فەرهاد عەلائەدین
لەنێو پێشبینییەکانى ئەگەرى پاشگەزبوونەوەى لە بڕیارى کشانەوە لە پرۆسەى سیاسى، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر گومانەکانى نەهێشت، کاتێک بۆ ئەندامانى فراکسیۆنە دەستلەکارکێشاوەکەى گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتى: "دەمەوێت شتێکتان پێ بڵێم، من بڕیارمداوە لە پرۆسەى سیاسى بکشێمەوە، تاوەکو بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ گەندەڵکاراندا هاوبەش نەبم، نە لە دونیا و نە لە کۆتایی".
ئەو جەختکردنەوەیەى سەدر لەکاتى دیدارێکیدا بوو لە حەنانە لە 15ى حوزەیران، بەوە کۆتایی بەو مشتومڕە هێنا کە لەو بارەیەوە دروست ببوو، لەبارەى ئەوەى پەرلەمانتاران و دەستەى سیاسیی رەوتى سەدر سەرپشک بکرێن بۆ گەڕانەوە، ئەگەر سەدر دەستبەردارى کارى سیاسى بێت و نەگەڕێتەوە.
بەگوێرەى چاودێران، دەکرێت بڕیارەکەى سەدر بە بوومەلەرزەیەکى سیاسیى وەسف بکرێت، بۆ دۆخێکى سیاسیى کە خۆى لە بنەڕەتدا ئاڵۆز و تەمومژاویی بوو، کە لە دامەزراندنییەوە لە ساڵى 2003، تاوەکو ئەمڕۆ سەقامگیرى نەبینیوە و لە ساڵى 2006ـەوە ئەوە یەکەم کشانەوەى لەو جۆرەیە کە سەدر بیکات، سەرەڕاى سەرکەوتنى بەرچاوى بە بەدەستهێنانى 73 کورسیی پەرلەمان لە سایەى پاشەکشێى نەک هەر رکابەرەکانى لە هێزە شیعەکان، بەڵکو زۆرینەى هێزە سیاسییە بەشدارەکان لەیەکەم هەڵبژاردنى پێشوەختى پەرلەمانی عێراق، ئەم کشانەوەیە کە چینێکى بەرفراوانى پێکھاتەى شیعە بەهۆیەوە نوێنەرایەتى کاریگەریان لە پەرلەمان نەما، بەتایبەت چینى هەژار و کەمدەرامەت کە بەدەست خراپى بژێویى ژیانەوە دەناڵێنن.
کشانەوەى فراکسیۆنى سەدر بەدوایدا کشانەوەى بزووتنەوەى حقوق هات کە باڵى سیاسى کەتائیبی حیزبوڵڵایە، حوسێن موئنەس، سەرۆکى بزووتنەوەکە گوتى: "بڕیارمانداوە لە پەرلەمان بکشێینەوە و کورسی دەستلەکارکێشاوەکان پڕ نەکەینەوە، چونکە ئێمە نابینە جێگرەوەى برایانى کوتلەى سەدرى". لەگەڵ ئەوەى بڕیار بوو بزووتنەوەکەى پێنج کورسی دیکەى جێگرەوەى هەبێت بەهۆى کشانەوەى فراکسیۆنى سەدر.
قەیس خەزعەلی، سەرکردەى بزووتنەوەى عەسائیب ئەهلی حەق لە 24ى حوزەیراندا داواى کرد هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، لەپاش کشانەوەى رەوتى سەدر کاتێک گوتى: "داوا دەکەم رێککەوتنى سیاسى بکرێت بۆ دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکان لەپاش هەموارى یاساى هەڵبژاردنەکان و هەڵوەشاندنەوەى دەنگدانى ئەلیکترۆنى و ئەنجامدانى گۆڕانکاریى لە کۆمسیۆندا". پاساوى ئەو داواکارییەى ئەوە بوو کە "تەنگژەى ئێستا قوڵ و زیاتر و ئاڵۆزترە و ناکرێت حکومەت لە دۆخێکى نائارامدا پێکبهێندرێت و بتوانێت سەرکەوتوو بێت".
