وێڕای بەرزنرخاندنی ماندووبوون، کۆششی ئەکادیمی و هەوڵە بەردەوامەکانی هەموو توێژەرانی کوردستان، بەڵام پێویستە بە دیدێکی زانستی و رەخنەگرانە لەو بانگەشە و راگەیاندنانە بڕوانین، کە لەم دوواییانەدا لە میدیا و ناوەندە ئەکادیمییەکانی کوردستان و عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەبارەت بە بوونی ناوی توێژەرەکانیان لەناو "لیستی 2%ی زانایانی جیهان" بڵاودەبنەوە. ئەوەی پەیوەستە بە ئێمەی کوردەوە, بوونی ناوی توێژەران لەناو هەر لیستێکی زانستیی جیهانیدا، گرنگ و لەجێ و بەجێیە، بەڵام کێشەیەک هەیە، کێشەکە پەیوەندیی بە توانا و ئاستی زانستیی توێژەرە کوردەکانەوە نییە، بەڵکو چەند لە خودی داتابەیسی ئاماژەپێدانەکاندایە، هێندەش، بەڵکو پتریش لەو تێگەیشتنە نادروستەدایە، کە هەندێک جار ئەنجامێکی ژمارەیی و ئاماری دەبێت بە خەڵاتی زانستی جیهانی و وەک ریزبەندیی فەرمیی ناوەندێکی گەورەی جیهانی دەناسێندرێت.
لە کاتێکدا ئامار و داتاکانی ئاماژەپێدان لە توێژینەوەی ئەکادیمیدا دەتوانن کاریگەریی ژمارەیی توێژینەوە پیشان بدەن، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەمەیە، ئایا ژمارەی ئاماژەپێدان بە تەنیا دەتوانێت ببێتە پێوەری زانایی، کوالێتی و گرنگیی زانستی؟ ئایا بوونی ناوی توێژەرێک لەناو داتابەیسێکی نێودەوڵەتیی ئاماژەپێدانەکاندا بە مانای ئەوەیە کە زانکۆی ستانفۆرد لەسەر بنەمای ناوەڕۆک، ئامانج و ئاستی توێژینەوە، باشترین زاناکانی جیهانی ناساندووە؟ ئایا کۆی توێژەرەکان کە لەناو ئەم لیستەدا دەردەکەون، لە رووی کوالێتیی توێژینەوە، داهێنان، کاریگەریی کۆمەڵایەتی و بەشداریی زانستییەوە لەگەڵ توێژەرانی دیکە هەڵسەنگێندراون؟ گرنگتر لەوانەش، ئایا میدیا و دامەزراوە ئەکادیمییەکانی کوردستان و عێراق ئەم پێوەرانە بە دروستی لێکدەدەنەوە و بڵاودەکەنەوە؟
1- لیستی ستانفۆرد چییە؟
ژێدەری راستەقینەی ئەم لیستە، لە ئەنجامی توێژینەوەیەکی ساڵی 2019ی پڕۆفیسۆر جۆن یوانیدیس (John P. A. Ioannidis) و هاوکارەکانی لە گۆڤاری بایۆلۆجی پڵۆس (PLOS Biology) سەبارەت بە "پێوەرەکانی ئاماژەپێدان و لێوەرگرتنەکان (citation)ی ستانداردکراوی نووسەران بۆ بوارە زانستییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە." ئامانجی سەرەکیی توێژینەوەکە، دروستکردنی داتابەیسێکی کراوەیە بۆ پێشکێشکردنی پێوەرەکانی ئاماژەپێدان و کاریگەریی بڵاوکراوەکان بە شێوازێکی ستانداردکراو. داتاکان لە سکۆپەس (Scopus) وەردەگیرێن و پشتیان بە ژمارەی ئاماژەپێدان، پێوەری (h-index)، پێوەرێکی کۆکردنەوەی ژمارەیی بەستووە، کە توێژەران بەپێی بوارە زانستییەکانیان پۆلێن دەکات.
