وەرگێڕانی: بژار زوبێر
گوتاری ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا
"ئەم دواییانە، شەرەفی ئەوەم هەبوو چاوم بە کۆمەڵێک هونەرمەندی عێراقی بکەوێت کە تابلۆکانیان - کە لە کۆمەڵەی هونەرمەندانی شێوەکاریی عێراقی خراونەتەڕوو - دیمەنە دەوڵەمەندەکانی عێراق پێشاندەدەن. پێشانگەکە، کە دوو هونەرمەندی ژنی تێدابوو، هەمەڕەنگیی ژینگەی عێراقی نیشاندەدا، لە دۆڵە سەوزەکانی باکوورییەوە تا هۆرە چڕوپڕەکانی باشووری. ئەو پەیامەی لەم هونەرمەندانەوە وەرمگرت روونە: پێویستە ئێستا کارێک بکەین بۆ ئەوەی ئەم جوانییە سرووشتییە لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەواوە بپارێزین.
کاریگەریی ئەو گازە گەرمکەرانەی کە لە ئەنجامی چالاکیی مرۆڤەوە دەردەدرێن، تەنیا لەسەر گۆڕینی دیمەنی سرووشتی کورتنابێتەوە، نە کێشەیەکیشە کە تەنیا لە ئایندەدا بمێنێتەوە. پلەی بەرزی گەرمای گڕدار، خۆڵبارینی کوێرکەر و وشکەساڵی درێژخایەن بوونەتە کۆمەڵە دیاردەیەک کە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر نزیکەی هەموو رووەکانی ژیانی رۆژانەی ملیۆنان عێراقی جێهێشتووە. ئەگەر هەنگاویی خێرا لە لایەن حکومەتەکانی سەرانسەری جیهانەوە نەنرێن - لە نێویاندا حکومەتی عێراقی - ئەوا خێرایی ئەم گۆڕانکارییانە زیاتر دەبێت و هەموو ناوچەکانی ئەو دەڤەری کە سەردەمانێک بە "نیوەمانگی بەپیت" ناودەبرا، وا لێ دەکات کە بۆ نەوەکانی داهاتوو بە کەڵکی ژیان نەیەن.
ناتوانین رێگەبدەین ئەمە رووبدات. پێویستە خێرا رێوشوێن بگرینەبەر بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە هەسارەکەمان، ئەمریکاش پابەندە بە گرتنەبەری رێکاریی بەهێز لە شەڕی جیهانی دژی گۆڕانی کەشوهەوادا.
ئەم مانگە، جۆ بایدن، واژۆی لەسەر یاسایێکی وەرچەرخێنەر کرد کە گەورەترین وەبەرهێنان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا مسۆگەر دەکات، وەبەرهێنانێک بە بەهای 369 ملیار دۆلار کە کارامەیی لە بەکارهێنانی وزەدا زیاد و دەردانی گازە گەرمکەرەکانیش کەمدەکاتەوە. ئەم یاسایە گرنگە تەواوکەری هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ بەرزکردنەوەی ئامانجە جیهانییەکانی کەشوهەوای جیهانی، کە لە لایەن جۆن کێری، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری کەشوهەواوە سەرکردایەتیی دەکرێت.
