ماوەى چەند رۆژێکە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى باشوورى کوردستان، هەڵمەتێک دەستیپێکردووە بۆ بە مەترسى دەرخستنى هاتنى عەرەب بۆ شار و شارۆچکەکانى ناو هەرێمى کوردستان. هەرچەندە هەڵمەتێکى درەنگ وەختە و تازە زۆر درەنگە بۆ راستکردنەوەى هەڵە کوشندەکان، بەڵام وروژاندنى هەر باشە و بێبایەخ نابێت، ئەگەر بە جۆرێک بێت بڕیاربەدەست و دەسەڵاتدارانى کورد لە مەترسییەکانى ئەم پرۆسەیە بەئاگا بهێنێتەوە.
ئەوەى ئاگایى و هۆشیارییەکى هەبێت لە مێژووی نەتەوەى عەرەب، چۆنێتى گەشەکردن و بڵاوبوونەوەیان لە سەردەمى (فتوحاتى ئیسلامیی)؛ دەستبەسەرداگرتنى خاک و نیشتمانى ئەو گەل و نەتەوانەى کە پێش سەرهەڵدانى ئیسلام، نە عەرەب بوون و نە نیشتمانى عەرەبى، هەست بە مەترسیى ئەم لێشاوى عەرەبە دەکات بۆ داهاتووى کوردستان، چونکە پێش سەرهەڵدانى ئیسلام بێجگە لە حیجاز و یەمەن، عەرەب لە هیچ شوێنێکى دیکەى ئەو جوگرافیایە نەدەژیان، کە ئێستا 22 دەوڵەتى لەسەر بینا کراوە بەناوى نیشتمانى عەرەبییەوە.
خەسڵەتى کۆمەڵگاى خێڵەکیى عەرەبى بەو جۆرەیە، چوونە هەر جێگەیەک هەوڵى پاوانکردنى دەدەن. کولتوور و دابونەریت و زمان و بەها خێڵەکییەکانى خۆیانى بەسەردا دەسەپێنن. مێژوو ئەوەى بۆ سەلماندووین، پێش چوونى عەرەب بۆ ئەو جوگرافیایەى ئێستاى نیشتمانى عەرەبى، گەل و نەتەوە و ئاینزاى جیاجیا خاوەندارێتیى ئەو خاک و نیشتمانەیان کردووە، بەڵام لەگەڵ رەوتى رۆژگاردا لەناو نەتەوەى عەرەبدا تواونەتەوە.
رۆژگارێکیش نە شام و نە ئەم عێراقەى ئێستا، هیچ عەرەبێکى لێ نەژیاوە، بەڵام ئێستا هەژموونى عەرەب بەسەریدا زاڵە. هەموو ئەو جوگرافیایانەى کوردستانیش کە بەر لێشاوى هاتنى عەرەب کەوتوون، جا چى بەهۆى کۆچى خێڵەکى بووبێت یان سەرەتا بەهۆى ئاژەڵدارى و مەڕ لەوەڕاندنەوە گەرمیان و کوێستانیان کردبێت، دواجار دەرفەتى ژیانیان بۆ خاوەنە راستەقینەکەى نەهێشتووەتەوە.
ئەوەى لە کوردستان پەیوەندیى بە پرۆسەى تەعریبى رێکخراو یان تەعریبى ستراتیجیى دەوڵەتەوە هەبێت، لەدواى فتوحاتى ئیسلامى، لەسەردەمى عوسمانییەکاندا ئەو کاتەى ئەم ناوچەیە لە ویلایەتەکانى بەسرە، بەغدا و موسڵ پێکهاتبوو، لە نیوەى دووەمى سەدەى 19 لە سەردەمى مەدحەت پاشاوە، کە والیى بەغدا بووە، ئەم پرۆسەیە دەستیپێکردووە.
