سەرەتا:
لە 7ـی ئابی 2026، سەرکردەکانی وڵاتانی سعودیە، تورکیا و پاکستان لە شاری مەککە کۆبوونەوە بۆ واژۆکردنی پەیمانێکی بەرگریی مێژوویی، کە لە بنەڕەتدا دیمەنی ئەمنیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئاسیا دەگۆڕێت. رێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە کە لەلایەن محەممەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و شێهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان واژۆ کرا. رێککەوتنەکە پابەندبوونێکی بەرگریی هاوبەشی دامەزراندووە، کە تێیدا هاتووە "هەر هێرشێکی چەکداری دژی هەر یەکێک لەو سێ دەوڵەتە، وەک هێرشێک لە دژی هەموویان هەژمار دەکرێت". ئەم رێکخستنە سێ قۆڵییە نوێنەرایەتیی پەرەسەندنێکی بەرچاو دەکات لە هاوکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا، کە لە تۆڕێکی ئاڵۆزی پەیوەندییە مێژووییەکانەوە سەرهەڵدەدات و وەڵامگۆی واقیعە جیۆپۆلەتیکییە ناجێگیرەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
بنەما و باکگراوندی مێژوویی رێککەوتننامەی سێ قۆڵی:
پەیوەندییەکانی نێوان ئەم سێ دەسەڵاتە موسڵمانە، کە بە سێ میحوەری گرنگی دەوڵەتانی سوننە مەزهەب دادەنرێن، رەگ و ریشەی مێژوویی قووڵیان هەیە، هەرچەندە رێڕەو و سیاسەتی جیاوازیان پەیڕەو کردووە. سعودیە و پاکستان بۆ دەیان ساڵە پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی بەرگرییان هەیە و پاکستان لە کاتی قەیرانە جیاوازەکانی ناوچەکەدا پشتیوانیی سەربازی و تاکەکەسیشی بۆ سعودیە دابین کردووە. ئەم پەیوەندییە شێوازی فەرمی وەرگرت بەدیاریکراوی لە ئەیلوولی 2025 لە رێگەی رێککەوتنی ستراتیژیی هاوبەشی بەرگرییەوە، بۆیەش زۆرجار لە پرێس کۆنفرانسەکاندا وەزیری بەرگریی پاکستان هەمیشە ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، کە ئاسایشی نیشتمانیی سعودی، ئاسایشی نیشتمانیی پاکستانيشە. ئێستا رێککەوتنی مەککە گەورەتر بووە بۆ چوارچێوەیەکی سێ قۆڵیی فراوانتر، کە تورکیاش بە فەرمی چووەتە نێو ئەم رێککەوتنەوە و لە 7ـی ئاب واژۆی سێ قۆڵی لەسەر کرا.
پەیوەندیی نێوان سعودیە و تورکیا ئارێشە و گرفتی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە وەک لە پاکستان. بۆ نموونە، گرژییەکان لە کاتی گەمارۆدانی قەتەر لە ساڵی 2017دا لە لایەن دەوڵەتانی کەنداوەوە بە سەرکردایەتیی سعودیە، کاتێک تورکیا پشتیوانیی قەتەری کرد، سعودیە زۆر لەو سیاسەتە نیگەران بوو. هەروەها دوای کوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی ناڕازیی سعودی لە ساڵی 2018 لە ئیستەنبووڵ، پەیوەندییەکەیانی یەکجار ئاڵۆزتر و خراپتر کرد، سەرکردایەتیی تورکیا سعودیە و دەسەڵاتی سعودیەیان تۆمەتبارکرد بە کوشتنی رۆژنامەنووسەکە، بەڵام ئەم ساڵانەی دوایی بەتایبەت لە 2021 پاش کۆنگرەی پارتی داد و گەشە کە ئەردۆغان سیاسەتی سفرکردنەوەی کێشەکانی لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکە بەتایبەت دەوڵەتانی کەنداو پەیڕەو کرد، شایەتی نزیکبوونەوەیەکی بەرچاو بووە لە پەیوەندییەکان، جگە لەوەش هەردوو لا بەهۆی نیگەرانییە هاوبەشەکانیانەوە سەبارەت بە ناسەقامگیریی ناوچەیی و خواستی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان، هەوڵی نزیکبوونەوەیان لە یەکتر داوە. لە لایەکی دیکەوە جگە لە فاکتەرەکانی دیکە، گەشەسەندنی پیشەسازیی بەرگری و توانا سەربازییەکانی تورکیا وایکردووە، کە تادێت ببێت بە هاوبەشێکی سەرنجڕاکێشتر بۆ سعودیە بۆ پاڵپشتیی پرۆگرامی مۆدێرنکردنی سعودیەی 2030. جگە لەوەش بە شێوەیەکی ئاشکرا، یان نائاشکرا هەر سێ دەوڵەتەکە دژی فراوانخوازیی شیعە مەزهەب و نفووزی ئێرانین لە ناوچەکە، یەکگرتنەوەی سیاسەتەکانی تورکیا و سعودیە بۆ کەمکردنەوەی نفووزی شیعە لە سووریا و لادانی بەشار ئەسەد، پشتگیرییەکانی هەردوولا بۆ ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتی ئێستای سووریا خاڵێکی دیکەی لێکنزیکبوونەوەن، کەواتە ئێستا جۆرێک لە بەرژەوەندیی هاوبەش و سیاسەتی هاوبەشیان هەیە.
