بەدرێژایی قۆناخەکانی فراوانبوونی شاری هەولێر و بەتایبەتی لە دە ساڵی رابردوودا، بەردەوام نیگەرانی ئەو گرفت و ئاڵۆزییانە بووم کە هاوکات لەگەڵ ئەم فراوانبوونە خێرایەدا دێنە کایەوە، چونکە فراوانبوونەکە لەسەر زەوییەکی تەخت روویداوە. هەولێر نە کەوتووەتە سەر بەرزاییەک و نە لەسەر کەناری رووبارێکە. بۆیە دیارترین لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم جۆرە فراوانبوونە خێرایەی بیناسازی لە دروستکردنی ژینگەیەکی دەستکرددا کورت دەبێتەوە کە دوو رێڕۆی پێکەوە گرێدراو لەنێو کایەی ئاڵۆزی ئاسایشی شاردا دەکێشێت. رێڕۆی یەکەم لە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی کێشەی ئاودایە لە کاتی لێزمەباراندا. رێڕۆی دووەمیش پەیوەستە بە شێوازی رزگاربوون لە ئاوی پیس، واتە ئاوی ئاوەڕۆ. ئەمە جگە لە ئاستەنگییە خزمەتگوزارییەکانی دیکە کە رووبەڕووی گەشەی شاری هەولێر بوونەتەوە و دەبنەوە. بەڵام گرفتەکانی رزگاربوون لە ئاوی زیادەی باران و ئاوەڕۆ و رێگریکردن لە لافاوی هاتوو لە ناوچەکانی دەوروبەرەوە، بە دیارترین ئەو ئاستەنگانە دەمێننەوە کە هاتوونەتە بەردەم کاروانی گەشەسەندنی ئارام و پارێزراوی شارەکە.
سەرەڕای ئەوەی نەخشە بنەڕەتییەکانی فراوانکردنی شارەکە لەلایەن لایەنی ئەندازیاریی راوێژکاریی بەئەزموونەوە دانراون، بەڵام وادیارە پرسی ئەو لافاوانەی ئەگەری هەیە رووبەڕووی شارەکە ببنەوە بە هەند و جیدی وەرنەگیراوە و تەنیا لە چوارچێوەیەکی تیۆریی گشتیدا ماوەتەوە و پشتی بە لێکدانەوە و ژماردنکارییەکی ورد نەبەستووە. بەڵگەی ئەمەش دووبارەبوونەوەی لافاوە لە ساڵانی دواییدا لەنێو شەقامەکانی شار، لە کاتێکدا ناوچە ئاوەداننەکراوەکانی دەوروبەری رووبەڕووی هەمان لافاو و زیان نەبوونەتەوە. ئەمەش لەڕووی زانستییەوە ئەو بیرکردنەوەی بەهێز دەکات کە هۆکاری لافاوەکان باران نییە، بەڵکو شێوازی نەخشەسازیی شارەکەیە کە بەرگەی بارانی بەخوڕ ناگرێ، ئەمەش دواجار ئەنجامێکی بابەتییە بۆ گۆڕینی پێکهاتەی رووی زەوی لە دۆخی سرووشتییەوە بۆ دەستکرد. پێویست بوو لە سەرەتاوە گرنگی بە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆکان بدرێ و لەوەش گرنگتر لێکدانەوەیەکی ورد و تەواو بۆ بڕی ئەو ئاوە بکرێ کە بەهۆی بارانەوە دەڕژێتە نێو کۆڵان و شەقامەکان، هەروەها خۆپاراستن لە لێکەوتەکانی لافاو بە تۆڕێکی تایبەتی ئاوەڕۆ یان تۆڕی ئاو و چارەسەری دیکەی داهێنەرانە بێتە ئاراوە.