سەرەتا بە بیانووى کۆتاییهێنانى دووژمنایەتیی نێوان چەند خێڵێکى عەرەبى و لێک دوورخستنەوەیان، چەند خێڵێکى عەرەبی رەشماڵنشینیان هێناوەتە ئەم دیوى زنجیرە چیاى حەمرین، بەڵام ئامانجە راستەقینەکە خستنە سەرپێى کاروانى تەعریب بووە رووەو کوردستان. ئیدی لەو کاتەوە ئەم شەپۆلە بە هۆکار و لەژێر ناوى جیاجیا تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
لە یەکەم بەردى بناخەى دروستبوونى دەوڵەتى عێراقیشەوە تاوەکو ئەمڕۆ، پرۆسەکە رێکخراوتر لەژێر چاودێریى دەسەڵات وەک بەشێک لە ستراتیژى دەوڵەت بەڕێوەبراوە. سەرەتا نەینەوا و دواتر ناوچەکانى گەرمەسێر لە دیالە و کەرکووک بە ئامانج گیراون. لە هەر قۆناخێکدا و لە سەردەمى هەر رژێمێکى حوکمڕاندا خەسڵەت و سیما و شێوازێکى جیاواز بۆ بەردەوامیى پرۆسەکە پەیڕەو کراوە، بەڵام یەک ئامانج بووە، کە پەرەپێدانى تەعریب بووە.
دەشێ لە دوو نێوانى ئێستا و سەرەتاى دەستپێکردنى پرۆسەى تەعریبدا، سەردەمى دەسەڵاتدارێتیى سەدام وەک ترسناکترین قۆناخى تەعریب وێنا بکرێت، چونکە هەموو دامودەزگا دەوڵەتی و توانا سەربازی و مەدەنییەکان و ئابووریى عێراقى خستبووە خزمەتى زیاتر چەسپاندنى تەعریبەوە، بەڵام لە راستیدا ئەوى پێشتر کرابووە بناخەى تەعریب مەترسیدارتر بوو، چونکە سیماى زۆرداریى پێوە دیار نەبوو. تەعریبى سەردەمى بەعس، تەعریبى سەردەمى زۆرەملێیە. چى ئەو عەرەبانەى وەک ئامرازى داگیرکارى لە پرۆسەکە بەکار براون و چى کوردیش وەک بەشێک لە ئامانجەکە، کە بەزۆر لە زێدى خۆى راگوێزرابوو، هەردوولا ئەو دۆخەیان بە کاتى زانیوە. کوردە راگوێزراوەکە هیواى نەبڕاوە بەوەى چەرخى رۆژگار دەگۆڕێت و دەگەڕێتەوە سەر زێدى خۆى. عەرەبە هاوردەکەش ترسى ئەوەى هەبووە رۆژێک دێت کۆتایى بەو ستەمکارییە دێت و دەبێت دەستبەردارى ئەو موڵک و ماڵە زەوتکراوە بێت. ئەوەى لەدواى کەوتنى سەدام لە ناوەڕۆکى مادەى 140ى دەستوور چەسپێندرا، جێبەجێبکرایە هەڵوەشاندنەوەى ریسى تەعریبى سەردەمى سەدام بوو، بەڵام کەس بیرى لە چارەسەرى تەعریبى سەردەمى مەلەکى نەکردەوە، کە چەسپاندنى بناخەى تەعریب بوو.
ئەوەى ئێستا دەگوزەرێت، لە هەردوو قۆناخەکەى پێشووتر مەترسیدارترە، چونکە لەلایەک جوگرافیاکەى جیاوازترە لە ناوچە سنوورییەکانى عەرەب، بازدانە بەسەر ناوچە تەعریبکراوەکانى پێشووتردا و پەڕینەوەیە بۆ ناو قوڵایى باشوورى کوردستان. بەمەش پێش هەر شت دڵنیایى بۆ ناوچە تەعریبکراوەکانى رابردوو دەستەبەر دەبێت، هەروەها تەعریبێکە بە ئاشکرا زەبروزەنگى تێدا بەکارنابرێت و جۆرێکی ئارەزوومەندانەیە.
تەعریبى ئارەزوومەندانە بەو مانایەى کورد خۆى بە رەزامەندیى خۆى موڵک و ماڵیان پێدەفرۆشێت و دەیانکاتە خاوەن ئەو نیشتمانەى لەسەرى دەژین. ئەوەى ئەمڕۆ لە بەشە تەعریبنەکراوەکەى باشوورى کوردستان لە پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک و سلێمانى بەڕێوە دەچێت، هەمان ئەو پرۆسەى تەعریبەیە، کە لە بەشە تەعریبکراوەکەى باشوورى کوردستان لە پارێزگاکانى نەینەوا و کەرکووک و دیالە بە زۆردارى چەسپێندراوە.