بڕگەکانی رێککەوتنەکە و لۆژیکی ستراتیژی
بەرپرسانی هەر سێ وڵات بە هۆشیارییەوە مامەڵەیان کرد لە تایبەتمەندکردنی رێککەوتنی مەککە وەک شتێکی جیاواز لە رێکخستن و رێککەوتنە ئەمنییە بەکۆمەڵەکان لەسەر شێوازی ناتۆ، بەڵام بڕگەی بەرگریی هاوبەش نوێنەرایەتییەکی نزیکە لە جۆر و شێوازی رێککەوتنی بەکۆمەڵ وەک ئەوەی لە ناتۆدا هەیە. رێککەوتنەکە چوارچێوەیەک دادەمەزرێنێت بۆ وەڵامدانەوەی سەربازیی هاوئاهەنگ، پلاندانانی هاوبەشی بەرگری و بەرزکردنەوەی هاوکاریی پیشەسازیی بەرگری. جێگای سەرنجە، بەرپرسانی پاکستان جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە رێککەوتنە دووقۆڵییەکەیان لەگەڵ سعودیە چەتری ئەتۆمی لەخۆناگرێت، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات، کە پەیماننامە سێ قۆڵییەکە بە هەمان شێوە سەرنجی لەسەر رێگری و بەرگریی ئاساییە.
لە رووی کاتەوە، کاتی ئەم رێککەوتنە بە رێکەوت نییە. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی ئەمنی لە یەک کاتدا دەبێتەوە: شەڕی ئێران هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هەیە، دوای ماوەیەک لە ئاسایش و هێمنیی رێژەیی، هێرشی حووسییەکان لە یەمەنەوە بە چڕییەکی نوێ دەستیپێکردووەتەوە و دەوڵەتانی کەنداو تادێت نیگەرانیان لا دروست دەبێت لە رووی پاراستنی ئاسایشیان لەلایەن ئەمریکاوە، بەتایبەت سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، هەروەک جۆن مارشمایەر دەڵێت سەردەمی نادڵنیاییە. هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە لە ساڵی 2025دا وەک بیرخستنەوەیەکی تووند بوو کە ململانێکانی ناوچەیی دەتوانن بە شێوەیەکی پێشبینینەکراو پەرەبسەنن و تەنانەت لایەنە بێلایەنەکانیش ببنە بەشێک لە جەنگ. لەلایەکی دیکەوە تورکیا هاوبەشێکی باش و پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی بەرگریی لەگەڵ پاکستان هەیە، جگە لەوەش دەکرێت بڵێین کەمترین گرژی یان دژیەکی لە نێوان سیاسەتەکانی پاکستان و تورکیا دەبینرێت، ئەم رێککەوتنە بۆ تورکیا گرنگە، لەبەر ئەوەی ئێستا تورکیا گرفتی گەورەی ئابووری و دابەزینی بەهای لیرەی هەیە، بۆیە دەیەوێت بە پشتبەستن بە ئابووریی کەنداو بەتایبەت سعودیە، کە خاوەن ئابووری و داهاتێکی زەبەلاحە کێشە ئابوورییەکانی ناوخۆ و گەشەسەندنی ناوخۆیی بەردەوامی پێبدات، جگە لەوەش هەر سێ لایەنەکە هاوپەیمانییەتییەکی گرنگی ئەمریکان، ئەمەش لە رووی نێودەوڵەتییەوە گرفت بۆ ئەم هاوپەیمانییەتییە دروست ناکات. لەلایەکی دیکەوە تورکیا ترسی لە دوو جۆر هەڕەشە هەیە، هەڕەشەکانی ئیسرائیل، کە بەهۆی سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرامبەر غەززە، نیگەرانییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە تا ئێستاش بەردەوامە، هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە شیعییەکان کە لە ماوەی رابردوو چەند درۆنێک و مووشەکێک ئاراستەی تورکیا کرا، هەرچەندە رێژەکەش کەمتر بوو لەچاو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بەڵام بەم رێککەوتنە تورکیا چەترێکی فراوانتری بەرگری بۆ خۆی لە رووی سەربازیشەوە دابین دەکات.