لیستی ستانفۆرد داتابەیسێکی ئاماریی کراوەیە، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن پڕۆفیسۆر جۆن یوانیدیس (John Ioannidis) و تیمی توێژەرانی لە زانکۆی ستانفۆرد داڕێژراوە. ئەم لیستە تەواوی داتاکانی راستەوخۆ لە داتابەیسی سکۆپەس (Scopus) وەردەگرێت و ئاماژەپێوی (c-score) بەکاردەهێنێت کە بریتییە لە کۆمەڵێک پێوەری فرەڕەهەند، لەوانەش ژمارەی ئاماژەپێدانەکان (ژمارەی لێوەرگرتنەکان Citation count)، نیشاندەر و پێنوێن (h-index) و (hm-index) و ژمارەی ئاماژەکاری (لێوەرگرتنەکان) وەک نووسەری یەکەم و کۆمەڵێک پێوەری ئاماریی هاوشێوە بەکاردەهێنێت. لە رێگەی ئامرازێکی ئەلگۆریتمییەوە، ریزبەندیی توێژەران بەپێی 22 بواری زانستیی سەرەکی و 174 بواری لاوەکی (Sub-fields) دیاری دەکرێت؛ بەمەش توێژەران لەسەر بنەمای کاریگەریی ئاماژەپێدانی بڵاوکراوەکانیان بە شێوازێکی ئۆتۆماتیکی ریزبەند دەکرێن. واتە میکانیزم و پێوەری سەرەکیی پرۆسەکە بە تەواوی ژمارەیی و ئامارین. ئەمەش واتای ئەوە نییە کە داتابەیسەکە بێبایەخە، بە پێچەوانەوە، دەتوانێت بۆ زانستپێوی (Scientometrics)، شیکردنەوەی کاریگەریی زانستی و بەراوردکردنی ژمارەی ئاماژەپێدانەکان بەسوود بێت. بەڵام پێویستە جیاوازییەکی بنەڕەتی بکرێت لەنێوان ئەوەی داتابەیسێکی زانستی، کە توێژەران بە پێوەرە ئامارییەکان ریزبەند دەکات، لەگەڵ ئەوەی دامەزراوەیەک خەڵات یان بڕوانامەیەکی فەرمی بە توێژەرێک ببەخشێت و بەهۆی کاریگەریی ناوەڕۆکی توێژینەوەکانی وەک زانایەکی جیهانی بیناسێنێت. بوونی ناوی توێژەرێک لەناو ئەم جۆرە داتابەیسانەدا، بە مانای ئەوە نییە هەموو ئەنجامەکانی داتابەیسەکە بڕیارێکی فەرمیی هەڵسەنگێندراوی زانکۆیەکی وەک ستانفۆردن. هەروەها بوون لەناو داتابەیسەکەدا، بەڵگەی ریزبەندکردنی هەمەلایەنە و گشتگیر و رەها و راستەقینە بۆ تەواوی زانایانی جیهان نییە.
2- دەستەواژەی 2%ی زاناکانی جیهان بە وردی مانای چییە؟
وشەی زانا (Scientist) لەم بەستێنەدا، زیاتر بە مانای کەسێکی شارەزا دێت، کە توێژینەوەکانی لە رێگەی میتۆد و بنەمای زانستییەوە ئەنجامدەدات، کە ئەمەش زیاتر لە مانای وشەی توێژەر نزیکدەبێتەوە. هەروەها دەربڕینی "2%ی زاناکانی جیهان" زۆر کاریگەر و سەرنجڕاکێشە، بەڵام لە رووی زانستییەوە پێویستی بە روونکردنەوەیە. ئەم داتابەیسە بەپێی پێوەرەکانی ئاماژەپێدان، زانیاریی توێژەران بە شێوەیەکی جیاواز هەڵدەسەنگێنێت. لە وەشانەکانی داتابەیسەکەدا، دوو جۆر زانیاریی گرنگ پێشکەش دەکرێت: کاریگەریی کۆی ماوەی پیشەی زانستیی توێژەر (Career-long impact) و کاریگەریی توێژینەوەکانی لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بەتایبەتی ساڵی پێشوو (Single-year impact).
بەڵام لێرەدا 5 خاڵ گرنگن، کە کێشە سەرەکییەکانی ئەم دەستەواژەیە بە تەواوی رووندەکەنەوە، کە ئەمانەن:
یەکەم: "2%" نابێت بە شێوەیەکی سادە وەک 2%ی هەموو ئەو کەسانە لێکبدرێتەوە، کە لە جیهاندا بە توێژینەوەی زانستییەوە سەرقاڵن. ئەنجامەکە پەیوەستە بەو توێژەرانەی کە لە چوارچێوەی داتابەیسێکی دیاریکراودا دامەزراوە، کە پێوەرەکانی زیاتر ژمارەیی و ئامارین.