گرفتی سەرەکی لە فراوانیی رووبەری شارەکەدایە کە لەنێوان 200 بۆ 225 کیلۆمەتر چوارگۆشەدایە، واتە هاوتای (20000 – 22500) هێکتارە. سەرەڕای ئەم رووبەرە، کێشەکە لە کوێدایە، لە کاتێکدا ئەم رووبەرە بۆ شارە گەورەکان شتێکی ئاساییە؟ کێشەی هەولێر لە زیادبوونی بیناسازی و کەمیی رووبەری سەوزایی، شۆستەکانی نێو شەقامە سەرەکییەکان و شێوازی جێبەجێکردنی لێژیی شەقامەکاندایە. بەم پێیەش، ئەم رووبەرە گەورەیە لە سەربانی خانووەکان، شەقامەکان و شۆستەکان گۆڕاوە بۆ بارستەیەکی چیمەنتۆیی و بۆ سەکۆگەلێک کە ئاو هەڵنامژن، بەڵکو ئاراستەی دەکەن بەرەو ناوچە نزمەکانی شار. ئەمەش بە زمانی زانست بەو مانایەیە کە زۆربەی رووبەری شار بووەتە حەوزێکی باراناوی دەستکرد کە پێویستی بەوەیە ئاوەکەی وەربگیرێ و بە کۆنترۆڵکراوی بەرەو دەرەوەی ناوچەکانی نیشتەجێبوون ئاراستە بکرێ، بەتایبەت ئەگەر ئەوە بزانین کە هەولێر دەکەوێتە ناوچەیەکی بارانمامناوەندەوە کە تێکڕای ساڵانەی بارانبارینی نزیکەی (440) ملم دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارانبارینێکی بەخوڕی تووند کە لە کاژێرێکدا کە نزیکەی 20 ملم دەبێت. بە سوودوەرگرتن لە لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکراوە لە گۆڤاری زانستیی (Water) لە ساڵی 2022ـدا، بە لێکدانەوەیەکی خەمڵێندراو، شاری هەولێر دەکرێ لە یەک کاژێر یان کەمێک زیاتردا لە کاتی شەستەباراندا بڕی 4,500,000 (چوار ملیۆن و پێنجسەد هەزار) مەتر سێجا ئاو لەخۆبگرێ، هەروەک چۆن لە شەوی 7ـی نۆڤەمبەردا روویدا.
بێ گوێدانە ئەم بڕە زۆرەی ئاو، جەوهەری کێشەکە لە کوێدایە؟ کێشەکە لە بەئاسان سەیرکردنی فراوانبوونی ئاسۆیی بیناسازیی شارەکەدایە و لە نەترسانە لە زیادبوونی بیناسازی بەراورد بە رێژەی زەویی بێ باڵەخانە و رووبەری سەوزایی. نەخشەسازیی شار بەرەو زیادکردنی بیناسازی رۆیشتووە بەبێ گەڕانەوە بۆ لێکدانەوە و خەمڵاندنی گونجاو لەگەڵ سرووشتی زەوییەکە. فراوانبوون لە بیناسازیی هەر شارێکدا بابەتێک نییە بە ویستی خۆت بێ، بەڵکو دەبێت پابەندی پێوانە و لێکدانەوە بێت، کە ئەمەش پێویستی بە وردبینی و وریایی زیاترە لە دۆخێکی وەک تۆپۆگرافیای شاری هەولێر و دەوروبەریدا کە نزیکە لە تەختاییەوە، بە جیاوازییەکی کەم لە ئاستی بەرزی و نزمی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەستەمیی راکێشانی هێڵەکانی ئاوەڕۆ بۆ مەودایەکی دوور بەبێ بەکارهێنانی پرۆسەی پەمپکردن، جگە لە رەچاونەکردنی کەناڵی کراوەی پێویست بۆ دەرپەڕاندنی ئاوی لافاو لە کاتەکانی بارانی بەخوڕدا. بە کورتی، دیزاینی ئێستای شاری هەولێر بووەتە شتێک لە شێوەی حەوزێکی کۆکەرەوەی ئاو.
