چەند ساڵێك لەمەوبەر بیرۆكەی بیردۆزێكی سیاسیم لە دوو توێی نامیلكەیەكدا خوێندەوە، كە باس لەوە دەكات باشترین جێگرەوە و ئەڵتەرناتیف چییە و كێیە بۆ ئەمریكا و رۆژئاوا، بیرۆكەی ئەو بیردۆزە و نەخشەڕێگەكەی لەوێوە سەرچاوەی گرتوە كە ئەمریكا بە بەرنامە و نیازێكی خراپەوە دەستكاریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و ئیشی نە بە گەلانی ئەم ناوچەیە هەیە و نە سەقامگیری دەوێت، لەكاتێكدا بەئاسانی دەتوانێت پشتگیری ئاسایش و ئارامی و گەشەسەندنیش بكات و لەبەریشی دەڕوات، ئەی مەگەر لەماوەی 40 ساڵی رابردوو هەموو گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە ئەفغانستانەوە شەڕەكانی كەنداو و تا گۆڕینی رژێمی عێراق و بەهاری عەرەبی و دوای بەهاری عەرەبیش هەر هەمووی دەستی ئەمریكای لەپشتەوە نەبوو؟ بەڵام كامیانی گەیاندە دەرئەنجامی سەقامگیری و ئاسایش و سەروەریی؟ نە هەرئەوەندە بەڵكو هەربە و سیاسەتەی كە دەمێكە باوەڕی پێیەتی مامەڵەی هێزە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و جیهانییەكانی كرد كە بریتییە لە ئیدارەدانی هاوكێشەكان نەك چارەسەر و بنبڕكردنیان، لێرەوە دەڕۆمەسەر بیرۆكەی بیردۆزەكە و دەڵێت (مێژووی كۆن و نوێی ئەمریكا سەلماندی، كە دەبێت هەموو دەوڵەت، نەتەوە، ئایین و ئاینزاكانی رۆژهەڵات لەیەك هاوپەیمانی گشتگیری سیاسی كولتووری و ژیاریدا كۆببنەوە لە رووسیا و رۆژهەڵاتی ئاسیاوە تا مەغریبی عەرەبی چونكە ئەم بەشەی گۆی زەوی لەڕووی قیەم، بەها، كولتوور، رەگ و ریشەی ئایینییەوە بەیەك دەچوون و لەیەكدی نزیكترن تا لە رۆژئاوا).
ئێستا ئەم بەشەی گۆی زەوی كە رۆژهەڵاتە هەر هەمووی پڕ و تووڕەیە لە رۆژئاوا هەریەكەیان بەجیا دەناڵێنێت بەدەست ئەمریكاوە و دەمێكە بیر لەچارەسەر دەكەنەوە، بەڵام لەبەر پەرتەوازەییان تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە خاوەنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو بن و بەتەنهاش هیچكامیان هیچیان پێناكرێت، بەڵام رووسیا هەلومەرجی بۆڕەخساوە بیریش لە رۆڵی نوێ و تۆڵەش دەكاتەوە. ئێران، توركیا، كەنداو، ئەندەنووسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەگشتی وان لە بیری چارەسەر و دەرچەیەكدا و شپرزەییەكانی ئەمریكا و گۆڕینی هێزە نێودەوڵەتییە تۆكمەكەی بۆ شەڕی نابەرابەریی هەرێمایەتی و بچووك و چەقین و سەرنەكەوتنە یەك لەدواییەكەكانی و سەرقاپ نانەوەی ترەمپیش بەمشێوەیەی ئێستا دەستی داوەتێ، پێدەچێت ئەو بیردۆزە دەوڵەمەند بكات و خاوەنی بۆ زۆر كات و ترەمپیش مێشێك میوانی نییە و پێوەرەكانی ئەو تەنها قازانج و دروستكردنی هەلیكارە بۆ ناوخۆی ئەمریكا و نایەوێت باجی كوێخایەتی و ریشسپێتی دونیا بدات، كە ئەمریكا زیاد لە 100 ساڵە هەوڵی بۆداوە و باج و خەرجی گەورەی لەسەر كردووە.
لەم خۆسەرقاڵكردنانەی ئەمریكا بێ دەرئەنجام دەستی داوەتێ و، كات و پارەی پێوە خەرجكردوە و هیچ باكیشی نییە و نەبووە، تاكەی درێژەدات بە جەنگە بێ كۆتاكان و ماف و سەروەری گەلان لای ئەو یەكسان نییە بەقازانج و ساخكردنەوەی كاڵا و شمەكەكانی، لەم كاتەدا و لەم 40 ساڵە شپرزەییەدا دەوڵەتی چین. گەورەترین ئیمپراتۆرییەتی ئابووری و بازرگانی دروستكرد، رووسیا كەوت و هەستایەوە، ئەوروپا لێی بێزاربوون، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێی بێ ئومێدبوون، چوار جارە چین لە ساڵانەی داڤۆسدا لە كێبڕكێی رۆبۆتدا لێی دەباتەوە، بۆیە عەقڵمەندانی گەورەی سیاسی و ئابووری و هزری لە كارەساتێكی لەناكاو دەترسن.
خۆئەگەر ئێستا تا 10 ساڵی دیکە رۆژهەڵات لە هاوپەیمانییەكی گشتگیردا یەكبگرن ئەوا دەبنە خاوەنی زیاتر لە چوار ملیار كەس و ئەگەر یەكەم ئیشیان كردنەوەی یەك بازاڕ بێت و دراوێكی نوێ بەكاربێنن ئەمریكا خۆشی نازانێت چی بەسەردێت.
نازانم. چەندێك فرسەت ماوە، بەڵام دەزانم هیچ گەل و نەتەوە و دەوڵەتێك رەحم و متمانەی بە ئەمریكا و سیاسەتەكانی نەماوە.