چوارچێوەى هاوئاهەنگى گەیشتە رێککەوتنێک لەگەڵ هاوپەیمانیی سەروەرى و پارتى دیموکراتى کوردستان لەبارەى ئەنجامدانى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ سوێندخواردنى پەرلەمانتارە جێگرەوەکان و لەپاش ئەوەى سازشى بۆ هاوپەیمانى سەروەرى و پارتى دیموکراتی کوردستان کرد، لەوانە رەزامەندیدان بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەنى نوێنەراند کە گرەنتى هەڵوەشاندنەوەى ناوى دەستەى سەرۆکایەتى بکات و بگۆڕدرێت بە سەرۆک و دوو جێگرەکەى، ئەوە جگە لە خوێندنەوەى راگەیێندراوێک لە هەمان کۆبوونەوە کە تێیدا چوارچێوەى هاوئاهەنگى دانى بەوەدانا کە پەیوەست دەبێت بە چارەسەکردنى کێشەکانى نێوان بەغدا و هەولێر و تێپەڕاندنى یاسای نەوت و گاز.
هۆکارەکانى کشانەوەى سەدر
ئەوانەى گرنگى بە کاروبارى عێراق دەدەن تێڕوانینیان جیاواز بوو لەبارەى هۆکارەکانى کشانەوەى سەدر و دەرهاویشتە و پاشکەوتەکانى لەسەر پرۆسەى سیاسى، هەروەها لادانى ئەو تەمومژەى کە هێشتا هەیە لەبارەى هۆکار و پاڵنەرەکانى ئەو بڕیارەى سەدر، کە سەرجەم کایە سیاسییەکانى بە شەقامى عێراقیشەوە شۆککرد، زۆرینە پێیانوابوو کە هەڕەشەى نێوخۆیی و دەرەکى لەپشت ئەو بڕیارەوە بوون، کە وایکرد موقتەدا سەدر لە 22ى حوزەیران راگەیێندراوێک لەوبارەیەوە بڵاوبکاتەوە و تێیدا رەتیکردەوە کە ئەو جۆرە گوشارانەى لەسەر هەبووبێت و روونیکردەوە: "ئەوەى لەبارەى کشانەوەمان بڵاودەکرێتەوە گوایە بەهۆى هەڕەشەى ئێرانەوە بووە درۆیە و راست نییە"، کشانەوەکەى بەستەوە بۆ خۆ دوورخستنەوەى لە لایەنگەلێک کە ناوى نەبردوون و نایەوێت: "بەشداربێت لەگەڵیان بۆ لەباربردنى ئەوەش، کە هێشتا لە عێراق ماوەتەوە".
راگەیێندراوەکەى سەدر پرسیارگەلێکى زۆرى دیکەى وروژاند لەبرى ئەوەى وەڵامى بۆ پرسیارگەلەکانى پێشوو هەبێت، کاتێک داواى لە هاوبەشەکانى کرد لە رێککەوتنى سێ قۆڵى بە گرتنەبەرى "هەڵوێستى ئازایانە لەپێناو چاکسازى و رزگارکردنى نیشتیمان و هاوتەریب نەرۆیشتن لەگەڵ گوشارە تائیفییەکانیان و ئەوانە بە "بڵق" ناوبرد کە زوو نامێنن، ئایا سەدر تووشی بێئومێدى بووە لێیان لەپاش ئەوەى لەگەڵ چوارچێوەى هاوئاهەنگى رۆیشتن، لەبرى ئەوەى هەڵوێستى پێوست بگرنەبەر.
سەدر لەنێوان گۆشەگیری و گەڕانەوە
پەیامەکەى سەدر لە حەنانە لەگەڵ ئەندامانى فراکسیۆنە دەستلەکارکێشاوەکەى لە 15ى حوزەیران، ئەوە بوو کە لەگەڵ گەندەڵکاران لە ژیان و کۆتایی بەشدار نابێت، بەڵام ئاماژەى بەوەشدا کە "ئەگەر بەشداریمان لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو کرد بەژن و پیاوەوە لە ئامادەباشیدابن و پەرت نەبن و لەڕووى سیاسى و عەقائیدی و پەرلەمانى و یاساییەوە خۆتان پەرەپێبدەن، و پەیوەندیتان لەگەڵ گەلى عێراق هەبێت"، ئەوە بە روونى ئاماژە بوو بۆ ئامادەکارییەکانى بۆ ئەوەى جارێکى دیکە بەشدارى لە هەڵبژاردنەکاندا بکاتەوە، بەڵام بە مەرجگەلێک کە باسی نەکردن.
