدەستدەرچوونی هەموو رێگە بەردەستەکان، دەتوانن بژاردەکانی خۆیان یەکلابکەنەوە و بەردەوامبن لە هاوپەیمانیکردن بۆ پێکهێنانی حکومەت، ناکرێت تاکە بژاردە جێهێشتنی بابەتەکان بێت و رۆڵی چاودێر بگیرێتەبەر.
یەکلاکردنەوەی چاوەڕوانکراو
نەخشەڕێگە بەرەو چارەسەر خەریکە سیمای دەردەکەوێت و پێویستی بە خەمڵاندن و راڤە نییە؛ دەستکەوتی هەڵبژاردن هەیە کە چوون بەرەو تەواوکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەسەر هێزە سیاسییەکان دەسەپێنێت، دوای پەسندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکان و دیاریکردنی وادەی دانیشتنی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو جێگرەکەی، هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و راسپاردنی بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو. بەڵام درێژەدان و دەستی بە دەستی پێکردن و دواخستنی بێ پاساو، هەمووی وڵات بەرەو ونبوونی راستەقینە پەلکێش دەکات لەنێو ئاڵنگاری گەورە و مەترسی کە دەوروپێچی داوە؛ پەتاکە جارێکی دیکە بە گۆڕاوێکی نوێ کە بە خێراترین لە رووی بڵاوبوونەوە دادەندرێت زەنگی مەترسیی لێدەدات؛ نرخی نەوتیش دەستیکردووە بە پاشەکشەکردن و خەرجیی گشتیی لە هەڵکشاندایە و قەیرانی تووندی ئاو لە ئاسۆدا دەرکەوتووە و نەوەیەکی نوێ لە زانکۆکان دەردەچن و چاوەڕێی چوونە نێو بازاڕی کاردەکەن کە هێشتا ئیفلیج و ناکاراکراوە؛ گەشەی دانیشتووانیش لە یەک ملیۆن نزیکدەبێتەوە لە ساڵێکدا؛ ئاستەکانی بێکاری و هەژاریش لە بەرزبوونەوەیەکی مەترسیداردان سەرەڕای پاشەکشەی ژێرخان، لە کاتێکدا مەترسی هەیە لە هەڕەشەی هەڵگیرسانی ململانێی چەکداریی نێوخۆیی و هەرێمی.
عێراق پێویستی بە سەقامگیری سیاسی و ئابوورییە بۆ راستکردنەوەی رێچکەکە و ئەم سەقامگیرییەش نایەتەدی بە بەردەوامیی بنبەستی سیاسی؛ ئێستا ئەرکی سەرکردە سیاسییەکانە بەرژەوەندی وڵات و کۆمەڵگە پێش بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان بخەن لەپێناو رێگریکردن لەو کارەساتەی عێراقییەکان چاوەڕێی دەکەن ئەگەر رەوشەکە وەکو ئێستا بمێنێتەوە.



