740 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا تێپەڕی و هەرێمى کوردستان نەیتوانى کابینەى حکومەت پێکبهێنێت. بەمەش ریکۆردى جیهانى شکاند و پێش هەموو ئەو نموونە خراپانەى دونیا کەوت کە دواى پرۆسەى هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکى درێژ نەیانتوانیوە حکومەت پێکبهێنن. لەو وڵاتانەى پەیڕەوى سیستمى هەڵبژاردن و دیموکراسى دەکەن، نموونەى لەو جۆرە زۆرن کە لە دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان رێژە و کورسیی لایەنە بەشدارەکان بەجۆرێک دابەش دەبن، نەتواندرێت کابینەى حکومەت پێکبهێندرێت، بەڵام لە هیچ وڵاتێکى دونیادا نەبووە بەو هۆیەوە چارەنووسى خۆیان و میللـەتەکەیان بدەنە دەست قەدەر، بەڵکو پەنا دەبەنەوە بەر سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن.
ئەوەى مایەى هەڵوەستە لەسەرکردن و جێى تێڕامانى قووڵە ئەوەیە کە هەرێمى کوردستان دواى ئەو چەقبەستنەى بەرۆکى گرتووە، بەدواى چارەسەر و دەروازەى دەربازبووندا ناگەڕێت. لەکاتێکدا پێچەوانەى هەموو وڵاتانى دونیا، پەکخستنى ئەم پرۆسەیە هەڕەشەى راستەقینەى بۆ خودى قەوارەکە و شەرعیەتى بەڕێوەبردنى هەرێمەکە دروست کردووە. هبچ وڵاتێک نییە بەهۆى ئەوەى ئەگەر نەتوانن حکومەت پێکبهێنن، قەوارەکەیان مەترسى هەڵوەشاندنەوەى بکەوێتە سەر. تووشى گرفت و کێشە دەبن، بەڵام دەوڵەتەکەیان ناڕووخێت و سنوور و جوگرافیا و قەوارە نەتەوەییەکەیان هەر دەمێنێت، بەڵام لە کوردستان بەهۆى ئەوەى دەوڵەتى سەربەخۆ نین، قەوارەیەکى فیدراڵین لەناو دەوڵەتێکدا کە باوەڕى بە فیدراڵى نییە و بەناچارى قبووڵى کردووە. لە دەرفەت و بیانوو دەگەڕێت بۆ نەهێشتنى قەوارەکەى هەرێمی کوردستان. بۆیە پەکخستنى پرۆسەى پێکهێنانى کابینەى حکومەت، مەترسى ئێجگار گەورەیە لەسەر کوردستان.
کاتێک حیزبە بەشدارەکانى پرۆسەى هەڵبژاردن کە گەیشتن بەو بڕوایەى ناتوانن کابینەى تازە پێکبهێنن، دەبوو بەخێرایى رێکارەکانى سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن بگرنە بەر، بەڵام گرفتەکە لێرەدایە وەک ئەوەى هەمووى پلانى پێشوەختەى بۆ داندرابێت، پێش هەڵبژاردن، لەلایەن بەغداوە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە، کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە، یاسای تایبەت بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن هەڵوەشێندراوەتەوە.
ئەم خولەى هەڵبژاردنیش کە بە خولى سەرلەنوێ دروستکردنەوەى پەرلەمان دادەندرێت بە یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق و بەسەرپەرشتیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بەڕێوەچوو، دواى هەڵبژاردن، ئەو کۆمیسیۆنەش کۆتایى بە تەمەنى هات و هەڵوەشێندراوەتەوە. سەربارى ئەوەى بڕیارە ساڵى داهاتوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا هیچ هەنگاوێک نەنراوە بۆ دروستکردنى کۆمیسیۆنى بەغداش کە لە راستیدا ئەمەش کێشەیەکى گەورەیە.