بە کورتی، چی بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر و لە داهاتوویشدا دەبێتە هۆی لافاو؟ ئەو رووبەرە زۆر فراوانەی بیناسازی بە سەربانی بیناکان، شەقامەکان و شۆستە چیمەنتۆییەکانەوە شارەکەیان کردووەتە حەوزێک کە ئاوەکان بەرەو نزمترین ناوچەی نێو شار ئاراستە دەکات. بڕی بارانیش کە پەیوەستە بە تووندیی بارانبارینەوە بۆ رووبەرێکی لەو شێوەیە هێندە زۆر دەبێت وەک لە سەرەوە روونمان کردەوە، کە بە رێگەی ئاسایی دەرپەڕاندنی ئاوەکە ئەستەم دەبێت. رەنگە ئەم ئەگەرەش لە بیر و لێکدانەوەی نەخشەسازان و داڕێژەرانی ماستەرپلانی شارەکەدا نەبووبێ. بەڵام دەبێت دوای دووبارەبوونەوەی کارەساتی لافاوەکان لە شاری هەولێر بپرسین: ئەو پێشنیازانە چین کە بەشدار دەبن لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاودا؟
بۆ چارەسەرکردن پێشنیازی ئەم هەنگاوە پێویستانە دەکەین:
یەکەم: پشکنینی خێرا بۆ ئەو ناوچانەی رووبەڕووی لافاو دەبنەوە، دیاریکردنی شوێنەکانیان بە وردی لەنێو شار و دەوروبەری و جێگیرکردنیان لەسەر نەخشەی بنەڕەتیی (ماستەرپلان) شارەکە.
دووەم: ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی نوێی تۆپۆگرافی، هایدرۆلۆجی و هایدرۆلیکی کە ئەنجامەکانی لافاوی ساڵانی دوایی لەسەر ئەرزی واقیع لەبەرچاو بگرێ، کە دوایینیان لافاوەکەی شەوی 7ـی نۆڤەمبەری 2026 بوو.
سێیەم: راسپاردنی لایەنی تایبەتمەند لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاوەڕۆ بۆ دانانی چارەسەری بەردەوام بۆ کێشەی لافاو، هەروەها بۆ تۆڕی ئاوەڕۆیش ئەگەر هەبێت، بەبێ گوێدانە تێچووە داراییەکان، چونکە هیچ کێشەیەک نییە کە لە بەردەم زانستە ئەندازیارییە هاوچەرخەکان و تەکنەلۆژیای نوێدا چارەسەر نەکرێ.
دواجار پێویستە جەخت لەسەر ئەو راستییە بکرێتەوە و هۆشیاری زیاد بکرێ کە نابێت بیناسازی لەژێر گوشاری خواست و ئارەزووی دانیشتووان، وەبەرهێنەرانی خانووبەرە و کۆمپانیاکاندا بکرێ، بەڵکو دەبێت کاری پێشنۆرە بە توێژینەوە و نەخشە ئەندازیارییەکان بێت کە ئاراستەی بزووتنەوەی بیناسازی بەرەو رێگەی راست دەبەن، چونکە زۆرجار گەشەی هەڕەمەکییانەی شارەکان دەبێتەهۆی دروستبوونی کارەساتی جۆراوجۆر، وەک چۆن لە ئاداری 2024 شاری دهۆک رووبەڕووی لافاوێکی وێرانکەر بووەوە و چەند رۆژێک دوای لافاوەکەش بەشێکی شارەکە رووبەڕووی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە بووەوە کە کەلوپەلی نزیکەی 160 دووکانی لە بازاڕی (چەلێ) لەنێوبرد. ئەم رووداوانە و ئەوانەی دیکەش کە لە شارەکانی دیکەی جیهاندا روودەدەن، سەلمێنەری ئەوەن کە جارێکی دیکە خوێندنەوە بۆ داهاتووی دیمەنی شارەکان بکرێتەوە و کار بۆ وردبینی لە لێکدانەوە و رێساکاندا بکرێ بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی سەلامەت لە پلەی یەکەم، پێش ئەوەی بیر لە فراوانبوونی چەندایەتی و دەستپێکردن بەرەو ئاسۆی گەشەپێدەرانە بکرێتەوە، کە لە بنەڕەتدا ئەم دوو بابەتە پێکەوە گرێدراو و لێک دانەبڕاون.


