دەمەوێت قسەی دڵی زۆربەی خەڵكی كوردستانتان بۆبكەم و بەئەمانەتەوە لێم وەرگرن، خەڵكی ئەم هەرێمە دەستی لەسەر دڵیەتی و لەدڵەڕاوكێدا دەژی بەهۆی ئەم قەیرانە فرەڕەهەندەی عێراقەوە.
هەرهەمووی لەیەكدی دەپرسێت ، ئەرێ ئەم دۆخە بۆكوێ و بەرەوچی دەڕوات؟ كێی لەپشتە؟ ئایندەی ئێمە چی بەسەردێت؟ ئەگەر بەغدا تێكبچێت و شەڕی ناوخۆی شیعە دروستببێت، مەعاش و خۆراك و پێداویستی لەكوێوە دێت؟ ئایا هەرێم راپێچی ئەوشەڕە دەكرێت یان نا؟ ئایا تێكچوونی بەغدا دەبێتە فرسەت بۆ كورد یان دەكرێتە ئاگر بۆ نێوماڵی كوردی و لێكترازان؟.
بەڕێزان ئەم پرس و پرسیارانە كۆی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پێوەی سەرقاڵن و تەنها ئێوەش بەرپرسیارن لەوەڵامدانەوەی پرسیارەكان، ئەویش بەهەڵوێست و رەفتار و كردار نەك بەقسە و لێدوان.
ئێوە چەند رۆژێكە دەستانكردووە بە یەکتر تۆمەتباركردن و خەڵكیش زیاتر دەترسێت كە بەئاقاری خراپدا بڕوات، منیش دەڵێم ئەگەر یاریدەكەن یارییەكی جوان بكەن و مەهێڵن بەهیچ جۆرێك هەرێم لەهیچ ئاستێكدا ببێتە بەشێك لەشەڕ و قەیرانی بەغدا، ئەگەرچی پشتگیری داوای رەوای خەڵكی مافخوراوی عێراقیش ئەركێكی ئەخلاقی و سیاسییە.
بەكارهێنانی كوردستان وەك ناوچەی ئارامی عێراق وەك سەردەمی شەڕی تایفی، سیاسەتێكی زۆر سەركەوتوانەیە و دەكرێت دەستكەوتی گەورە بەدەست بێنین لەهەموو روویەكەوە، بەڵام خوانەخواستە ئەگەر ئەم گلەیی و بناشت و شەڕە تۆمەتە یاری نەبێت و بەڕاستتان بێت ئەوە دڵنیابن دۆخەكە ئەوەندە ناسكە ئێمە وەك هەرێم بەرگەی ناگرین و دەزگا و دووكانمان خراپی بەسەردێت.
بۆیە زۆر پێویستە سوود لەهەلومەرجەكە وەرگرین و لەبری شەڕە گلەیی، پێكەوە لەسەر ستراتیجێك كاربكەن بۆ سوود وەرگرتن، یارییەكی جوان بكەن بۆگۆڵێكی زێڕین لەكاتێكی ناسك و یەكلاكەرەوەدا، لەم كاتەناسكەدا هەرقەیرانێك رووبكاتە هەرێم بە پلەی یەك روودەكاتە هەردوولاتان پاشان پشكدارانی حكومەت، جگەلەوەش دەبێت ئەولایەنانەش كە بەشدارنین لەحكومەت باش دركی ئەوەبكەن كە لەكاتی ئەگەری شەڕ و تێكچوونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی تەنها دەسەڵات و حكومەت بەرپرسیار نییە، چونكە یەكێك لەسەرەكیترین ئامانج و ئەرکەکانی هێز و حیزبی سیاسی لادانی وڵاتە لەشەڕ و ئاشوب و ناسەقامگیری.
بۆیە لەكۆتاییدا دەڵێم ئەم دۆخەی بەغدا لەوانەیە فرسەتێكی باشی تێدا بێت، دانیشن بزانن فرسەتەكە لەكوێدایە و چۆن دەتوانن سوودی لێوەرگرن. سومعەی هرێمیشی پێ بەرزكەنەوەو هاووڵاتیانیش لەدڵەڕاوكێدا مەهێڵنەوەو هێزەكانی دیكەش بەشداركەن، چونكە ئەم جۆرە چارەنووسانە وەک پرسی نیشتمانی گشتگیر و ئایندەدارن.