لە هەمانکاتدا چەند سکاڵایەکیش براونەتە دادگەى فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەى دامەزراوە شەرعییەکانى هەرێمى کوردستان، بەهۆى پێکنەهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە. ئەو دادگایەى پێشتر پەرلەمانى کوردستان و کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان و یاساى هەڵبژاردنەکانى کوردستانى هەڵوەشاندووەتەوە. بە دوور نازاندرێت تۆمارکردنى سکاڵاکانى ئێستاش بەشێک بێت لە درێژکراوەى ئەو هەنگاوانەى پێشووتر و چاوەڕوانى کات و دەرفەتى گونجاوبن بۆ بڕیاردان لەسەر دامەزراوەکانى دیکەى وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش.
هەرچەندە من دەمێکە گەیشتووم بەو بڕوایەى پارتى و یەکێتی ناتوانن پێکەوە حوکمڕانى بکەن، نزیک بە دوو مانگ پێش هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیش بەدیاریکراوى لە 29-8-2024 هەر لێرە لە رووداو وتارێکم لەژێر ناونیشانى (دوایین حکومەتى پێکەوەیى پارتى و یەکێتى) نووسى و لەوێ هۆکارەکانم روونکردوونەتەوە، بەڵام بەگریمانەى ئەوەى لێکدانەوە و شرۆڤەى من هەڵەیە، بە ئومێدى ئەوە بووین دواى ھەڵبژاردن بتوانن پێچەوانەى هەڵەو نەنگییەکانى رابردووى پەرلەمان، بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموون و شکستەکان، خولێکى نوێى پەرلەمان و حوکمڕانى بەڕێوەبەرن، بەڵام ئەوە 740 رۆژ بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕی و هیچ هەنگاوێکى کردارى نابیندرێت نەک بۆ پێکهێنانى حکومەت، تەنانەت بۆ دەستپێکردنى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانیش. لەکاتێکدا دواى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى لەلایەن دادگەی فیدراڵیی بەغداوە، بەگەڕخستنەوەى پەرلەمان پێویستییەکى حەتمیی بوو بۆ کوردستان.
بە بارمتەگرتنى پەرلەمان و رێگەنەدان بەوەى دەست بە کۆبوونەوەکانى بکات، لە کاتێکدا دواى هەڵوەشاندنەوەى، پێویست بوو ئەم دامەزراوەیە لە ململانێ و ناکۆکیی جەمسەرگیرییەکان دووربخرێتەوە و بکرێتە دەزگایەکى شەرعیی نیشتمانى، بیرى مرۆڤ بەو ئاراستەیە دەبات هەموو ئەمانە پرۆسەى پێکەوە گرێدراون و ئامانجەکە خۆشکردنى زەمینە و ئاسانکردنى رێگەکانى هەڵوەشاندنەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستانە. ئەگینا دەتواندرا پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دەست بە کار و کۆبوونەوەکانى خۆى بکات، لە کاتێکدا ئەگەر لایەنەکان نەشتوانن لەسەر پێکهێنانى کابینەى نوێ رێککبکەون، بەڵام رێگەنەدان بەوەى پەرلەمان بکەوێتە کار، جێى سەرسوڕمانە. هەمووشمان دەزانین دادگەى فیدراڵى لە تاوتوێکردن و خۆئامادەکردندایە بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو سکاڵایانەى لەسەر حکومەت، پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. دەزانم پەیوەندى و توانا سیاسییەکانى هەرێمی کوردستان خراونەتەگەڕ بۆ ئەوەى رێگە لە دەرچوواندنى هەر بڕیارێکى دژ بە دامەزراوە دەستوورییەکانى هەرێمی کوردستان بگیرێت، بەڵام ئەوە عێراقە بۆ هەموو ئەگەرێک چاوەڕوانکراوە.
بۆیە داواکارم سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان وەک هەنگاوێکى پێشوەختە داوا لە بەغدا بکات (ئێمە دەمانەوێ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان سەرلەنوێ ئەنجام بدەینەوە، تکایە کۆمیسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردن دروست بکەن تاوەکو سەرپەشتیی پرۆسەکە بکات)، بەوشێوەیە بەرپرسیارێتییەکە بخرێتە سەر بەغدا کە پرۆسەى هەڵبژاردن دووبارە نەکراوەتەوە، بەوەش دەتوانن جۆرێک لە پارێزبەندى بۆ مانەوەى دامەزراوەکە دەستەبەر بکەن تاوەکو ئەوکاتەى بە کردار دەتواندرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێتەوە.