چوارچێوەی هەرێمی، پارادایمی ئەمنیی گۆڕاو
دەبێت لە رێککەوتنی مەککە وەک پێویستی لە چوارچێوەی بەرفراوانی کەمبوونەوەی وجوودی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێبگەین. ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا هەوڵیان داوە پابەندبوونە سەربازییەکانیان لەم ناوچەیە کەم بکەنەوە و کێبڕکێیان لەگەڵ چین و رووسیا لە پێشینەی سیاسەتەکانی دەرەوەی خۆیان دابنێن. ئیدارەی ترەمپ بە ئاشکرا هانی هێزە هەرێمایەتییەکانی داوە، کە بەرپرسیارێتیی زیاتر بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، چ لە رووی ئابووری و تێچووی ئابوورییەوە، چ لە رووی سەربازییەوە، ئەمەش هەم دەرفەت و هەم نیگەرانیی زیاتری بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دروست کردووە.
پاکستان پێشتر پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ئاسایشی سعودیە نیشانداوە، لە کاتی شەڕی ئێران لە مانگی ئایاری 2026دا کۆمەڵێک فەوجی شەڕکەر و هەزاران سەربازی لە سعودیە بڵاوکردەوە. بۆ سعودیە، هەبوونی هێزێکی موسڵمانی خاوەن چەکی ئەتۆمی وەک هاوبەشیی بەرگری، قورسایی ستراتیژیی بەرچاو بۆ هەڵوێست و پێگە و توانای وەڵامدانەوەی بەرگری زياتر دەکات. بۆ پاکستان و تورکیاش پاڵپشتیی هێزیكی هەرێمی کە نوێنەرایەتیی دەوڵەتانی کەنداو دەکات و خاوەن ئابوورییەکی زەبەلاحە، زۆر گرنگە.
کاریگەرییە ستراتیژییەکانی رێککەوتنەکە بۆ هەر سێ دەوڵەتەکە
بۆ سعودیە رێککەوتنەکە خزمەت بە چەندین ئامانج دەکات. نفووز و کاریگەری زیاد دەکات لە دژی ئێرانێک کە بوێری بۆ دەستپێشخەری لە پەلاماردانی هێزە ئیقلیمییەکان زیاتر و کاریگەرتر بووە. جەخت لەسەر پێگە و سەرکردایەتیی ریاز لە جیهانی موسڵمانانی سوننەدا دەکاتەوە و پشتبەستن بە گەرەنتیی ئەمنیی ئەمریکا کەم دەکاتەوە، بەبێ ئەوەی بە تەواوی واز لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بهێنێت. محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بەمیوانداریکردنی مەراسیمی واژۆکردنەکە، سعودیە وەک رەمزی سەقامگیریی ناوچەکە دەردەخات، لە کاتێکدا ئێران و ئیسرائیل وەک هێزی ناسەقامگیرکەر سەیر دەکرێن.
پاکستان سوودمەندە لە بەرزبوونەوەی پرێستیژ و کاریگەری لە ناوچەیەکدا، کە گرنگە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست میوانداریی ملیۆنان تاراوگەی پاکستانی دەکات، بەتایبەت لە سعودیە و تورکیا، هەروەها رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرینەی هاوردەکردنی هایدرۆکاربۆنەکانی پاکستان دابین دەکات. هەروەها ئەم رێککەوتنە خزمەت بە پەیوەندییەکانی ئیسلامئاباد لەگەڵ واشنتن دەکات، کە پاکستان وەک هاوبەشێکی ئەمنیی ناوچەیی نیشاندەدات، لە کاتێکدا کە یارمەتییەکانی ئەمریکا لە گۆڕانکاری و هەڵکشان و داکشان بووە.
ئەم رێککەوتنە چەتری بەرگریی تورکیای فراوان کرد و دەرفەتی بەرچاو بۆ گەشەسەندنی زیاتری پیشەسازیی بەرگری بەدەست دەهێنێت. رێککەوتنەکە رێگریکردن لە دەستدرێژییە ئەگەرییەکانی ئیسرائیل دابین دەکات - بەتایبەتی کاتێک قسەی دوژمنکارانەی سەرکردەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە ئەنقەرە لە ئارادیە، ئەمە وا دەکات ئیسرائیل سڵ لەوە بکاتەوە و سعودیە و پاکستانیش دەتوانن لۆبیی زیاتر بۆ ئەنقەرە بکەن لە واشنتن. هەروەها بە شێوەیەکی دیکە، پێگەی تورکیا لە تۆڕەکانی وزە و بازرگانیی نێوان هیندستان و ئەوروپا بەهێزتر دەکات.



.jpg&w=3840&q=75)