ئێستا کە ئەم وتارە دەخوێننەوە ، من وەک بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو ، بە بانگهێشتی فەرمی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ، لەنێو ئەو فڕۆکەیەدام کە سەرۆکوەزیرانی فیدرالیی عێراق عەلی فالح زەیدی و شاندی یاوەری هەڵگرتووە بەرەو واشنتنی پایتەختی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەشدارکردنی دەزگا میدیاییە گرنگەکان و کۆمپانیا گەورەکان لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە هەنگاوێکی تازەی دەوڵەتدارانەیە لە عێراق و گرنگی جێگەی دەستخۆشییە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم گەشتی نێودەوڵەتی و دەرەوەی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بۆ پایتەختی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات. شاندی فەرمیی عێراق ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عێراق، کەسایەتی و بازرگان و نوێنەری دامەزراوە کاریگەرەکانی عێراق لەخۆدەگرێت. تۆڕی میدیایی رووداو بە فەرمی بانگهێشتکراوە و یاوەری عەلی زەیدی دەکات و بەشدارە لەم سەردانە میژووییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دا.
سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، تەنیا گفتوگۆی دۆسیە سیاسییەکان لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا لەخۆناگرێت، بەڵکو نەخشەڕێگەی هاوبەشی ئەمنی، ئابووری و وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و ئەمریکا بۆ ساڵانی داهاتوو دیاری دەکات. ئامادەکاری تەواو بۆ سەردانەکە کراوە و، ئەو پشتیوانییەی لە عەلی فالح زەیدی دەکرێت لەلایەن ئەمریکاوە، پێشتر لە هیچ سەرۆکوەزیرانێکی دیکەی عێراق نەکراوە .
لە سەردانێکی لەم ئاستەدا، ئامادەبوون تەنیا بۆ ئەو لایەنانە رەخسێندراوە کە سەلماندوویانە هاوبەشێکی جێی متمانەن و کاریگەرن و خاوەن توانا و پێگەی دیارن لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە.
بەشدارکردنی رووداو پەیامێکی گرنگی هەڵگرتووە کە بریتییە لەوەی بەغدا تۆڕی میدیایی رووداو وەک دەزگایەکی میدیایی پرۆفیشناڵ و خاوەن متمانە دەبینێت، کە توانای نوێنەرایەتیکردنی دیمەنی میدیایی هەیە لە گرنگترین کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا، بۆیەش دەیکاتە هاوسەفەری سەرۆکوەزیران لە سەردانەکەیدا بۆ گەورەترین وڵات و زلهێزی جیهان .
تۆڕی میدیایی رووداو، وەک یەکەمین دەزگای میدیایی لە هەرێمی کوردستان کە یاوەریی شاندی فەرمیی عێراق دەکات لەم سەردانەدا، ئەم بەشدارییەی تەنیا بانگهێشتێکی پرۆتۆکۆلی نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی ئەو پێگەیە کە رووداو لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەک لە ناوچەکە و جیهان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بنیادیناوە.
لە ساڵی 2013ەوە کاتێک تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی لە ئەمریکا دەستپێکرد، رێگەیەکی ئاسان و ئامادەکراوی لە بەردەم دا نەبوو. دەستپێک لە خاڵی سفرەوە بوو، بەڵکو دروستکردنی بناخەی کارکردنی میدیاکارانی کوردستان بوو لە واشنتن. کاری رووداو لەسەر بنەمای ئەو باوەڕەبوو کە داهاتووی عێراق و کوردستان تەنیا لە بەغدا و هەولێرەوە داناڕێژرێت، بەڵکو واشنتن وەک یەکێک لە گرنگترین پایتەختە کاریگەرەکانی جیهان بۆ ناوچەکە دەمێنێتەوە و بوونی دەزگایەکی میدیایی پرۆفێشناڵی کوردستانی لەوێ، وەبەرهێنانێکی ستراتیژییە بۆ داهاتوو. لە 2013 ەوە ئەو پرسیارەی لەلای خەڵکی کوردستان و عێراق هەبووە لە کۆشکی سپی و لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەلایەن پەیامنێرانی رووداو لە سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک و نوێنەرانی وڵاتان کراون .
لە ساڵانی رابردوودا، رۆڵی رووداو تەنیا لە چوارچێوەی گواستنەوەی هەواڵ دا نەبووە، بەڵکو بووە بەشێک لە دیمەنی میدیایی ئەمریکا. پەیامنێرانی رووداو، سەرۆک و وەزیر و ئەندامانی کۆنگرێسیان بینین لەچوارچێوەی کاری میدیایی خۆیان دا ، ئەو پرسیارانەیان ئاراستەکردن کە پرس و نیگەرانییەکانی عێراق و کوردستانیان دەگواستەوە بۆ بەرزترین ئاستەکان، تەنانەت لە هەندێک دۆخ دا بوونە هۆی ئەوەی تیشک بخرێتە سەر ئەو پرسانەی کە لەنێو بازنەکانی بڕیاردان لە ئەمریکا گرنگیی پێویستیان پێنەدرابوو.
ئەمڕۆ، پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەمریکا دەچنە قۆناخێکی نوێ. رووداو هەنگاو دەنێت بەرەو پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ بڕیاربەدەستان، دامەزراوەکان، سەنتەرەکانی توێژینەوە و ناوەندە کاریگەرەکانی ئەمریکا.
بەشداریی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ شاندی فەرمیی حکومەتی عێراق لە سەردانی ئەمریکا دا، خاوەن گرنگییەکی هەمەلایەنەیە. ئەویش ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان دامەزراوەیەکی بەهێز و کاریگەر هەیە کە توانای دروستکردنی هەژموونی لە رێگەی پیشەییبوون و متمانەوە هەیە.
رووداو هەمیشە لە ناوەندی رووداوە گرنگ و مێژووییەکان دەبێت و بەشدارێکی راستەقینەی میدیاییە لە گۆڕانە بنچینەییەکان دا.



