ئیحسان تاهیر
هەموو دۆڕانێک کۆتایی نییە، هەندێکجار دۆڕان سەرەتای دەستپێکردنەوەیەکی نوێ و بەهێزترە.
نامۆ فازیڵ لەنێو حەلەبەکەدا دۆڕا، بەڵام دڵی ملیۆنەها کوردی دڵسۆزی بەدەستهێنا.
نامۆ وەک هەر پاڵەوان و ئەفسانەیەکی جیهان، ئاساییە کاتێک یارییەک دەدۆڕێت و قبوڵی دەکەین، بەڵام مخابن و ئەوەی زۆر ئازاری دام ئەو هەموو کوردە بوو کە دڵیان بە دۆڕانی کوردێک خۆش دەکەن، و ئیمۆجی پێکەنین و کۆمێنتی ناشیرینی هەڵقوڵاو لە ناخێکی رەشی بەتاڵ بوو لە هەر هەستێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی دادەنێن.
ئەم هەڵوێستەیان واتایەکی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتی هەڵگرتووە، کە عەلی وەردی، سۆسیۆلۆجناسی بەنێوبانگی عێراقی بە دیاردەیەکی مەترسیدا دەزانێت و بە "خۆشحاڵبوون بە نەهامەتیی ناوخۆیی". وەسفی کردووە.
تۆ، کە لە راستیدا واقیعی خراپی سیاسی و کۆمەڵایەتی تۆی رووخاندووە، بەو هەڵوێستەت بەردی بناخە بۆ شکستی کەسیی خۆت دادەنێیت، چونکە پاڵەوان هێمایە بۆ ئەو هێزە گشتییەی کە تۆ سەر بەوێیت، و کەوتنی ئەو لاوازکردنی ئەو قەڵخانەیە کە دەتپارێزێت.
تۆ کاتێک بە شکستی پاڵەوانێکی نەتەوەکەت دڵخۆشی، ئەوە بزانە کە تۆ لە ناوەوە شکاویت، چونکە تۆ لەبری ئەوەی شانازی بەسەرکەوتنی هاونەتەوەکەتەوە بکەیت، چێژێکی کاتی لە شکستەکەی وەردەگریت بۆ ئەوەی بێتوانایی خۆت پاساو بدەیت.
تۆ کە چەپڵە بۆ دۆڕانی پاڵەوانێکی نەتەوەکەت لێدەدەی (پاساو هەر شتێک بێت، نەبوونی دادوەری بێت یان قەیرانی بەنزین و کارەبا و هەر شتێک بێت) ئیدی تەنیا بە ناو سەر بەم گەلەیت، چونکە ئەوە نامۆ نییە هۆکاری ئەو قەیرانانە بێت. نامۆ تەنیا نوێنەرایەتی تۆ و نیشتیمانەکەت و ئاڵاکەت دەکات لەسەرانسەری جیهاندا، بەڵام کاتێک تۆ ئەو نیشتیمان و ئاڵایە رەتدەکەیتەوە، ئاساییە دڵخۆش بی بە شکستی پاڵەوانەکانت، هەروەک چۆن دڵخۆشی بە داگیرکردنی خاکی نیشتیمانەکەت. وەک چۆن دڵخۆشی بە هاتنی درۆن و مۆشەکی دوژمن بۆ گوند و شارەکانی وڵاتەکەت.
سوێند بەخوا ئەوانەی ئیمۆجی پێکەنین بۆ دۆڕانی نامۆ دادەنێن، هەر ئەوانیش نزا لە خوا دەکەن هەرێمی کوردستان نەمێنێت..
هەموو ئەوەی من دەیڵێم بە هیچ شێوەیەک پاساو نییە بۆ نادادی و گەندەڵی و دەیان ناشیرینی هەرێمەکەمان.. تۆ مافی خۆتە ئینتیمات بۆ حزبەکان نەبێت، بەڵام هەرگیز مافی ئەوەت نییە ئینتیمات بۆ خاک و نیشتیمانەکەت نەبێت. ئینتیمای راستەقینەش پێویستی بە هەستکردنە بە ئازاری هاوبەش و سەرکەوتنی هاوبەش.
ئیبن خەلدوون پێیوایە دەمارگیری و یەکگرتوویی کۆمەڵگا بنەمای مانەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگاکانە، بەڵام کاتێک دۆخەکە ئاستی ئاستی دڵخۆشبوون بە شکستی پاڵەوانێکی هاوزمان و هاونەتەوە، ئەوە یەکەم نیشانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ سەرەتای داڕووخانی کۆمەڵگا.
لە کۆتاییدا دەڵێم، تەنیا ترسنۆکەکان بە شکستی پاڵەوانەکانیان دڵخۆش دەبن. دڵنیام نامۆ بوێر و ئازایە و زۆر بەهێزتر دەگەڕێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