دووەم: ئەم ریزبەندییە، هەڵسەنگاندنی قووڵی ناوەڕۆکی توێژینەوەکانی هەر توێژەرێک، بنکۆڵکاری بیرۆکە، راستیی ئەنجامەکان، یان سوودی کۆمەڵایەتیی توێژینەوەکانی نییە. ئەمە ریزبەندییەکە لەسەر بنەمای پێوەرەکانی کاریگەریی بڵاوکراوە و ئاماژەپێدان. کەواتە ئەگەر توێژەرێک لەو داتابەیسەدا شوێنێکی بەرزی هەبێت، ئەوە دەتوانێت نیشانەیەکی گرنگی ئاماریی بێت لەسەر کاریگەریی بڵاوکراوەکانی لە چوارچێوەی داتاکەدا؛ بەڵام نابێت بەشێوەیەکی بنچنیەیی ببێتە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئاستی زانابوونی جیهانی ئەو کەسە. واتە کاریگەرییەکان زیاتر ژمارەیی و چەندین, نەک چۆنیەتی.
سێیەم: وێڕای ئەمانە، هەرچەندە ئاماژەپێدان (Citation) بەشێکی گرنگە لە سیستەمی پەیوەندیی زانستی و نیشانەی بەکارهێنانی توێژینەوەکەیە لەلای توێژەرانی دیکەوە، بەڵام هەمیشە بە مانای پەسەندکردنی کوالێتیی کارەکە نییە، چونکە دەکرێت بۆ رەخنەگرتن یان نیشاندانی هەڵەکانیشی لەناو توێژینەوەی دیکەدا بەکارهاتبێت. جگە لەوەش، لە توێژینەوە هاوبەشەکاندا ئاستی بەشداریی تاکەکەسی روون نییە و لە هەندێک باردا, لە یەک توێژینەوەدا. ژمارەیان لە سەد توێژەر تێدەپەرێنێت. بەوەش ژمارەی ئاماژەپێدان و ئامارەکان هەموو راستییەکان دەرناخات. سەرەنجام، وەک توێژینەوەکەی یوانیدیس لە گۆڤاری بایۆلۆجی پڵۆس (PLOS Biology) دەریدەخات، تاکە ئامار و پێوەرێک بە تەنیا ناتوانێت گوزارشت لە تەواوی کاریگەریی زانستی و زانایی بکات.
چوارەم: یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی پێوەرەکانی ئاماژەپێدان بەهەندوەرنەگرتنی جیاوازیی چەندێتی و چۆنیەتی بڵاوکردنەوەیە لە نێوان بوارەکاندا، بۆ نموونە، توێژینەوە خێراکانی بواری زانستە سرووشتییەکانی وەک بایەلۆژی، پزیشکی لە بەرامبەر کتێب و توێژینەوەی زانستە مرۆڤایەتییەکانی وەک ئەدەب، فەلسەفە، کۆمەڵناسی، مێژووییەکاندا هاوتا و هاوپێوەر دەکات، کە ساڵانێکی زۆر دەخایەنن و ئاماژەپێدانی کەمتریان دەبێت. هەروەکو گۆڤاری بایۆلۆجی پڵۆس (PLOS Biology) هۆشداریی لەبارەیەوە دەدات، بەکارهێنانی پێوەرەکان بەبێ رێکخستن و لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی بوارەکان دادپەروەرانە نییە و ناتوانێت بەهای راستەقینەی هەموو بەرهەمە زانستییەکان بە یەکسانی بپێوێت.
پێنجەم: هاوشان لەگەڵ ئەوەی لیستەکەی 2%ی زاناکانی جیهان، لە چوارچێوەی ناوی زانکۆی ستانفۆردەوە دەکرێت، بەڵام خودی زانکۆکە و زۆربەی زانکۆی ئاستەبەرزە جیهانییەکانی وەک هارڤارد، ئۆکسفۆرد، کامبریج، هیچ ئاماژەیەکیان بە ناو و ناوبردنی توێژەرەکانیان لەناو ئەو داتابەیسەدا نەکردووە و بڵاویان نەکردووەتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی نزیکەی هەزار توێژەریان لە لیستەکەدا هەن. هەر بۆ نموونە لە ساڵی 2020دا نزیکەی 100,000 توێژەر ناویان لەناو داتابەیسەکەدا بەدیدەکرێت.
