ھەر سەد ساڵ جارێک زۆر شت دەگۆڕێت، بەو مانایەی ھەموو گۆڕانە وردە وردەکان کە رویان داوەو ئێمە نەمانبینیون، لە کۆتایی سەد ساڵەکەدا وێنەیەکی نوێ دروستدەکەن کە بە روونی دەبینرێت، لەم گۆڕانکاریانە گۆڕانکاریی لە ھاوکێشە سیاسییەکانیشدا رودەدات وەک چۆن لە رووی کولتوور و زاست و ئایین و تێگەیشتنیشدا ئەم گۆڕانکارییە روودەدات.
ئەم تیۆرەی "گۆڕانکاریی هەر سەد ساڵ جارێک" لە فەرموودەیەکی پەیامبەری ئیسلامیشدا محەممەد (د.خ) لەسەر، ئاماژەی بۆ کراوە، کاتێک دەفەرموێت (خودا لە هەر سەد ساڵ جارێکدا کەسێک دەنێرێت بۆ ئەم ئومەتە تا ئایینەکەی بۆ نوێ بکاتەوە). جا ئەوەی هەیە ئەوەیە ھەندێ میللەت بەشێکن لەو گۆڕانکاریانە و لەگەڵیا دەڕۆن و گەورە دەبن، بەڵام ھەندێ میللەتی تر لەچاو میللەتە گۆڕاوەکاندا وەک خۆیان دەمێننەوە، دەرەنجامی ئەمەش، بەشێوەیەکی خۆبەخۆ، میللەتە گۆڕاوەکان کۆنترۆڵی میللەتە نەگۆڕاوەکان دەکەن و ململانێی جوگرافیی و سیاسیان لێ دەبەنەوە.
ئەگەر تەماشایەکی خۆمان کەین وەک کورد، بەراورد بە ئەو میللەتانەی لە سەد ساڵی رابردوودا کێشەی خاک و دەسەڵاتمان لەگەڵیان ھەبووە، ئێمە سەد ساڵی رابردوومان بە ئەوان دۆڕاندووە.
بۆ نموونە لەوکاتەی خەباتی چەکداریی ئێمە دژ بەداگیرکاریی ئەوانی تر، دەستپێدەکات، ئەوان لەڕووی ھێزی سەربازیی و پێگەی دەوڵەتیی کەمێک لەپێش ئێمەوەن، نەک زۆر. واتە گاپی نێوانمان زیاتر لە کڵاشینکۆڤەکانی ئێمە و تانک و هێلیکۆپتەرەکانی ئەوان، نەبوو، بەڵام بە حوکمی ئەوەی ئەوان دەوڵەت بوون، پاش ئەو سەد ساڵە ئێستا بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئەواندا ھەیە و هەموومان بە روونی ئەوە دەبینین.
لە پاش سەد ساڵ، بەنەتیجە روون بووەوە ئەوان لەماوەی ئەم سەد ساڵەدا چەند پێش ئێمە کەوتوون، بێگومان هۆکارەکەش ئەوەیە ئێمە لە خەباتێکی چەقبەستوودا تۆخ بوینەوە و ئەوانیش لە پێشخستنی دەوڵەت و تەکنەلۆژیا و زانست و سیاسەتدا کاریان کرد، ئەمە وایکرد پاش سەد ساڵ لە خەوهەستان، بۆشایی نێوانمان بووە ئاسمان و رێسمان.
بۆنموونە ئەو ئێرانەی سەرکردە کوردەکان، دوای ئینقلاب و بەشداریان لە رووخانی محەممەد رەزا شا داوای حوکمی ئۆتۆنۆمیان لە رێبەری شۆڕشکرد، خومەینیش داوای ئارامی کوردستانی لە وان دەکرد، واتە تاڕادەیەک هاوکێشەکە باڵانس بوو، ئێستا ئەو ئێرانە وا دەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم و کوردەکانیشی خاوەنی هیچ نین.
ئەو تورکیایەی کەمال ئەتاتورک دروستیکرد و کورد چەند خەباتێکی یەک لەدوای یەکی چەکداریی لەدژی بەرپا کرد، ئێستا هێزێکی نێودەوڵەتیی گرنگە و یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ و خاوەنی پیشەسازییەکی پێشکەوتووی سەربازییە و هاوکێشەی گەورەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی یەکلادەکاتەوە، ئەمە جگە لە تەکنەلۆژیا سەربازیەکەی.
بەڵام عێراق لە چانسی باشی ئێمە نەیاتوانی لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەدا بڕوات، سەددام و بڕیارە هەڵەکانی ئەو عێراقیان وێران کرد، بۆیە درەنجام ئێمە توانیمان خولێکی ململانێکە لە عێراق بەرینەوە، پێویستیشە لەسەر ئەم سەرکەوتنە ئیشبکرێت تا لەسەد ساڵی داهاتوودا هاوکێشەکە هاو تەریب وەک خۆی بڕوات نەک پێچەوانە بێتەوە، ئێمە راوەستین ئەوان هەنگاو دوای هەنگاو بنێن، وەک دەبینین ئێستا زەنگی ئە مەترسییە لێی داوەو بەهۆی شکستەکانی خۆمانەوە، وا وردە وردە خەریکە چەکمان دەکەن!
