رووداو دیجیتاڵ
بەڵێ ئەوە کوڕەکانی ئێمەبوون رێیان لە ئابڕووچوونی گەورەی ئێوە گرت.
پاش چل ساڵ لە چاوەڕوانی، عێراق لە گەیشتنەوە مۆندیالدا تەنیا ئابڕووچوونی بۆمایەوە.
لە سێ یاریدا 12 گۆڵ، ئەگەر لە دوورترین دوورگەی سەر نەخشەدا رووی بدایە، هەمووان دەستیان لەکار دەکێشایەوە.
عێراق، هەڵبژاردەکەی، وەک مێژووەکەی، وەک سنوورەکەی، وەک دەسەڵات و هەموو شتەکانی دیکەی، لەسەر بنەمای خاترگیری و فەیک و درۆ بونیادناوە.
کەشوفشی عێراقچێتی و وڵاتی دوو رووباری بەزۆر پێکەوە لکێنراو و سەروەریی مێژوویەکی درۆزنانە، لە بازاڕی ئێستای تۆپی پێدا، هیچ بەهایەکی نییە و کورد گوتەنی توورێکی تەڕ ناهێنێت.
ئەو هەڵبژاردەیەی پاش چل ساڵ چاوەڕوانی ناردتانە مۆندیال، تەنیا کۆمەڵێک ژمارەی پێوانەیی نێگەتیڤ و ئابڕووبەرانەی لەگەڵ خۆیدا هێنایەوە.
چونکە بناخەی ئەوەی ناونراوە وڵات بۆشە، هەرچی لەسەر بونیاد بنرێت، هەر بۆشە.
کەس نەیزانی جەلال حەسەن بۆچی برایە مۆندیال؟ ئیبراهیم بایش لە کام یاریزان باشتربوو؟ ئەیمەن حوسێن بەکام هەق شایستەی یارییکردن بوو؟ لەوانیدیکەش گەڕێ.
ئەگەر پرسیار لەسەر لیستەکەی عێراق بکەیت، لەبری گومانێک هەزارانت لا دروست دەبێت، بەڵام لە نێو ئەو کارەساتەدا کەبەسەریدا هات، تەنیا هەندێک خاڵی پۆزەتیڤ هەبوون، ئەوانەش هەموویان، موڵکی کوڕە کوردەکانی هەڵبژاردەکە بوون.
هەمووان گۆڕەپانەکەیان چۆڵکرد، تەنیا ئاکام بۆ شکستەکە گریا، هەمووان بەردەم گۆڵیان بەتاڵکرد، تەنیا رێبینەکەی ئێمە قوربانییەکەیدا. هەمووان لە باڵی چەپەوە هەڵەیان کرد، هەڵەی گەورە، بەڵام مێرخاس، مێرخاسانە بەرگری کرد.
گلەیی لە کوڕە کوردەکانی ئێمە نییە، ئەوان نەبەردانە جەنگان، بەڵام هەموو هەڵبژاردەی عێراق، دوو یاریزانی نەبوو بۆی بجەنگێت.
ئێوە مارکۆ و یوسف ئەمین و ئەیمارتان برد، بەڵام هەلتان پێنەدان، دڵنیام ئەگەر ئەوان یارییان بکردایە، بەشێکی دیکەی ئابڕووە تکاوەکەی عێراقیان لەسەر یاریگاکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک دەشۆردەوە، ئەگەر هەبووایە.
رێبوار محەممەد