3- بۆچی ئامار نابێتە تاکە پێوەری راستەقینە؟
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، گفتوگۆ لەسەر هەڵسەنگاندنی زانستی و پێوەر و ئاماری ئەکادیمی، تەنیا پرۆسەیەکی سەرپێیی و رووکەش و ژمارەیی نییە، بەڵکو بابەتێکی گرنگە بۆ بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی ئاستی زانستی و زانکۆکان، دامەزراوەکانی دابینکردنی بودجە، گۆڤارە زانستییەکان و سیستمی پەرەپێدانی پیشەی ئەکادیمی. لەم رووەوە دوو جاڕنامە یان مانیفێستی زۆر گرنگ هەن، کە بۆ ئەم بابەتە بایەخدارن، کە ئەوانیش جاڕنامەی سان فرانسیسکۆ بۆ هەڵسەنگاندنی توێژینەوە (San Francisco Declaration on Research Assessment - DORA) و مانیفێستی لایدن بۆ پێوەرەکانی توێژینەوە (Leiden Manifesto for Research Metrics)ـن.
جاڕنامەی (DORA)، کە لە ساڵی 2012ەوە دەستی پێکردووە، داوا دەکات هەڵسەنگاندنی توێژینەوە لەسەر ناوەڕۆک و بەهای راستەقینەی بەرهەمە زانستییەکان بنیات بنرێت، نەک تەنیا لەسەر پێوەرە گشتییەکانی گۆڤار یان ژمارەی ئاماژەپێدان (لێوەرگرتنەکان- Citation) ئەم جاڕنامەیە هەروەها گرنگی بە هەڵسەنگاندنی جۆرە جیاوازەکانی بەرهەمی زانستی دەدات، نەک تەنیا توێژینەوەکانی گۆڤاری زانستی.
لە ساڵی 2015دا، مانیفێستی لایدن لە گۆڤاری نەیچەر (Nature) بڵاوکرایەوە. ئەم مانیفێستە (10) رێسای بنەڕەتی بۆ بەکارهێنانی بەرپرسانەی پێوەرە ئامارییەکان پێشکێش دەکات. لە گرنگترین رێساکانی ئەوەیە کە هەڵسەنگاندنی ژمارەیی دەبێت پشتگیریی هەڵسەنگاندنی چۆنایەتی و بەها راستەقینەی پسپۆڕان بکات، نەک جێگەی بگرێتەوە؛ جیاوازیی بوارەکان دەبێت لەبەرچاو بگیرێت و هەڵسەنگاندنی تاکە توێژەرێک دەبێت لەسەر کۆی بەرهەم و پۆرتفۆلیۆی زانستیی ئەو کەسە بنیات بنرێت.
4- دەزگا ئەکادیمییە ئاستبەرزەکان بۆ ئەم مژارە چی دەڵێن؟
لە زانکۆی ئۆکسفۆرددا (University of Oxford)، کە یەکێکە لە باشترین زانکۆکانی جیهان, بڕیاری کۆمیتەی توێژینەوە و نوێکاری لە ساڵی 2019دا, کۆمەلێک رێسای بەکارهێنانی بەرپرسانەی پێوەرەکان بۆ توێژینەوەی پەسەند کرد. یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەو رێسایانە ئەوەیە کە پێوەرە ژمارەییەکان دەبێت یارمەتیی هەڵسەنگاندنی پسپۆڕان بدەن، نەک جێگەی هەڵسەنگاندنی چۆنایەتی بگرنەوە. هەروەها زانکۆکە لە رێنماییەکانی خۆیدا گرنگی بە دادپەروەری، روونی، جیاوازیی بوارەکان و رێگری لە بەکارهێنانی نادروستی پێوەرەکان دەدات.
هەروەها زانکۆی کۆلێژی لەندەن (University College London - UCL)، کە لە ساڵی 2015ەوە واژۆکەری جاڕنامەی DORAیە، لە رێنماییەکانی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ژمارەی ئاماژەپێدان دەتوانێت زانیاریی بەسوود بدات، بەڵام پێویستە لەگەڵ پێوەرەکانی دیکە و بە لەبەرچاوگرتنی بوار و جۆری بەرهەمی زانستی شیکرابێتەوە. هەروەها ئەم زانکۆیە هۆشداری دەدات کە پێوەرە باوەکان، وەک پێوەری (h-index)، لە هەندێک بارودۆخدا وێنەیەکی ناڕاستەقینە لە کاریگەریی توێژینەوە نیشاندەدات.
