هەر دەوڵەت یا سیستەمێکی حوکمڕانی وەک سیمای دەرەکی و هێمای ئیرادەی نیشتمانی، چەند دەسەڵاتێک لەخۆدەگرێت کە بریتین لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری. زانا و فەیلەسۆفەکان هەر لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە بەردەوام بە دوای ئەوەدا گەڕاون کە باشترین شێوازی حوکمڕانی بۆ بەختەوەریی خەڵک و کۆمەڵگە بدۆزنەوە. دواجار لە سەدەی هەژدەیەم، لەلایەن زانا و بیرمەندی فەرەنسی مۆنتسکیۆ، ئەم بیرۆکەیە لە کتێبی ڕۆحی یاساکان لە چوارچێوەی تیۆری جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکاندا (separation of powers) داڕێژرا و، بووە بنەمایەک بۆ سیستەمەکانی حوکمڕانی لە چەرخی نوێ.
بەپێی ئەم پرەنسیپە، دەسەڵاتەکان وێڕای پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان لە کار و ئەرکەکانیاندا، جۆرێک لە هاوکارییش لەنێوانیاندا هەیە. بەڵام لە هەمانکاتدا، دەبێ سیستەمی حوکمڕانی بە جۆرێک بێت کە هیچ دەسەڵاتێک نەتوانێ بە تەواوی دەست بەسەر هەموو جومگەکانی حوکمڕانیدا بگرێت و تاکڕەویی دروست ببێت، هەربۆیە پێویستە هەر دەسەڵاتێک، دەسەڵاتەکەی تر ڕابگرێت، واتە هەریەکەیان کۆنترۆڵی ئەویتر بکات کە ئەمەش پێیدەگوترێ پرەنسیپی چاودێری و هاوسەنگی. مۆنتسکیۆ دەڵێت: "کەواتە بۆ ئەوەی نەتوانرێ کەڵکی نابەجێ لە دەسەڵات وەربگیرێت، دەبێ دەزگاکانی دەوڵەت بە جۆرێک ڕێکبخرێن کە هەر دەسەڵاتێک، دەسەڵاتەکەی تر ڕابگرێت."
یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم سیستەمی حوکمڕانیی هاوسەنگ و وەڵامگۆ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوانەش هەرێمی کوردستان، باڵادەستی و هەژموونی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بەسەر دەسەڵاتەکانی تردا، کە ئەمەش وایکردووە دەسەڵاتی یاسادانان وەک دەسەڵاتی یەکەم و نوێنەری گەل و چاودێر بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە، نەتوانێ وەک پێویست ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. لە هەمانکاتدا، دەسەڵاتی جێبەجێکردن کە پەیوەندیی ڕۆژانەی لەگەڵ هاووڵاتیاندا هەیە و ئەرکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی لە ئەستۆیە، لەوانەیە نەتوانێ وەک پێویست خزمەتگوزارییەکانیان پێ بگەیەنێت، هەربۆیە لەگەڵ هاووڵاتیان تووشی لێکگیربوون دەبێت، کە ئەمەش دواجار ناڕەزایی خەڵکی لێدەکەوەێتەوە بەرامبەر بە کۆی سیستەمی حوکمڕانی. لەلایەکی ترەوە، دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە حوکمی دەسەڵاتە زۆر و زەوەندکانی لەوانەیە تووشی جۆرێک لە سەرکێشی یا تێپەڕاندنی سەڵاحیەتەکانی ببێت. لە دۆخێکی لەمجۆرەدا، دەبێت دەسەڵاتێک هەبێت کە هەم ڕێگە لەم تاکڕەوییە بگرێت و هەم بتوانێ لێپێچینەوە لەو دەسەڵاتە بکات، کە بێگومان بەپێی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان ئەم ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمان وەک بەشێک لە ئەرکە ناتەشریعییەکانی.
بێگومان دۆخی تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە قۆناغی ڕاگوزەردان، واتە لە قۆناغی پێش مۆدێرنەوە بۆ قۆناغی مۆدێرنە هەنگاو دەنێن، کاریگەریی لەسەر ڕەوتی کاری پەرلەمان و دامودەزگاکانی تری حوکمڕانی هەیە، کە دامودەزگای تایبەت بە جیهانی مۆدێرنەن. دیموکراسی و ئەزموونی پەرلەمانی لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتیبوون بنیاتنراوە. پەرلەمان لە وڵاتانی لیبراڵی ڕۆژئاوا، داینەمۆی دیموکراسی و نوێنەری حوکمڕانی گەلە. وڵاتانی دیکەش بۆ گەیشتن بە دیموکراسی و ڕەنگدانەوەی نوێنەرایەتی گەل لاسایی ئەم سیستەمە دەکەنەوە، بەڵام پاشخانی کەلتووری- سیاسی ئەزموونی پەرلەمانیی ڕۆژئاوایان نییە.
