بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لابردنی 50%ـی قەرزی کۆبووەوەی کارەبا لەو جۆرە بڕیارانەیە کە شایستەی پشتگیری و پێزانینە. ئەم هەنگاوە هەزاران خێزانی لە بارێکی دارایی قورس رزگارکرد و هیوایەکی نوێی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دروستکرد.
بەڵام لە هەمان کاتدا، حکومەت دیاریکردووە کە بڕی ماوەی قەرزەکان دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا بدرێنەوە و، ئەگەر ئەوە نەکەن، کارەبا لەسەر بەکارهێنەر دەبڕدرێت. لەڕووی ئیدارییەوە ئەم رێکارە روونە، بەڵام پرسیارێکی گرنگ دەمێنێتەوە؛ ئایا هەموو ئەوانەی کە قەرزیان لەسەرە، بەڕاستی توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەیان هەیە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە ژیان و بازاڕی رۆژانەی خەڵکدا دەبینرێت. زۆر لە خێزانەکان مووچەخۆرن یان داهاتێکی سنوورداریان هەیە و، بە درێژایی چەندان ساڵ قەرزەکانیان هێواش هێواش کۆبوونەتەوە تاوەکو گەیشتوونەتە چەند ملیۆن دینار. بۆ ئەو خێزانانە، تەنانەت دوای لابردنی نیوەی قەرزەکەش، بڕی ماوەکە هێشتا گەورەترە لەوەی لە ماوەیەکی کورتدا بتوانن دابینیبکەن.
ئەگەر ئەو راستییە لەبەرچاو نەگیرێت، مەترسیی ئەوە هەیە کە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی دیاریکراو، هەزاران خێزان رووبەڕووی بڕینی کارەبا ببنەوە. لەو دۆخەدا، حکومەت بە بڕیارێکی یاسایی کاردەکات، بەڵام کۆمەڵگە بە شێوازێکی جیاواز تەماشای بابەتەکە دەکات. زۆر لە خەڵک هەستدەکەن کە نە بەهۆی بێبەرپرسیاری، بەڵکو بەهۆی بارودۆخی ئابووری تووشی ئەو دۆخە بوون. ئەو جیاوازییەش زۆر گرنگە، چونکە کۆمەڵگە زۆرجار تەماشای بڕیار ناکات، بەڵکو ئاکامەکانی دەبینێت.
لە زۆر کاتدا، سەرکەوتنی هەر بڕیارێکی حکومەت بە خۆی گرنگ نییە، بەڵکو ئەوە گرنگە کە ئەو بڕیارە چۆن لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییاندا جێبەجێدەکرێت. ئامانجی سەرەکیی حکومەت دەبێت وەرگرتنی مافەکانی بێت، نە زیادکردنی ژمارەی ماڵە بێکارەباکان. ئەگەر سیاسەتێک ببێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتی پارە بدات، ئەوا سەرکەوتووە؛ بەڵام ئەگەر هەمان سیاسەت ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک لەبەر نەبوونی توانای دارایی لە خزمەتگوزارییەک بێبەشببن، پێویستە شێوازی جێبەجێکردنی دووبارە هەڵسەنگێندرێتەوە.
لەبەر ئەوە، باشترین هەنگاوی تەواوکەر ئەوەیە کە حکومەت رێگەی پارەدان بە قیستی مانگانە بکاتەوە. ئەمە نە لابردنی قەرزە، نە دواخستنی بەرپرسیارییە؛ بەڵکو شێوازێکە بۆ گواستنەوەی قەرزە گەورەکان بۆ پارەدانێکی ئاسان، رێکخراو و بەردەوام. ئەگەر بڕی قەرزەکە بە قیستی مانگانە دابەشبکرێت، زۆر لە هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ هیچ گوشارێکی گەورە پابەندی پارەدان بن.
سوودی ئەم رێکارە تەنیا بۆ هاووڵاتی نییە. بۆ حکومەتیش سوودمەندترە، چونکە لەجیاتی ئەوەی چاوەڕوانی بڕێکی گەورە بکات کە زۆرجار وەرناگیرێت، داهاتێکی مانگانە و بەردەوامی دەستدەکەوێت. لە هەمان کاتدا، رێژەی پابەندبوونی خەڵک بۆ پارەدان بەرزدەبێتەوە، ژمارەی دۆسیە قەرزەکان کەمدەبێتەوە و متمانەی هاووڵاتی بە سیستەمی لێوەرگرتن زیاتردەبێت.
هەروەها، سیستەمی قیست مافی حکومەتیش دەپارێزێت. چونکە دوای ئەوەی دەرفەتی دادپەروەرانە بۆ پارەدان دابینکرا، هیچ بیانوویەک نامێنێت بۆ ئەو کەسانەی بە ئەنقەست خۆیان لە پارەدان دەبوێرن. لەو کاتەدا، جێبەجێکردنی یاسا لە دژی ئەوانە، لەلایەن کۆمەڵگە و لەلایەنی یاساییەوە پەسەندتردەبێت.
ئەزموونی زۆر لە وڵاتان نیشانیداوە کە سیستەمی قیست لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی، یەکێکە لە سەرکەوتووترین شێوازەکانی وەرگرتنی مافەکانی حکومەت. چونکە ئەوەی حکومەت پێویستی پێی هەیە، پارەدانێکی بەردەوامە، نە پارەدانێکی زۆر کە لە کۆتاییدا بەهۆی نەتوانینی خەڵک جێبەجێنابێت.
لەبەر ئەوە، ئەگەر حکومەت بڕیاری لابردنی 50%ـی قەرزەکان بە بڕیارێکی دووەم، واتە رێگەدان بە پارەدان بە قیستی مانگانە، تەواوبکات، ئەوا لە یەک کاتدا سێ دەستکەوتی گرنگ بەدەستدەهێنێت؛ داهاتەکانی خۆی بەشێوەیەکی بەردەوام دەپارێزێت، هاووڵاتییان هاندەدات بە پابەندبوون بە پارەدان و، دووردەبێت لە دروستبوونی ناڕەزایی و گرژییەکی کۆمەڵایەتی کە هیچ لایەنێک سوودی لێنابینێت. ئەمەش واتای ئەوەیە کە پارەدان بە قیستی مانگانە تەنیا پێشنیازێکی هاووڵاتییانە نییە، بەڵکو پێشنیازێکی باشی ئیداری و داراییە کە بەرژەوەندیی حکومەت و کۆمەڵگە لە یەک شوێندا کۆدەکاتەوە.