تاوەکو ئەم ساتە رێبەرى رەوتى سەدر بە وتەیەکى یەکلایکەرەوە، هەڵوێستێکى روونی نەبووە، ئەو کۆبوونەوەى حەنانە بە "دیدارى ماڵئاوایی" ناوبرا، بەڵام ئەوەى روون نەکردەوە کە ئەو ماڵئاواییکردنە لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارەکانى بوون کە لەبەردەمیدا دانیشتبوون، یان ماڵئاوایی لە رەوتەکەى دەکات؟ یان ئەوە ئاماژە بوو بۆ بەجێهێشتنى جیهانى سیاسى بەبێ گەڕانەوە.
لەکاتێکدا لە راگەیێندراوێکدا کە 22ى حوزەیران بڵاویکردەوە ئاماژەى بەوەدا: "سوپاسگوزارى خوا دەکەین کە گۆشەگیرى لەوان و لە پلانەکانیان پێ بەخشیم، لە سایەى خۆشەویستى بۆ عێراق و گەلى عێراق" بەو واتایە کە لە سیاسەت دوورنەکەتووتەوە، بەڵکو گۆشەگیر دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ چینى سیاسی فەرمانڕەوا.
زۆرینەى چاودێران پێیانوایە کە سەدر تووڕەیی شەقام بەکاردەهێنێت بۆ لێدان لە پرۆسەى سیاسیى ئێستا بە چینە فەرمانڕەواکەیەوە، تاوەکو زووبێت یان درەنگ مەرج و داواکارییەکانى بسەپێنێت بەسەر ئەو چینە فەرمانڕەوایەدا، هەروەها زیاتر چانسى گەورەى خۆى لە نزیکبوونەوە لە شەقام دەبینێت لەبرى سازان لەگەڵ چینى سیاسیی فەرمانڕەوا، بەڵام چاودێران لەم سنوورەدا دەوەستن و پێشبینى دەکەن رەوتى سەدر بۆ جارێکى دیکە بگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا یان لەپاش ئەنجامدانى هەندێک هەموارى سادەى دەستوور، بەڵام پێدەچێت ئەو بۆچوونە کەم بێت بەراورد بەوەى کە سەدر بیرى لێدەکاتەوە، چونکە دەستبەرداربوونى لە گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمان لەپێناو ئەوە نابێت کە جارێکى دیکە بگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت و رووبەڕووبوونەوەى سێیەکى پەکخەر دووبارە بکاتەوە، کە وایکرد براوەى یەکەم نەتوانێت هەوڵە پەرلەمانى و حکومییەکانى جێبەجێبکات.
لێرەوە دەتوانین بڵێین کە ئەگەر سەدر بڕیارى دەستبەرداربوونى لە کایەى سیاسیى نەدابێت، خۆى ئامادە دەکات بۆ رێکخستنى خۆپێشاندانى گەورە کە پێشتر نەبووە بۆ ئەوەى گوشار بەئاراستەى گۆڕانکارىی بنەڕەتى لە سیستمى سیاسی بە تێکڕا بکات، بۆیە ئەوە بەدیدەکرێت کە زۆینەى بۆچوون و مامەڵەکانى رەوتى سەدر و تێزى سەرکردەکانى بە ئاراستەى گرنگى ئەنجامدانى هەموارى دەستوور و گۆڕینى سیستمى حکومڕانییە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتى و هەڵژاردنى سەرۆککۆمار و پارێزگارەکان بەشێوەى راستەوخۆ، بۆیە دوور نییە ئەگەر رەوتى سەدر ئەو ویستانەى بوونیاتى ناوە لەو بارەیەوە بۆى جێبەجێنەکرا، بەرەو کۆتا چارەسەر بچێت کە راپەڕینى جەماوەری سەرتاسەرییە، کە سیستمى ئێستاى حوکمڕانى لابدات و سیستمێکى جێگرەوە بێنێتە کایەوە، کە تەواو جیاواز بێت لە پێشینەکەى، جەلیل نوورى یەکێک لە نزیکترینەکان لە رێبەرى رەوتى سەدر لە تویتێکدا لە 25ى حوزەیران گوتى: " دۆخى شلەقاو و ناسەقامیگریی وڵات و ئەو رووداوانەش کە لە رۆژانى داهاتوودا لێى دەکەوێتەوە، هیچ کەسێک لە ئاگرەگەى بە دوور نابێت".