ئەو ئەرکە نێودەوڵەتییە درێژدەبێتەوە تا دەگاتە هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. بە پێشەوایەتیی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)، ئێمە یارمەتیی دارایی، شارەزایی تەکنیکی و ئەو سیستمانەمان دابینکردوون بۆ هاوکاریکردنی عێراق تاوەکو لە ئاستی ئاڵنگارییەکانی داهاتوودا بێت. ئەم [هاوکارییە] باشترکردنی کارگێڕیکردنی ئاوی عێراقی لەخۆگرتووە و یارمەتیدەربووە لەوەی کە زیاتر لە 10 ملیۆن عێراقی دەستیان بەو سەرچاوە گرنگە بگات. هەروەها ئێمە لەگەڵ بازرگانییەکان، قوتابخانەکان و دامودەزگا حکومییە خۆجێیەکانی عێراق لە نەینەواوە تا بەسڕە، کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی خەڵک لە بارەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. هەروەها ئێمە یارمەتیی عێراقمانداوە لە دانانی [پلانێکی] ستراتیجیی پێنج ساڵە بۆ ئەوەی گەیاندنی پێشبینییەکانی کەشوهەوا بە جووتیارەکان باشتربکرێت و زیانکەوتن بە دانەوێڵە و خاک نەهێڵدرێت، [بۆ ئەوەی بەو شێوەیە] خۆراکی عێراق لە مەترسییەکانی کەشوهەوا بپارێزرێت کە تادێت ناسەقامگیرتر دەبێت.
بە تایبەتی شانازی بە هەوڵەکانمان دەکەم بۆ پەیوەندکردنی عێراقییەکان بە ئەمریکییەکانەوە بۆ ئەوەی بتوانین لە یەکدی فێربین لە کاتێکدا هەردوو وڵات رووبەڕووی ئاستەنگەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەبنەوە.
دوو هەفتە لەمەوبەر، زیاتر لە 40 بەرپرسی عێراقی لە سەردانێکیان بۆ شوێنەکانی سەرتاسەری ئەمریکا گەڕانەوە، کە لەوێ لەگەڵ پسپۆڕانی ئاو و شارەزایانی دیکە کۆببوونەوە و زانیارییان لە بارەی چۆنیەتی خۆگونجاندنی ئەمریکا لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەواوە فێرببوون. وەک یەکێک لە بەشداربووە عێراقییەکان سەبارەت بە سەردانەکە گوتی، "ئەو زانیاریانەی بەدەستمان هێناوە یارمەتیی عێراق دەدەین باشتر لە سەرچاوە ئاوییە سنووردارەکانی کەڵک وەربگرێت."
بەپێی پلانی فریاگوزاری سەرۆک [بایدن] بۆ گونجاندن و خۆڕاگری (PREPARE)، ئەمریکا پابەندە بە بنیاتنانی هاوبەشی بەهێزتر بۆ زیادکردنی توانای بەکۆمەڵمان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی [گۆڕانی] کەشوهەوا.
قەیرانی کەشوهەوا کاریگەریی دەخاتە سەر هەموو وڵاتێک، هیچ وڵاتێکیش ناتوانێت بە تەنیا چارەسەریبکات. خۆشبەختانە، حکومەتی عێراق چووتە ریزی هەوڵە جیهانییەکان بۆ کەمکردنەوەی دەردان[ی گازە گەرمکەرەکان]، رووکردنە وزەی نوێبووەوە و لەخۆگرتنی رێوشوێنی زیرەکی تایبەت بە کەشوهەوا.
لە ساڵی 2021، [عێراق] چووە نێو رێککەوتنی کەشوهەوای پاریسەوە، وەکو بەشێک لە یەکەمین بەشدارییە نیشتمانییە پێداگرەکەی، ئامانجێکی بۆ خۆی دانا تاوەکو دەردانەکان لە سەدا یەک تاوەکو دوو کەمبکاتەوە، هەروەها چووە نێو رێککەوتنی جیهانی میسانەوە. لە کاتێکدا کە ئەمریکا ئەم پابەندییە وەرچەرخێنەرانە بەرزدەنرخێنێت، ئێستا گرنگە عێراق رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ ئەوەی جێبەجێیان بکات. ئێمە داوا لە سەرکردەکانی عێراق دەکەین کە 27ـەمین لووتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەرموشێخ-ی میسر لە کۆتایی ئەمساڵ بەکاربێنن بۆ پێداچوونەوە و بەهێزکردنی پابەندییە نیشتمانییەکەی عێراق و وەبەرهێنانێکی یەکلاکەرەوە لە تەکنەلۆژیادا، هەروەها وەبەرهێنانی پێویست بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی کە لە پابەندییەکەدا دیاریکراون.
