رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و بەهێزی مۆندیالدا، هەڵبژاردەی فەرەنسا بەرامبەر نەرویج یاریی دەکات و کیلیان ئێمباپێ رووبەڕووی ئێرلینگ هالاند دەبێتەوە.
لە سێیەم یارییاندا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، کاژێر 22:00 فەرەنسا بۆ رکابەریکردن لەسەر مسۆگەرکردنی پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەی نۆیەم بەرامبەر نەرویج یاریی دەکات و دەیەوێت بە سێ بردنەوەی لەسەریەک لە قۆناخی داهاتووی مۆندیال بێت.
لە یارییەکەی ئەمشەودا، بەهۆی ئەوەی دایکی کۆچی دواییکردووە، دیدێ دیشامپ، راهێنەری فەرەنسا لە یاریگا نابێت و گەڕاوەتەوە فەرەنسا، بۆیە گای ستیفانی، یاریدەدەری ئەو لەسەر هێڵی یاریگا دەبێت بۆ پێدانی رێنوێنی بە یاریزانەکانی فەرەنسا.
سەرکردەی فەرەنسا لە مۆندیالدا، کیلیان ئێمباپێیە، ئەستێرەکەی ریال مەدرید تاوەکو ئێستا بە دوو یاری چوار گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمشەو بەرامبەر یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێ یاریی دەکات و دەیەوێت توانا و هێزی فەرەنسا لەم مۆندیالەدا بەرامبەر نەرویج دووپات بکاتەوە.
فەرەنسا ئەگەر لە یارییەکەی ئەمشەودا بەرامبەر نەرویج نەدۆڕا، لە قۆناخی داهاتوو بەرامبەر سوێد یاریی دەکات.
هەڵبژاردەی نەرویج بە سەرکردایەتیی ئێرلینگ هالاند، بۆ یاریی لووتکەی بەرامبەر فەرەنسا ئامادەیە و دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک لە مۆندیالدا تۆمار بکات.
هەڵبژاردەی نەرویج یەکەیەکی مەشقی لە سەنتەری راهێنانی 'نیو ئینگڵاند رێڤۆلوشن' لە شاری فۆکسبۆرۆی ویلایەتی ماساچووسێتس ئەنجامدا، وەکو دوایین ئامادەکاری بۆ یارییەکە و تیپەکە بۆ رکابەرییەکی دیکە ئامادەیە.
نەرویج بە سەرکردایەتی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری مانچستەر سیتی و مارتن ئۆدیگارد، کاپتنی ئارسیناڵ، بە خاڵی یەکسان لەگەڵ فەرەنسا دەچێتە ناو یارییەکەوە و هێشتا لە ململانێدایە بۆ بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکە.
ڤایکینگەکان گەڕانەوەیەکی سەرنجڕاکێشیان بۆ جامی جیهانی هەبووە، کە ئەمە یەکەم دەرکەوتنیانە لە پاڵەوانێتییەکەدا لە دوای ساڵی 1998ـەوە و هەوڵ دەدەن لەسەر ئاستە بەرزەکەیان بەردەوام بن بەرامبەر یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکانی نازناوەکە.
نەرویج کاروانی یارییەکانی لە جامی جیهانی 2026 بە سەرکەوتن بەسەر عێراقدا دەستپێکرد و دواتر بە بردنەوەیەکی دیکە بەرامبەر سەنیگال درێژەی پێدا، ئەمەش تیپەکەی لە پێگەیەکی بەهێزدا جێگیر کردووە پێش ئەنجامدانی دوایین یاری قۆناخی کۆمەڵەکان.
هالاند لە دوو یاریی رابردوودا چوار گۆڵی تۆمارکردووە، هەمان ژمارەی گۆڵەکانی ئێمباپێی هەیە و ئەمشەو جیهان بینەری یاریی نێوان دوو هێرشبەری دیار و نێوداری تۆپی پێ دەبێت.




