عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوەکو ئێستا لە سەردانەکەی توانیویێتی سەرلەنوێ پێناسەی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن بنووسێتەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا شاندی عێراق لە واشنتن دی سی بە ئامادەکارییەوە چەندین پەیامیان بە هاوتا ئەمریکییەکانیان گەیاند. ئەو پەیامانەش بریتی بوون لە بابەتی ئەمنی، وزە، نەوت و نەخشەی وزەی ناوچەکە و وەبەرهێنان لە چەندین کەرتی جیاواز.
زەیدی لە کۆبوونەوە کراوە و داخراوەکاندا پێش بەرپرسانی ئەمریکا باسی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی کردووە. عێراقییەکان دەڵێن گرووپە چەکدارەکان بۆ سەردەمی داعش بەسوود بوون و چی دیکە پێویست بە بوونیان نییە. لە کاتی دیاریکراوی خۆی ئەو پرسە بە خۆشی یان ناخۆشی دەبێت کۆتایی بێت. عێراق دەیەوێت بە ئەمریکا بڵێت کە ئێستا توانای پاراستنی خاکی خۆم هەیە و دەتوانم ژێرخانێکی سەقامگیر بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دابین بکەم. لەگەڵ کۆتاییهێنانی ئەرکی هاوپەیمانانیش عێراق ئامادەکاری بۆ پەیوەندییەکی ئەمنی تاکلایەنانە لەگەڵ وڵاتان دەکات.
گفتوگۆکان پرسی بەرگریی ئاسمانی و هاوئاهەنگی نێوان هەولێر و بەغداشیان گرتەوە. هەموو ئامادەکارییەکان کراوە لەدوای کۆتایهێنان بە پرسی گرووپە چەکدارەکان، ئەمریکا بەرگری ئاسمانی بۆ زیاتر لە 20 شوێن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دابین بکات. بەڵام ئەم پرسە دووبارە پەیوەستە بە سەرکەوتنی عێراق لە پرسی چەکداماڵینی میلیشیاکان.
لە لایەکی دیکەشەوە عێراقییەکان بەچڕی کاریان لەسەر گەورە کۆمپانیاکانی وزەی وەک شێڤرۆن کردووە. هەر چەند گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە شێوازێک نین زۆر بە دڵی ئەمریکییەکان بن کە بتوانن هاوبەش بن لە بەرهەمهێان، بەڵام عێراق نەرمی دەنوێت کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بتوانن ببنە هاوبەش لە قازانج. بۆ نموونە شێڤرۆن داوای کردووە 85٪ قازانج بۆ حکومەتی عێراق بێت و 15٪ بۆ خودی کۆمپانیاکە. ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوپەڕی 10٪ لە قازانج دەبخشێتە کۆمپانیاکان، بەڵام بۆ گرێبەستەکەی شێڤرۆن و کۆمپانیا نەوتییەکانی دیکە عێراق ئامادەیە نەرمی بنوێنێت و سەرنجی کۆمپانیاکان بەلای خۆیدا رابکێشێت.
نەخشەی وەزەی ناوچەکە لە داهاتوودا لە چەقی گفتوگۆکانی عێراق و ئەمریکا بوون. تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ تورکیا و نێردەی ترەمپ بۆ دیمەشق و بەغدا، بە چڕی کار لەسەر دروستکردنی دوو رێڕۆی گەیاندنی وزە و نەوت بە دەریاری نێوەڕاست لە رێگەی سووریا و ئوردنەوە دەکات. ئەمەیش ئەگەر جێبەجێبکرێت عێراق چەندین هەنگاو لە وڵاتانی کەنداو نزیکتر دەکات. بۆ ئەمریکاش ئەمە رۆڵی تەنگەی هورموز لاوازتر دەکات و دەرفەتیش بۆ سووریا دەڕەخسێنێت ببێتە ناوەندێکی وزە لە نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ئۆپیک بابەتێکی دیکەی زۆر باسکراوە لەم سەردانەدا. بە گوتەی بەرپرسانی ئاگادار لە گفتوگۆکان، ئەگەری جێهێشتنی عێراق لە ئۆپێکیشدا هاتووەتە ئاراوە، ئەگەر بێت و رێژەی فرۆشی رێگەپێدراوی عێراق لە ئۆپێک زیاد نەکرێت. هەنگاوێکی لەو شێوەیە گۆڕانکارییەکی قووڵ لە بازاڕی جیهانی نەوتدا دەکات. وەک دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێک، رۆیشتنی عێراق دەبێتە هۆی لاوازکردنی یەکگرتوویی ئۆپێک و توانای کۆنترۆڵکردنی دابینکردنی کەم دەکاتەوە.
بڕیارە زەیدی لەم سەردانەیدا زیاتر لە 15 رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمریکا لە کەرتەکانی وزە، تەکنەلۆژیا، چاودێریی تەندروستی و کشتوکاڵ بکات. لەگەڵ گەشتەکەی زەیدی بۆ هیوستن، دانوستاندنە گرنگەکان لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل، هالیبێرتۆن، کەی بی ئاڕ و ئێکسێلێرات ئینێرجی زیاتر ئاشکرا دەبن.
تەکنەلۆژیا پایەیەکی دیکەی هاوبەشییە نوێیەکە بەغدا و واشنتنە. بەغدا هەوڵدەدات خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک بۆ عێراق رابکێشێت و هاوکارییەکانی لەگەڵ سیسکۆ فراوان بکات و رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای ئەمریکی واژۆ بکات بۆ مۆدێرنکردنی ژێرخانی دیجیتاڵی عێراق و پەیوەندییەکان و خزمەتگوزارییە حکومییەکان. رێککەوتنەکانی چاودێری تەندروستی لەگەڵ دامەزراوە پێشەنگەکانی ئەمریکا و، هەروەها هاوبەشی لە کشتوکاڵ و بەرهەمهێناندا، زیاتر ئەوە نیشان دەدەن کە پەیوەندییەکە زۆر زیاتر لە نەوت فراوانتر دەبێت.
پەیامی واشنتن بۆ هەوڵەکانی عێراق روونە: وەبەرهێنان دوای سەقامگیری دێت. کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئامادەن بە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنان بکەن، بەڵام تەنها کاتێک عێراق بتوانێت گەرەنتی ئاسایش بکات، گرێبەستەکان جێبەجێ بکات، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دڵنیابێت لەوەی کە دەوڵەت بەتەنها کۆنترۆڵی چەک دەکات.
ئەگەر ئەم بەڵێنانە جێبەجێ بکرێن، سەردانەکەی زەیدی دەبێتە دەستپێکردنی گرنگترین وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات. هاوبەشییەکانی واشنتن و بەغدا فراوانتر دەبن و عێراق، بەڵام ئاڵنگارییەکانی بەردەم زەیدی دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا دەستپێدەکەن و توانای بەدەیهێنانی بۆ ئەو بەڵێنانە یەکلاکەرەوە دەبێت لەو پەیوەندییە لە ماوەی رابردوو دروستکرا.



