لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا، نوێنەرانی سەرانسەری جیهان لە ئەنتاڵیا کۆدەبنەوە، بۆ (31)مین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان (COP31). گفتوگۆکانیان لە دەوری بابەتگەلێکی ئاشنا دەسوڕێنەوە: بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمیی ئاو، دەردانی گازی ژەهراوی، دارایی کەشوهەوا و گونجاندن.
بۆ زۆر کەس ئەمە لە کۆنفرانسێکی دیکەی نێودەوڵەتی دەچێت، بەڵام بۆ وڵات و هەرێمەکانی وەک عێراق و کوردستان، کە رووبەڕووی هەندێک لە تووندترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بوونەتەوە، دەرفەتێکە بۆ هەڵسەنگاندن و وڵامدانەوەی چەند پرسیاری گرنگ، وەک: ئەمڕۆ لە کوێ وەستاوین؟، دەمانەوێت سبەی لە کوێ بین؟ چۆن دەتوانین بگەینە ئەو شوێنە؟
گۆڕانی کەشوهەوا لە مێژە لەوە دەرچووە تایبەت بێت بە زانایان و پسپۆڕانی ژینگە. لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا خەریکە دەبنە بەشێک لە ژیانی رۆژانە. هاوینانی درێژتر و گەرمتر، بارانبارینی کەمتری پێشبینیکراو، دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی، گوشار لەسەر سەرچاوەکانی ئاو، زریانی تۆز و خۆڵ و زیادبوونی مەترسییەکان بۆ سەر کشتوکاڵ، هەموویان نیشاندەری گۆڕانی کەشوهەوایەکن کە کاریگەرییان لەسەر گەشەسەندنی ئابووری، تەندروستی گشتی، ئاسایشی وزە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی دەبێت بۆ دەیان ساڵی داهاتوو هەیە.
ئێمە پێشتر، وەک هەنگاوی یەکەم، ئەم واقیعەمان دەستنیشانکردووە. کاتی ئەوە هاتووە بیر لە هەنگاوی هەنووکەیی و پلانی درێژخایەن بکەینەوە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم واقیعە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە دامەزراندنی بناخە دامەزراوەییەکان بۆ سیاسەتێکی هاوئاهەنگتر بۆ کەشوهەوا. دروستکردنی یەکەی گۆڕانی کەشوهەوا لەناو نووسینگەی سەرۆکوەزیراندا، ئەوە دەردەخات کە گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر وەک یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەتەکان سەیر دەکرێت، نەک تەنها وەک نیگەرانییەکی ژینگەیی. لە هەمان کاتدا دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی وەرگرتووە لە وەرگێڕانی ئەم پابەندبوونە سیاسییە بۆ پلاندانانی کردەیی و هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.
یەکێک لە نموونە هەرە بەرچاوەکانی ئەو هاوکارییە، هاوبەشیی نێوان دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) بووە. پێکەوە کاریان کردووە لەسەر پەرەپێدانی دوو پلان: پلانی (گونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان-Climate Change Adaptation Plan) و پلانی (کەمکردنەوەی هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا-Climate Change Mitigation Plan). ئەم دوو بەڵگەنامەیە وەک یەکێک لە گرنگترین ئارمانجەکانی سیاسەتی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا پێشان دەدەن.
زۆرجار ستراتیژییەکانی کەشوهەوا تەنیا وەک مەشقی کارگێڕی سەیر دەکرێن. لە واقیعدا خزمەت بە ئامانجێکی زۆر گرنگتر دەکەن. ئەوان دیاری دەکەن کە هەرێمی کوردستان لە کوێدا زۆرترین لاوازی هەیە، ئەولەویەتەکان دیاری دەکەن، هەماهەنگی کاری دامەزراوە جیاوازەکان دابین دەکەن و چوارچێوەیەکی هاوبەش دروست دەکەن، کە وەبەرهێنان و سیاسەتەکانی داهاتوو لەسەری بنیات بنرێت. هەروەها متمانەی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکەن لەکاتی پەیوەندیکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشەکانی گەشەپێدان. بەبێ پلاندانانی ستراتیژی لەم جۆرە، مەترسی ئەوەی هەیە کە سەرەدەری لەگەڵ کەشوهەوا ببێتە کۆمەڵێک پڕۆژەی دابڕاو نەک سیاسەتێکی گشتیی یەکگرتوو.
