رووداو دیجیتاڵ
سادیۆ مانێی ئەستێرەی هەڵبژاردەی سەنیگال، هەڕەشەی بردنەوە لە عێراق و بەردەوامبوون لە مۆندیالی ئەمساڵ دەکات، پاش ئەوەی هەڵبژاردەکەی لە دوو یاریی یەکەمی خۆیدا لە مۆندیال، بەهەریەکە لە فەرەنسا و نەرویج دۆڕا.
مانێ دانیبەوەداناوە کە لە دوایین یارییدا بەرامبەر نەرویج، ئەو هەڵبژاردەیە شایستەی بردنەوە بووە، دووپاتیکردووەتەوە هەڵبژاردەکەی بەباشترین ئاستەوە لە یارییەکەدا، دەرنەکەوتووە.
سەنیگال لە یاریی یەکەمدا بە 3 - 1 بە فەرەنسا دۆڕا و یاریی دووەمیش بە 3 - 2 گۆڵ دۆڕا.
مانێ لە دوای یارییەکەی نەرویج لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ، "هەموومان هەست بەبێئومێدی دەکەین، چووینە یارییەکەوە بەئومێدی بردنەوەوە، بەڵام بەداخەوە کە لە باشترین ئاستی خۆماندا نەبووین".
ئەستێرەکەی نەسڕی سعودی هیچ بیانوویەکی بۆ شکستەکە نەهێنایەوە و دووپاتیکردەوە، نەرویج شایستەی بردنەوە بووە.
گۆڵکارەکەی سەنیگال دووپاتیدەکاتەوە کە وێڕای دوو گورزی کوشندە لە دوو یاریی سەرەتای مۆندیال، بەڵام تیپەکەی یەکگرتووە و باوەڕی بەهەلی بەردەوامبوون لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە هەیە.
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەوڵدەدەین بەزووترین کات هاوسەنگیی خۆمان بەدەست بهێنینەوە و ئامادەکاری بکەین بۆ یاریی داهاتوو. هێشتا کاروانمان لە مۆندیال بەردەوامە و دەبێ لەپێناویدا بجەنگین".
مانێ دووپاتیدەکاتەوە، تاکە رێگای رزگارکردنی کاروانی هەڵبژاردەکە لە مۆندیال، بردنەوەی یاریی داهاتووە کە بەرامبەر عێراق دەبێت و دەڵێ، "دەگەڕێینەوە و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".
سەنیگال پێویستی بەبردنەوەی دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر عێراق هەیە، لەگەڵ چاوەڕێکردنی ئەنجامی کۆمەڵەکانی دیکە، بۆ یەکلابوونەوەی چارەنووسی و دەستگرتن بەئومێدی بەدەستهێنانی یەکێک لە کورسییەکانی باشترین سێیەمی کۆمەڵەکان، کە هەڵبژاردەکە بەهۆیەوە، دەتوانێت بگاتە قۆناخی 32ی مۆندیال.