چاودێریکردنى رێڕەو و ئاڕاستەکانى شانۆى سیاسی لەلایەن رەوتى سەدرەوە بۆ رۆژێکیش نەوەستاوە، محەممەد ساڵح عێراقى وەزیرى رێبەرى رەوتى سەدر لە 24ى حوزەزیران راگەیێندراوێکى تووندى بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنەى لە هێزە سیاسییەکان گرت و تۆمەتباریکردن بەوەى"وەزیرى سەدرى لەو رەوتە یان جیابووەوە یان دەرکراو یان هاوسۆزى دەبەنە نێو ئەو حکومەتەى دەیانەوێت پێکیبهێنن" وەک هەوڵێک "بۆ بێدەنگکردنى شەقامى سەدرى لەلایەک و تۆمەتبارکردنى بە بەشداریکردن لە حکومەتێکى گەندەڵدا لەلایەکى دیکەوە"، ئەو وەزیرەى رەوتى سەدر رەتیکردەوە کە دانوستاندن لەگەڵ هیچ لایەنێکى سیاسى هەبێت لەو بارەیەوە "هیچ کەسێک نییە نوێنەرایەتییمان بکات لە دانوستاندن و دیالۆگ و هیچ شتێکى لەوجۆرە".
هەڵسەنگاندنى چاودێران لەبارەى جوڵەى سەدر و کشانەوەى جیاوازن، هەندێک پێیانوایە کە هەڵەیەکى ستراتیژى کردووە و زیانى گەورەى لێدەکات، هەندێکى دیکە پێیانوایە کە سەدر پرسەکانى بەشێوەیەکى زۆرباش پێوانە کردووە و دەزانێت کە بەلەمەکە خەریکە نقوم دەبێت و خۆى لێ هەڵداوەتە خوارەوە بەرلەوەى لەگەڵیدا نقوم ببێت".
هەموو ئەوەى باسکرا هەڵویستى سەدر و رەوتەکەى دەردەخات بەوەى کە گۆڕپانى سیاسى بەجێناهێڵێت و دەستبەردارى جەماوەرەکەشی نابێت، کە بەهۆیەوە بووە سەرۆکارى پرۆسەى سیاسى و لەپشت رێبەرەکەى بوون و پاڵپشتیان کرد بۆ ئەوەى زۆرترین چانس و ئامادەگی و کاریگەرى هەبێت لەسەر ئاستى عێراق، ئەوە دەرکەوت کە بەهەر شێوەیەک بێت رەوتى سەدر دەگەڕێتەوە، بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت پێشبینی کات و شێوازى گەڕانەوەکەى بکات، لەبەرامبەردا رکابەرەکانى سەدر زۆرباش راستى و مەترسیى گەڕانەوەى سەدر دەزانن لەڕێگەى راپەڕینى جەماوەرى یان جووڵەیەکى سیاسى کە ببێتە گرەنتى هەڵگەڕاندنەوەى هاوکێشەکە، بۆیە ئەوان سەرگەرمى خۆئامادەکردنن بۆ کەمکردنەوەى کاریگەریی رەوتى سەدر بەر و دواى گەڕانەوەى بۆ گۆڕانى سیاسی، ئەگەر رێگەى گەڕانەوەى هەر چۆنێک بێت، لەنێوان گەڕانەوەى چاوەڕواننەکراوى سەدر و دەرهاوێشتەکانى، عێراق لەبەردەم گەردەلوولێکدایە کە قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکان بێ هودە تووندى دەکەنەوە.