لێرەدا گرنگە جیاوازییەکی سەرەکی روون بکرێتەوە؛ نێوان خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی هۆکارەکانی. خۆگونجاندن (Adaptation) واتە ئامادەکردنی کۆمەڵگا بۆ ئەو کاریگەرییانەی گۆڕانی کەشوهەوا، کە هەر ئێستا دەستیان پێکردووە و بەشێکیان چیتر ناکرێت چاوپۆشیان لێ بکرێت. بەڕێوەبردنی باشترى ئاو، پاراستن و بەهێزکردنی کشتوکاڵ، دروستکردنی ژێرخانێکی بەرهەڵستکارتر و کەمکردنەوەی زیانەکانی گەرمای زۆر، وشکەساڵی، لافاو و خۆڵبارین، هەمووی لەم چوارچێوەیەدا دێن.
لە بەرامبەردا، کەمکردنەوەی هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا (Mitigation) پەیوەندی بە هۆکارەکانی کێشەکەوە هەیە؛ واتە کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکانی کەشوهەوا (وەک: کاربوندایۆکسید، میتان، نایترۆس ئۆکساید)، فراوانکردنی بەکارهێنانی وزەی پاک، بەرزکردنەوەی کارامەیی و چوون بەرەو شێوازێکی گەشەپێدان، کە گوشارێکی کەمتر لەسەر ژینگە دروست بکات.
یەکێک لەمانە بەبێ ئەوی دیکە بەس نییە. ئەگەر خۆمان بۆ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئامادە بکەین، بەڵام هەمان کات بەردەوام بین لە زیادکردنی گازەکان، تەنها کێشەکە دەخەینە دواوە. هەروەها ئەگەر گازەکان کەم بکەینەوە، بەڵام کۆمەڵگا، کشتوکاڵ، شار و ژێرخانەکانمان بۆ ئەو گۆڕانکارییانە ئامادە نەکەین، کە هەر ئێستا روودەدەن، بەشێکی گەورەی مەترسییەکان هەر دەمێننەوە.
بۆیە دانانی پلان و ستراتیژی نابێت بە کۆتایی کار بزانرێت. بە راستی ئەوە تەنها دەستپێکە. قۆناغی قورستر دوای ئەوە دێت: جێبەجێکردن. پێوەری سەرکەوتن، چەند بەڵگە و پلانێکی نووسراو نییە، بەڵکو تا چەند ئەو پلانانە دەبنە بڕیار، بودجە، پڕۆژە و گۆڕانکاریی راستەقینە لەسەر زەوی. گۆڕانی کەشوهەوا چیتر بابەتێک نییە تەنیا وەزارەت، یان دامەزراوە ژینگەییەکان خەریکی بن. ئاو، کشتوکاڵ، وزە، گواستنەوە، پلاندانانی شارەکان، پەروەردە و تەندروستیی گشتی هەموویان راستەوخۆ پەیوەندییان بەو گۆڕانکارییانەوە هەیە. واتە بڕیارێک، کە ئەمڕۆ لە بوارێکی وەک ئاو یان شارستانی دەدرێت، دەتوانێت دوای دە ساڵ دیاری بکات، کە شار یان ناوچەیەک تا چەند توانای بەرگەگرتنی وشکەساڵی، گەرما یان لافاوی هەیە. ئەمەش بەبێ هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکان ناکرێت. داتای زانستیی دروست، داراییی پێویست و توانای کارگێڕی گرنگن، بەڵام شتێکی دیکە هەیە، کە لەوانەش گرنگترە: بەردەوامیی سیاسی. سیاسەتی کەشوهەوا ئەگەر بە گۆڕانی هەر حکومەتێک لە خاڵی سفرەوە دەست پێ بکاتەوە، ناتوانێت ئەنجامی درێژخایەنی هەبێت.
هەرێمی کوردستان هەروەها دەرفەتی ئەوەی هەیە بازنەی ئەم بابەتە فراوانتر بکات. سیاسەتی کەشوهەوا نابێت لە ژووری کۆبوونەوەی حکومەت و دامەزراوە ژینگەییەکاندا بمێنێتەوە. زانکۆکان، قوتابخانەکان، شارەوانییەکان، کۆمپانیاکان، جووتیاران، توێژەران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەموویان بەشێکن لە چارەسەر.