خۆ ئەگەر عێراقیش وەک تورکیا و ئێران بەھێز بوایە بێ گومان لەبری راپەڕینی بەھاری (1991) دەبو ئاشبەتاڵی دووەم رابگەیێنین، بەڵام خوا کردی و عێراق بەو شێوەیە نەبوو.
بێگومان ئەم بۆشایی سەد ساڵە بۆ فەلەستین و ئیسرائیلیش راستە، ئیسرئیلییەکان و فەلەستینییەکان سەد ساڵ پێش ئێستا تاڕادەیەک لە رووی ململانێ ـوە یەکسان بوون، بەڵام ئێستا ئیسرائیل هەموو قۆناخەکانی پێشکەوتنی سەربازیی تاچەکی ئەتۆمی بڕیوە و فەلەستینییەکانیش هێشتا لە قۆناخەکەی سەرەتادان.
کەواتە هاوکێشەی "سەد ساڵ گۆڕانکاریی" مانا پراکتیکییەکەی ئەوەیە مەرج نییە شەڕی میللەتان شەڕێکی راستەوخۆی دەستەویەخە بێت، بەڵکو ئەم شەڕە شەڕی کات و دەرفەت قۆستنەوە و خۆ بەھێزکردن و پێشکەوتنە.
ئەو چەند بەھێزتربێ و بەرەو پێش بچێ ئەوەندە تۆ قوت ئەیات، تۆش تا چەند راوەستاو و چەقبەستوو بیت ئەوەندە دەبیتە پارویەکی ئاسان بۆ قوڕگی ئەو.
ئەم هاوکێشەیە لە ئێستای ئێمەدا تاڕادەیەکی زۆر لەگەڵ تورکیا و ئێران جێبەجێ دەبێت، بۆنموونە ئەگەر لەسەرەتای هەشتاکاندا ئەجێندای تورکیا لەناوبردنی پەکەکە بووبێت و پەکەکە کێشەی پلە یەک بووبێت بۆ تورکیا، ئەوا تورکیای ئەمڕۆ ئەجێنداکانی ئەوەندە فراوان بووە ئەوەی بۆ ئەو گرنگ نەبێت شەڕی پەکەکەیە، یان راستتر بڵێم لەناوبردن و سفرکردنەوەی پەکەکەیە، راستە بەڕواڵەت تورکیا شەڕی پەکەکە ئەکات، بەڵام بەڕاستەقینەیی تورکیا شەڕی پەکەکە بۆ ئەجێندای گەورەتر بەکاردەهێنێت.
ئێستا بە پێی هاوکێشەی "سەد ساڵ گۆڕانکاریی" بۆ تورکیا ئەوە گرنگترە لەڕێی شەڕی پەکەکەوە ھەژموونی خۆی بەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراق و رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکە دا زیاتر بسەپێنێت نەک ئەوەی چۆن ئەو شەڕە کۆتایی پێ بهێنێت و سەرکەوتوبێت، واتە ئەوە هەڵەیە پێمان وابێت تورکیا دەیەوێت لە رێی هەرێمی کوردستانەوە پەکەکە لەناو بەرێت، بەڵکو رێک بە پێچەوانەوە تورکیا بیر لەوە ئەکاتەوە چۆن بەهۆی پەکەکە هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤای کوردستان و عێراق و ناوچەکە و ناوخۆی وڵاتیش، زیاتربکات، بۆنموونە کۆنترۆڵکردنی زیاتری جموجووڵی کوردەکانی باکوور، واتە شەڕی پەکەکە بۆ تورکیا سەری قولاپەکەیە و ماسی گەورەتری پێ ئەگرێت، ئەمە جگە لەوەی تاقیگە و نمایشگەیەکیشە بۆ پێشخستن و بە بازاڕکردنی درۆن و چەکە نوێکانی.
بۆ ئەوەی باشتر لەوەش تێبگەین کە لەناوبردنی پەکەکە ئامانجێکی گرنگ نییە بۆ تورکیا دەبێت بۆ ئەو فاکتە بگەڕێینەوە کە دەڵێت "بەگشتی ئێستا لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا قەیران، سفر یان یەکلاناکرێتەوە، بەڵکو قەیران بەڕێوەدەبرێت و بۆ ئامانجی گەورەتر بەکار دەهێنرێت.
بۆیە تورکیا سەد ئۆپەراسیۆنی تریش بکات ئەوا هەرگیز ئامانجی ئەوەی نییە ئەم شەڕە – بەبێ دەستکەوتی گەورەتر - بە کۆتا بهێنێت، چونکە دەتوانێ وەک پاساو بۆ شتی گەورەتر بەکاری بھێنێتن. ئەوەی وا دەکات پاش نزیکەی پەنجا ساڵێک لە خەبات، پەکەکە وەک ئامانج نەمێنێتەوە لە سیاسەتی تورکیادا گەورەبوونی تورکیا و چەقبەستنی خەباتی پەکەکەیە لە جێگەی خۆیدا.
بە گشتی بۆ کۆکردنەوەی باسەکەمان دەبێت کورد لەوە تێبگات دونیا لە گۆڕانکاری و بەرەو پێشچوونێکی خێرادایە نەیارەکانمان بەشداریان لەم گۆڕانکاریەدا کردووە، دەبێ ئێمەش وریای ئەم بەرەو پێشچوونە بین دەنا دە ساڵێکی تر ئێمە لەناو ئەو هاوکێشە گەورانەدا سفر دەبینەوە.

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
