رووداو دیجیتاڵ
میرۆسلاڤ کلۆزەی هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، قسەی لەبارەی شکاندنی ژمارە پێوانەییەکی گۆڵکاری مێژوویی مۆندیال، لەلایەن لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتینییەوە کرد و گوتی ئەو شایستەیە، چونکە باشترینە.
مێسی لە یاریی نێوان ئەرجەنتین و نەمسادا، هەردوو گۆڵی سەرکەوتنی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد و کۆی گۆڵەکانی لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە گەیاندە 18 گۆڵ.
مێسی گۆڵکەری مێژوویی مۆندیالە و پێش میرۆسلاڤ کلۆزە کەوت کە پێشتر 16 گۆڵی لە مۆندیالدا هەبوو.
مێسی کە شەشەم مۆندیالە بەشداری دەکات، لە مۆندیالی ئەمساڵدا لە کۆی پێنج گۆڵی ئەرجەنتین لە دوو یاریی پاڵەوانێتییەکە، هەر پێنج گۆڵەکەی تۆمارکردووە. لە یاریی یەکەمدا بەرامبەر جەزائیر سێ گۆڵ و لە یاریی دووەمدا بەرامبەر نەمسا دوو گۆڵ.
کلۆزە پێشتر رایگەیاندبوو، لە مۆندیالی ئەمساڵدا ژمارە پێوانەییەکەی ئەو لە گۆڵکەری مۆندیال دەشکێنرێت و هیوای خواستبوو مێسی ئەو کەسە بێت، ژمارەکەی ئەو دەشکێنێت.
هێرشبەرە ئەڵمانییەکە لە دوای شکانی ژمارەکەی دەڵێ، "لیۆنێل مێسی باشترین یاریزانی جیهانە بەبڕوای من و پیرۆزبایی لێدەکەم، ئەو پاڵەوانە".
کلۆزە کە ئێستا راهێنەری یانەی نۆرنبێرگی پلە دووی ئەڵمانیایە دووپاتیکردووەتەوە کە پێش مۆندیالی ئەمساڵ پێشبینی کردووە ژمارەکەی بشکێنرێت، بەڵام وەکئەو دەڵێ، دڵخۆشم بەوەی ئەو بلیمەتە ژمارەکەی منی شکاند.
روونیکردووەتەوە، "ئاساییە، ژمارەکەی من هەردەبوو رۆژێک لە رۆژان بشکێنرێت، دڵخۆشم بەوەی مێسی ئەوەی کرد، من زۆر بەمێسی سەرسامم".
کلۆزە پێشتر لە چوار وەشاندی مۆندیالدا بەشداریی کردووە.
مێسی یەکەم گۆڵی خۆی لە مۆندیالی 2006ی ئەڵمانیا تۆمارکرد و لەوکاتەوە، تەنیا لە مۆندیالی 2010ی ئەفریقای باشوور، نەیتوانی گۆڵ تۆماربکات. لە کاتێکدا لە دوایین شەش بەشداریی خۆیدا لە یارییەکانی مۆندیال، گۆڵی تۆمارکردووە و ئێستاش گۆڵکاری مۆندیالی ئەمساڵە بە پێنج گۆڵ.
گۆڵکارانی مێژوویی مۆندیال..
لیۆنێل مێسی (ئەرجەنتین)، 18 گۆڵ لە 28 یاریدا.
کیلیان ئێمباپێ (فەرەنسا)، 16 گۆڵ لە 16 یاریدا.
میرۆسلاڤ کلۆزە (ئەڵمانیا)، 16 گۆڵ لە 14 یاریدا.
رۆناڵدۆ نازاریۆ (بەرازیل) 15 گۆڵ لە 19 یاریدا.
گێرد مولەر (ئەڵمانیا)، 14 گۆڵ لە 13 یاریدا.
جوست فۆنتین (فەرەنسا)، 13 گۆڵ لە 6 یاریدا.
پێلێ (بەرازیل)، 12 گۆڵ لە 14 یاریدا.