پەرلەمانی کوردستان هەر لە سەرەتای پێکهێنانییەوە تا ئەمڕۆ، بە دەست چەندین ئاڵنگاری و گرفتەوە دەناڵێنێ. لە سەردەمی جەنگی ناوخۆی نێوان پدک و ینک، بەهۆی ململانێی سیاسی - سەربازیی نێوان ئەو دوو پارتە، پەرلەمانی کوردستان داخرا و ئەم دەزگایە نەیتوانی بە بێلایەنی بمێنێتەوە، پاش ڕووداوەکانی ساڵی 1996 سەرلەنوێ دەستی بەکار کردەوە. هەربۆیە، خولی یەکەمی پەرلەمان بەشێوەیەکی نائاسایی لە 1992- 2005 بەردەوام بوو. پاشان لە خولەکانی دووەم و سێیەم هەرچەندە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بەدواوە بوو، بەڵام پەرلەمان بە حوکمی ئاشتەوایی نێوان پدک و ینک، کرانەوەی زیاتری کۆمەڵگە و رووخانی ڕژێمی بەعس و هتد، گەرموگوڕییەکی باشتری بەخۆیەوە بینی. لە خولی چوارەم، بەهۆی پەرەسەندنی ململانێی نێوان پارتە سیاسییەکانی کوردستان و بە تایبەت پدک و گۆڕان، پەرلەمان بووە بەشێک لەو ململانێیە و لە ئەنجامدا بووە قوربانی و پەکیکەوت و لە دوا ڕۆژەکانی ئەو خولەدا سەرلەنوێ کارا کرایەوە.
دەتوانین بەربەستەکانی بەردەم کاری پەرلەمانی لە کوردستان، بگەڕێنینەوە بۆ:
- هەژموونی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پارتە سیاسییەکان لەسەر پەرلەمان.
- ئەزموونی کەمی کاری پەرلەمانی لە کوردستان.
- ململانێی پۆپۆلیستانەی پارتە سیاسییەکان و پابەندیی پەرلەمانتاران بە بەرژەوەندییە حزبییەکان نەک نیشتمانییەکان و ڕەنگدانەوەی لەسەر کاری پەرلەمانی.
- ململانێ سۆسیۆلۆژی- سیاسییەکانی تایبەت بەو کۆمەڵگایانەی لە حاڵی ڕاگوزەردان.
- نەبوونی کەسانی بڕیاربەدەستی لایەنە سیاسییەکان لەناو پەرلەمان.
- بێتوانایی پەرلەمانتاران و لاوازیی کولتووری دیموکراسی.
لە دۆخی ئێستادا، ئەوەی کە هەڕەشەیە لە سیستەمی سیاسیی کوردستان، ناهاوسەنگیی نێوان دەسەڵاتەکان و بە تایبەت دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنە، بە جۆرێک کە دەسەڵاتی جێبەجیکردن هەژموونی بەسەر دەسەلاتی یاسادانان و دادوەریدا هەیە. ئەگەر پەرلەمان نەتوانێ بە ئەرکی چاودێریکردنی حکومەت هەڵبستێ و نەتوانێ سەرکێشییەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە بە دەسەڵاتی سەرکێش ناسراوە کۆتوبەند بکات، ئەوا لاسەنگییەک لە سیستەمی سیاسی وڵاتدا دروست دەبێت کە ئەنجامەکەی لە قازانجی پرۆسەی دیموکراسی و هاووڵاتیان نابێت. چونکە لە ڕووی پرۆتۆکۆلییەوە، پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتە و هێمای نوێنەرایەتی گەلە و بەرپرسە لە چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و ئەگەر نەتوانێ بەم ئەرکەی خۆی هەڵبستێ، ئەوا سیستەمی سیاسی لاسەنگ دەبێت.
هەربۆیە، بۆ ئەوەی پەرلەمان ببێتە دەسەڵاتێکی کاریگەر و هەروا بە مەبەستی ڕاستکردنەوەی سیستەمی سیاسی و پابەندبوون بە بنەمای (چاودێری و هاوسەنگی) وا باشە پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێنجەمدا وەک بەشێک لە ئەرکە ناتەشریعییەکانی خۆی، ئەرکی چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بە کارایی جێبەجێ بکات و گوڕێکی نوێ بە کاری پەرلەمانی بدات، کە ئەمەش دواجار لە قازانجی کۆی گشتی سیستەمی سیاسی کوردستان و هاووڵاتیان و پرۆسەی دیموکراسییە لە کوردستاندا. لەم پێناوەدا، وا باشە لایەنە سیاسییەکانیش هەست بە گرنگیی بەهێزکردنی دامودەزگەکانی دەوڵەت بکەن و پەرلەمان نەکەنە سەکۆیەک بۆ ململانێی حزبی، بەڵکوو بیکەنە ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان و چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بەهێزکردنی دامودەزگەکانی حوکمڕانی لە کوردستاندا.