کەمکردنی دەردانەکانی عێراق رەنگە وا دیاربێت بە زەحمەت بێت؛ ئەو گوشارە ئابوورییەی کە بۆ بەکارهێنانی وزەی دەوڵەمەند بە کاربۆن راستەقینەیە، رەنگە لە هیچ شوێنێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوە زیاتر نەبێت. بەڵام ئەم ئامانجە دەکرێت، بەدیبهێنرێت، بارودۆخی ئێستاش سوودی وای تێدایە کە رەنگە لە رابردوودا بۆ هەندێ کەس شتێکی ئەندێشەیی بان. لە کاتێکدا کە نرخی بەرزی نەوت ترلیۆنان دیناری یەدەگ بەرهەمدێنن، پێگەی ئێستای عێراق لە هەموو کاتێکی رابردوو باشترە بۆ دروستکردنی ژێرخان و وەبەرهێنانەکانی دیکەی کە لە ئایندەدا لە پاراستنی سەرچاوەکان و کەمکردنەوەی دەردانەکاندا یەکلاکەرەوە دەبن و کارگەریی ئەرێنیان لەسەر ژیانی ملیۆنان عێراقی دەبێت.
گۆڕانی کەشوهەوا رەچاوی [جیاوازیی] پارتە سیاسییەکان و ئایدۆلۆژییەکان ناکات. لە کاتێکدا کە گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بەردەوامن، شتێک روون و دیارە: سەرکردەکانی عێراق، بێ جیاوازی لایەنەکانیان، بەردەوامدەبن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو راستیەی کە پێویستە هاوکاریی هاووڵاتییانی بدەن خۆیان لەگەڵ هەسارەیەکی گەرمبوو و ژینگەیێکی ژێرگوشار بگونجێنن. هەر یەک لەو سەدان عێراقییەی کە من لە مانگەکانی دەستپێکی کارەکەم وەکو باڵیۆز بینیومن، رووبەڕووی هەمان راستی دەبنەوە، گرنگ نییە تەمەنیان چەند بێت، لە کوێوە هاتوون یان چ بیروباوەڕێک پەیڕەودەکەن.
ئێمە هەموومان پێویستە بە رۆڵی خۆمان هەستین لە کاتێکدا کە کاردەکەین بۆ ئەوەی جیهانێکی خۆڕاگر، خۆشگوزەران و یەکسان بە سفر دەردانەوە بۆ منداڵ و نەوەکانمان فەراهەم بکەین. بە کردنی ئەو کارە، نەک تەنیا ئەو دیمەنە سرووشتییانە دەپارێزین کە هونەرمەندە عێراقییەکان کە میراتی دێرینی سەربەرزانەی هەموو عێراقیێکن، کێشاویانە، بەڵکو هەسارەیەکی سەلامەت، سەقامگیر.
لە بارەی نووسەر:
- ئەلینا رۆمانۆڤسکی، لە 2ی حوزەیرانەوە وەکو باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا دەستبەکاربوو.
- لە 26ی ئەیلوولی 1955 لە ئیلینۆی لەدایکبووە.
- ماستەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە.
- زمانەکانی فەرەنسی، عەرەبی و عیبری دەزانێت.
- 40 ساڵە فەرمانبەری حکومەتی فیدڕاڵی ئەمریکایە.
- لە 2003وە لە وەزارەتی دەرەوە کاردەکات.
- یەکەم بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەستپێشخەری هاوبەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە.
- سەرنجی لەسەر رۆژهەڵاتی نزیک و باشووری ئاسیا بووە.
- 10 ساڵ وەکو توێژەر لە CIA کاری کردووە.
- پێش پۆستەکەی بەغدای، باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە کوێت.


.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)