تائێستا مانەوەی رێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی و ناوبەناو موخاتەبەکردنی رای گشتیی تورکیا و بەتایبەت کورد، پەیوەست بووە بەوەی ئایا ئەم پیاوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر رەوتی کارکردنی قەندیل و رای گشتیی کورد لە تورکیا دابنێت؟ لەمەشدا پەیامێکی ئۆجەلان راستەوخۆ دوای شکستی کاندیدی ئاکپارتی لە ئیستەنبوڵ بەڵگەیەکی روونە. دەوڵەتی تورکیا لەبەر چاوی رەشی ئۆجەلان و کورد نییە کە ئۆجەلانی لە ئیمراڵی ھێشتووەتەوە و تاڕادەیەکی باشیش سپەیسی کاریگەریی سیاسی پێداوە، بەتایبەت ئەوکاتانەی کە ئیشی پێیەتی، بەڵکو ھێشتنەوەی ئەو پیاوە بۆ سوودوەرگرتنە لێی لە ململانێی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا، یان ھەدەپە و حکومەتی ئاکپارتیدا. بەدیوێکی تریشدا و بە شرۆڤەیەکی دوژمنکارانە، دەکرێت بڵێین ھێشتنەوەی ئۆجەلان بۆ لەتکردنی رای گشتیی کوردە لە تورکیا لەنێوان ھەدەپە و ئیمراڵیدا و ھەروەھا پەکەکە و رای گشتیی کورد لە تورکیا، کە ھەق نییە کورد ھەرگیز ڕێگا بەمە بدات. ئەگەرچی ھەدەپە و پەکەکە تاماوەیەکی زۆر توانییان بەر بەم سیاسەتە بگرن و ئۆجەلانیان وەک موخاتیبێکی گرنگ بۆ دەوڵەتی تورکیا ھێشتەوە کە ئەمەش ھێز و کۆدەنگییەکی بە کورد لە تورکیا بەخشیبوو، بەڵام وا دەردەکەوێت بەمدواییە ئەو پەتی بەرگرییە پسابێت، ئەویش لەپێناوی ھیچ نا، بەڵکو لەپێناوی خستنی ئاردۆغان و ئاکپارتی کە روونە ئامانجی سەرەکیی ھەدەپە وەک پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لاوازکردنی ئاکپارتی و خستنیەتی. ھەمیشە و لە زۆر وێستگەدا ئەوە لە گوتاری ئۆجەلان خوێنراوەتەوە کە لە ئیمراڵییەوە ویستوویەتی مامەڵە لەگەڵ راستییەکی سەرەکی و ئەمری واقیع لە تورکیادا بکات، ئەویش باڵادەستیی ئاردۆغان و ئاکپارتییە، ئۆجەلان ھەمیشە ویستوویەتی سوود لەم مامەڵەیە ببینێ، یەکەم: بۆ ھێشتنەوەی خۆی کە ئەوە مافی خۆیەتی، دووەم: بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد لە تورکیا بە شێوە و رێبازی نوێ کە لەدوای گرتنەکەیەوە لە ١٩٩٩ پەیڕەویی لێکردووە. ئەم سیاسەتەی ئۆجەلان زۆر سەخت و ناچارانەش بوو، چونکە ھەم حکومەتی تورکیا لەوکاتانەدا کە بەھێز بوو لێی بێمنەت بوو، ھەم پەکەکە و ھەدەپەش نەیانتوانی لەسەدا سەد بەپیر ئەم سیاسەتەوە بچن. ئامانجە سەرەکییەکەی ھەدەپە کە شکاندنی ئاکپارتییە، لەگەڵ ئەم سیاسەتە نەھاتەوە و ھەروەھا پەکەکە و تورکیاش نەیانتوانی بگەنە رێککەوتنێکی تەواوەتی، لەمەشدا تەنھا ئۆجەلان و سیاسەتە نوێیەکانی بوون بە قوربانی. ئێستا و لەپاش شکستی کاندیدی ئاکپارتی لەبەرامبەر کاندیدی پارتی گەلی کۆماری لە ئیستەنبوڵ، جارێکی تر ئاکپارتی ھەستی کرد پێویستی بە دەنگی کوردە، بەتایبەتی کە ھەدەپە بەئاشکرا دەنگیان بە کاندیدە سەرکەوتووەکەی جەھەپە ئیمام ئۆغڵو دابوو. بێگومان تائێستا کەس نازانێ سەرخستنی ئیمام ئۆغڵو بەسەر کاندیدی ئاکپارتیدا بۆ ھەدەپە یان بۆ کورد چ دەستکەوتێکی تێدایە جگە لەوەی کە لێدانێک بوو لە ئاکپارتی و مەسجێک بوو کە ئەوان دەتوانن ھاوکێشەکان دەستکاریی بکەن. ئێستاش کە مەسجەکە گەیشت، ئەوەتا ئاکپارتی پەنای بردووەتە بەر ئۆجەلان و ئەویش لە پەیامێکدا داوای لە ھەدەپە کردووە لە ململانێکەدا بێلایەن بن! ئێستا لەپاش ئەو پەیامەی ئۆجەلان، پرسیار ئەوەیە ئایا دەنگدەری کورد، کوڕی خۆی کە ئۆجەلانە، دەکاتە قوربانی کچی خەڵک کە ئیمام ئۆغڵوی جەھەپەیە؟! ئەگەر پەیامەکەی ئۆجەلان کاریگەریی نەبێت لەسەر رێڕەوی ھەڵبژاردنەکە و ھەر بەوشێوەیە بێت کە وەک ھەدەپە رایگەیاندووە ھەر سوورە لەسەر دەنگدانەوە بە ئیمام ئۆغڵو، ئەوا کاریزما و کارتی ئۆجەلان زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت و ئەمەش لەکۆی گشتیدا زیانێکی دیکەیە بەر دۆزی کورد دەکەوێت لە تورکیا. خۆ ئەگەر دەرئەنجامی دەنگدانەکەش لە بەرژەوەندیی ئاکپارتی و بە شکستی ئیمام ئۆغڵو تەواو بێت، ئەوا مسداقییەتی ھەدەپە وەک قسەکەرێک بە ناوی کوردی تورکیاوە، گورزێکی گەورەی بەردەکەوێت. لە ھەردوو حاڵەتەکەدا ئەوە شتێکی روون و ئاشکرایە کە لەپاش ئەم پەیامە، ھێڵی ئۆجەلان لەلایەک و ھێڵی ھەدەپەش لەلایەکی ترەوە، بەڕوونی ھاوتەریب وەستاون و لێک جیابوونەتەوە.