بۆ کەسانێک ئاشنایەتییان لەگەڵ مێژوویى تەعریبى ئەو ناوچانە هەبێت، دەزانن لەوێش سەرەتا بە ژمارەى کەم و لە چەند خێزان و بنەماڵەیەکەوە دەستیان پێکرد، تا بوون بە زۆرینە. لەناو هەرێمى کوردستانیش رۆژێک دێت دەبن بە زۆرینە. هۆکارەکەشى روون و ئاشکرا دیارە، لە بەر دوو هۆکارە، یەکەمیان لێشاوەکە بەردەوامەو هاتنى عەرەبى دیکەى بەدوادا دێت، دووهەمیش پەیوەندى بە خەسڵەتى خێزان و کۆمەڵگاى عەرەبییەوە هەیە، کە خستنەوەى نەوە و گەشەى خێزان لەناو ئەواندا چەندین بەرانبەرە بە خستنەوەى نەوە و گەشەى خێزانى کورد. ئەمەش وادەکات چەند دەیەیەکى دیکە، ژمارەى عەرەب لەناو هەرێمى کوردستان لە ژمارەى کورد زیاتر بێت.
مەترسییەکە هەر لە زیادبوونى ژمارەدا نییە، هەرچەندە ئەوە پرس و بابەتێکى گرنگ و هەستیارە، بەڵام مەترسییە راستەقینەکە لەوەدایە کە ئەوان سەر بە کۆمەڵگەیەکى دواکەوتووى خێڵەکى بەدەوین و دەستبەردارى دابونەریت و بەها خێڵەکییەکانى خۆیان نابن، بەڵکو دەسەپێنن بەسەر دەوروبەرەکەیاندا، بەجۆرێک کە دەرفەتى ژیان بۆ تۆى خاوەن ماڵ ناهێڵنەوە. یا دەبێت لەناویاندا بتوێیتەوە، یاخود لەدەستیان هەڵبێیت.
لە کۆندا حیکایەتێک دەگێڕدرایەوە کابرایەک لە گوندەوە بۆ کاروبارى بازاڕکردن و ساخکردنەوەى بەروبوومەکانى، هەفتانە چووەتە شار. ئاشناى کابرایەکى دوکاندار دەبێت و هەموو جار لە رێگەوە دەچێتە لاى ئەو، پشوویەک دەدا و وەک ئامانەت (پریاسکەیەک) لە دوکانەکەى جێدەهێڵێ و دەڕوات بۆ تەواوکردنى کارەکانى دیکەى لە فرۆشى بەروبوومەکانى و کڕینى پێداویستىەکانى. رۆژێک بەکابراى دوکاندار دەڵێت ناکرێت من هەمووجار دەبم بەئەرک بەسەر تۆوە، شوێنت لێدەگرم و تۆ ناچار دەکەم چاوت لەم (جاخەى من بێت). بۆ نایەى لەناو دوکانەکەتدا شوێنى بزمارێکم پێبفرۆشیت تا هەر جارێک هاتم شتەکانى خۆم بە بزمارەکەى خۆمەوە هەڵواسم. قسە لەم و قسە لەو لەسەر نرخى شوێنى بزمارێک رێکدەکەون و کابراى دوکاندار بە رەزامەندى خۆى و بەو نرخەى لەسەرى رێککەوتوون شوێنى بزمارەکە بە تاپۆوە دەفرۆشێت بە کاکى رێبوار. گرێبەست و شاهێد لەیەک دەگرن و ئیدى کابراى لادێ هەر جارەو کیسەیەک دێنێت و بە بزمارى خۆیدا هەڵیدەواسێت. تا جارێک پێستەیەکى گەنیوو دەهێنێت و لەناو دوکانى کابرا دەیبەستێت بە بزمارەکەوە. بۆنى بۆگەنى پێستەکە بەجۆرێکە نەک هەر کابراى دوکاندار بەڵکو دەروجیرانیش بێزار دەبن. ناڕەزایەتى و بێنە و بەرەى خاوەن دوکان بێسودە و کار دەگاتە قازى شار. بە حوکمى شەرع و یاسا خاوەن بزمار مافى خۆیەتى ئارەزووى چى بکات بە بزمارەکەوە هەڵیدەواسێت، ماڵ و مافى خۆیەتى. بۆیە لە ناچاریدا خاوەنە راستەقینەکە دوکانەکەى بۆ چۆڵ دەکات.
هەرێمى کوردستانیش دەبوو بە خوێندنەوەى مێژووى ناوچەکە، بە بینینى ئەو واقیعە تاڵەى بەشە تەعریبکراوەکەى دیکەى باشوورى کوردستان، رێگەى نەدابا شوێنى بزمارەکە بفرۆشن.