لە وتارەکانی پێشوومدا سەبارەت بە (قوتابخانە سەوزەکان) باسم لەوە کردووە، کە پەروەردە چۆن دەتوانێت لە تەمەنی بچووکەوە شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت بگۆڕێت. هەمان بنەما لە ئاستی کۆمەڵگاشدا دروستە. حکومەت دەتوانێت رێبازی گشتی دابنێت و سەرچاوەکان دابین بکات، بەڵام کۆمەڵگایەکی بەرهەڵستکار تەنها بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش دروست دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت هەرێمی کوردستان بە شاندێکی خۆی بەشداریی COP31 بکات. ئەم بەشدارییە دەتوانێت گرنگ بێت، بەڵام تەنها ئەگەر ئامانجێکی روونی هەبێت. ژمارەی کۆبوونەوەکان، وێنەکان یان چالاکییە راگەیاندنییەکان نابێت ببنە پێوانەی سەرکەوتن. پرسیاری گرنگ ئەوەیە: هەرێمی کوردستان چی لەگەڵ خۆی دێنێتەوە؟
ئەگەر COP31 بتوانێت دەرفەتی نوێ بۆ داراییی کەشوهەوا، هاوکاریی تەکنیکی، هاوبەشیی زانستی، راهێنان، گواستنەوەی زانیاری و تەکنەلۆژیا بۆ هەرێمی کوردستان بکاتەوە، ئەوکات بەشدارییەکە دەتوانێت سوودی راستەقینە و درێژخایەنی هەبێت، بەڵام ئەو دەرفەتانە بە خۆکار نابنە ئەنجام. پێویستیان بە ئامادەکاریی پێشوەختە، دیاریکردنی پێداویستییەکان و دانانی ئامانجی روون هەیە.
لە هەمان کاتدا، COP31 دەرفەتێکە بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە. هەرێمی کوردستان دەتوانێت خۆی وەک لایەنێکی جیدی و سازندە پیشان بدات، کە تەنها باس لە گۆڕانی کەشوهەوا ناکات، بەڵکو هەنگاوی کرداریش دەنێت.
لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەک هەنگاوی دامەزراوەیی و پڕۆژەی گرنگ لەم بوارەدا دەستیان پێکردووە. ئەوەی ئێستا پێویستە، گواستنەوەی ئەم بنەمایانەیە بۆ قۆناغێکی دیکە؛ قۆناغێک کە تێیدا سیاسەت و پلان بگۆڕدرێن بۆ ئەنجامێک، کە هاووڵاتی بتوانێت لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا هەستی پێ بکات.
گۆڕانی کەشوهەوا چیتر تەنها (کێشەیەکی داهاتوو) نییە. ئەم گۆرانکاریە لێرەیە، لەگەڵمانە و هەر ئێستا کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکومەت و ژیانی خەڵک هەیە. هەرێمی کوردستان دەستی بە ئامادەکاریی خۆی کردووە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: تا چەند خێرا، تا چەند بەردەوام و تا چەند بە کاریگەری دەتوانێت ئەم رێگایە ببڕێت؟
لەبەر ئەوە، COP31 نابێت تەنها وەک کۆنفرانسێکی دیکە لە زنجیرەی کۆنفرانسە ساڵانەکان سەیر بکرێت. دەتوانێت ببێتە خاڵێکی گرنگ لە رێگایەکی درێژتر؛ رێگایەک کە هەرێمی کوردستان لە پلاندانانەوە بەرەو جێبەجێکردن، لە پڕۆژە تاکەکەسییەکانەوە بەرەو سیاسەتی یەکگرتوو و لە وەڵامدانەوەی کاتی بەرامبەر کاریگەرییەکانی کەشوهەواوە بەرەو دروستکردنی توانای بەرهەڵستبوونی درێژخایەن هەنگاو بنێت. بنەماکان دانراون، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ژمارەیەک دەستپێشخەری و پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ کراون. ئەرکی قۆناغی داهاتوو ئەوەیە لەسەر ئەو بنەمایانە زیاتر بنیات بنرێت و ئەوەی تا ئێستا دەستی پێ کراوە، بگۆڕدرێت بۆ سیاسەتێکی بەردەوام، یەکگرتوو و کاریگەر.