5- زانکۆکانی کوردستان چی بکەن؟
لە کۆمەڵگەی ئەکادیمیی کوردستاندا، هەر هەنگاوێک کە بەرەو بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی کوالێتی، بەشداری لە گفتوگۆی نێودەوڵەتی و بەهێزکردنی توانای توێژینەوە بنرێت، شایەنی رێز و پشتگیرییە، بەڵام پشتگیریی توێژەر نابێت بە زیادەڕۆیی لە راگەیاندن یان تێگەیشتنی نادروست لە پێوەرەکان وێنابکرێت.. ئەگەر ناوی توێژەرێک لە داتابەیسی «2٪» توێژەراندا هەبێت، ئەمە دەتوانێت زانیارییەکی گرنگ بێت بۆ ناساندنی کاریگەریی ئاماریی بڵاوکراوەکانی, بەڵام ئەگەر ئەم دەرکەوتنە بە شێوەیەک رابگەیەنرێت، کە خوێنەر واتێبگات کە ئەگەر سەد زانا هەبن لە دونیادا, ئەوا ئەو توێژەرەی بە زانا ناوی براوە, لە یەکەمینی هەموو زاناکانی جیهانە و زانکۆی ستانفۆرد کەسەکەی خەڵات کردووە، ئەوا لە بنەما و ئاکاری زانستی دوور دەکەوێتەوە, دەبێتە سەکۆیەک بۆ رێکلامکردن و نرخاندنی رووکەش . هەوڵی تاکەکەسی توێژەرێکی بە توانا بۆ چوونە ناو لیستە ئاستبەرزەکانی دونیا, مانای پێشکەوتن و باڵابوونی ئاستی زانکۆکانی کوردستان و بەرهەمی بەرزی دامەزراوەیی ناگەیەنێت, بەڵکو کۆششی تاکەکەسیی توێژەرانە بۆ دەوڵەمەندکردنی هەگبەی زانستی خۆیان.
ئەگەر ئامانجمان بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی کوردستانە، پێویستە لە سنووری راگەیاندنی ناونیشان و رێژەکان تێپەڕین و سیستەمێکی دامەزراوەیی بەهێزتر بۆ پاڵپشتیکردن و هەڵسەنگاندنی توێژینەوە دروست بکەین. یەکەم، دەبێت عەقڵیەت و بیرکردنەوەی ئێستامان بۆ زانکۆ و توێژینەوە لە ریشەوە بگۆڕین. دووەم, پێویستە زانکۆکان لە هەڵسەنگاندنی مامۆستایان و توێژەراندا تەنیا پشت بە ژمارەی بڵاوکراوە، ئاماژەپێدان یان شوێنی گۆڤار نەبەستن, بەڵکو ستراتیژ و کرۆکی توێژینەوەکانمان بە تێڕوانین و ئەرکە دامەزراوەییە نیشتمانسازییەکان ببەستینەوە، سێەم, هەڵسەنگاندن دەبێت لەگەڵ سرووشتی بوارەکاندا بگونجێت , چوارەم. وەزارەتی خوێندنی باڵا و دامەزراوە ئەکادیمییەکان دەبێت رێنمایی روونی نیشتمانییان بۆ بەکارهێنانی پێوەرەکان بۆ ریزبەنکردنی توێژەرانی کوردستان هەبێت. پێنجەم, پێویستە رۆڵی میدیا و بەرپرسانی زانکۆکان لە پاراستنی راستیی زانیاریی ئەکادیمی بەهێز بکرێت. توێژەر و توێژینەوەکان بە ئامانج و مەبەستی نیشتیمانسازی و مرۆڤسازی ببەسترێنەوە, نەک پێشبڕکێی ژماردنی توێژینەوە و ئاماژەپێدان (citation). جارێکی دیکە شیاوی پاتکردنەوەیە, کە رەوایە و شانازییە زانکۆ و توێژەرانی کوردستان بەشدارییان لە داتابەیسە نێودەوڵەتییەکاندا هەبێت، لە ریزبەندییەکاندا پێگە و جێگەیان هەبێت و کاریگەریی بڵاوکراوەکانیان بەرز بێت. بەڵام پێشکەوتنی زانستی و زانابوون تەنیا بە ژمارەی ئاماژەپێدان و ناوەکان و ناولێنانەکان لە لیستێکدا پێوانە ناکرێت.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

