رووداو دیجیتاڵ
ئەیوب بوەعدی، ئەستێرە لاوە مەغریبییە تەمەن 18 ساڵانەکە، بووەتە چەقی ململانێیەکی تووندی ئەورووپی لە نێوان گەورەکانی کیشوەری پیردا، ئەمەش دوای درەوشانەوەی بەرچاوی لەگەڵ یانەی لیلی فەرەنسی و هەڵبژاردەی مەغریب لە مۆندیالی 2026.
پاتریک بێرگەر، رۆژنامەنووسی ئەڵمانی لەڕێگەی تۆڕیسکای سپۆرتەوە ئاشکرای کرد کە کارگێڕیی یانەی لیل ئامادەیە ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاستی بفرۆشێت لە بەرامبەر دەستەوارەیەکدا کە لە 70 ملیۆن یۆرۆوە دەست پێبکات؛ ئەم بڕە پارەیە گوزارشت لە بەرزبوونەوەی بەهای بازاڕیی یاریزانەکە دەکات دوای ئاستە ناوازەکەی لە مۆندیالدا.
ریال مەدرید لە پێشەنگی ئەو یانانەدایە کە گرنگییەکی زۆر بە یاریزانەکە دەدەن؛ دۆزەرەوەی بەهرەمەندەکانی یانە شاهانەکە، کە جۆنی کالافاتی بەڕێوەبەری هونەریی دۆزەرەوەکانیش لە نێویاندایە، ئامادەی یاریی نێوان مەغریب و بەرازیڵ بوون بۆ چاودێریکردنی یاریزانەکە لە نزیکەوە،و لە بێرنابیۆ وەک بەهرەیەکی دەگمەن سەیر دەکرێت.
لە بەرامبەردا، ئارسیناڵ یەکێکە لە یەکەم ئەو یانانەی گرنگی بەو گەوهەرە مەغریبییە دەدات؛ تۆپچییەکان لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ یاریزانەکە و کەسە نزیکەکانی، و پلانیان هەیە دوای کۆتاییهاتنی مۆندیال گفتوگۆکان چڕ بکەنەوە. هاوکات یانە دیارەکانی وەک پاریس سانجێرمان، لیڤەرپوول، چێڵسی و بایرن میونشنیش بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەن.
گرێبەستەکەی بوەعدی کە تاوەکو حوزەیرانی 2029 درێژ دەبێتەوە و لە کانوونی یەکەمی رابردوودا واژۆی کردووە، هێزێکی زۆری گفتوگۆکردن دەبەخشێتە یانەی لیل، بەتایبەت دوای لێدوانەکانی پێشووی ئۆلیڤیێ لیتۆنگ، سەرۆکی یانەکە، کە گوتبووی "50 ملیۆن یۆرۆ بەس نییە.. پێویستمان بە دەستەوارەیەکی دەگمەنە"، بۆیە ئێستا 70 ملیۆن یۆرۆ بووەتە کەمترین نرخ.
وادیارە هاوینی داهاتوو ململانێیەکی تووند بۆ گواستنەوەی ئەم بەهرەمەندە مەغریبییە بەخۆیەوە دەبینێت، لە گرێبەستێکدا کە لەوانەیە ریکۆردی نرخ بۆ یاریزانە لاوە ئەفریقییەکان بشکێنێت و سەرلەنوێ نەخشەی هێز لە ئەورووپا بکێشێتەوە.




