رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە دووەم یاری خۆیدا لە جامی جیهانی 2026، ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەشکرد و بە ئەنجامێکی گەورە و بە 5-0 لە هەڵبژاردەی ئۆزبەکستانی بردەوە، بەمەش هەنگاوێکی گەورەی بەرەو قۆناخی داهاتوو نا.
دوای یەکسانبوونە بێزارکەرەکەیان لە یاری یەکەم بەرامبەر کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، هاوڕێکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەمڕۆ، سێشەممە بە وێنەیەکی جیاواز دەرکەوتن و باڵادەستی خۆیان بەسەر یاریگادا سەپاند، کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە خولەکی 6ـدا سوودی لە پاسێکی جوانی جواو کانسێلۆ وەرگرت و بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
لە درێژەی هێرشەکاندا و لە خولەکی 17ـدا، نونو مێندێش بە لێدانێکی راستەوخۆ و بە شێوازێکی هونەری جوان گۆڵی دووەمی هەژاند، ئەمەش دوای ئەوەی رۆناڵدۆ وەکو تاکتیکێک خۆی نیشاندا کە لێدانەکە جێبەجێ دەکات و سەرنجی بەرگریکارانی پەرتەوازە کرد، پێش کۆتایی هاتنی گێمی یەکەمیش لە خولەکی 39دا، جارێکی دیکە دۆن گەڕایەوە و گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی پۆرتوگالی تۆمارکرد دوای ئەوەی برۆنۆ فێرناندێز ئەسیستێکی ناوازەی بۆ کرد.
لە گێمی دووەمدا گوشارەکانی پۆرتوگال بەردەوام بوون و لە خولەکی 60ـدا بەهۆی تێکنەگەیشتن لە نێوان گۆڵپارێز و بەرگریکاری ئۆزبەکستان، ع بە هەڵە گۆڵی چوارەمی لە خۆیان تۆمارکرد، کۆتایی گۆڵەکانیش لە خولەکی 86 بوو کاتێک رافایێل لیاو بە لێدانێکی موشەکئاسا لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی پێنجەمی
پۆرتوگالی نووسییەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم یارییەدا مێژوویەکی نوێی نووسییەوە و بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا لە 6 وەشانی جیاوازی جامی جیهانیدا گۆڵ تۆمار بکات، هەروەها پێگەی خۆی وەک یەکێک لە بەتەمەنترین ئەو یاریزانانەی لە مۆندیالدا گۆڵ دەکەن بەهێزتر کرد.
بەو سەرکەوتنە پۆرتوگال کۆی خاڵەکانی گەیاندە 4 خاڵ و کەوتە پێشەنگی کۆمەڵەی 11، لە بەرامبەردا ئۆزبەکستان دوای دوو شکستی لەسەریەک هیواکانی بۆ سەرکەوتن بەرەو کەمبوونەوە چوو.




