رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەیەوێت پارێزگاری لە پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەی هەشتەم بکات، کاتێک لە یارییەکی بەهێزدا بەرامبەر ئۆرۆگوای یاریی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، کاژێر 03:00 لارۆخا بەرامبەر ئۆرۆگوای یاریی دەکات و بەبردنەوە و یەکسانبوون دەتوانێت پارێزگاری لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی بکات و خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەرجەنتین بپارێزێت لە قۆناخی دووەمدا.
ئیسپانیا لە زاپۆپانی مەکسیک دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا و بۆ یارییەکە ئامادەیە و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکەیە.
هەڵبژاردەکە لە یاریی یەکەمدا بە ئاستێکی باشەوە دەرنەکەوت و لەگەڵ کابۆ ڤێردی یەکسانبوو، دوای ئەوە لە سعودیەی بردەوە و ئێستا خاوەنی چوار خاڵە.
لارۆخا ئەگەر بە یەکەمی کۆمەڵەکەی بگاتە قۆناخی داهاتوو، لە قۆناخی 32 بەرامبەر هەڵبژاردەی نەمسا یان جەزائیر یاریی دەکات، بەڵام ئەگەر بە دووەم سەربکەوێت رووبەڕووی ئەرجەنتین دەبێتەوە.
هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی نییە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، کاتێک لە یاریی لووتکەدا بەرامبەر ئیسپانیا یاریی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، یارییەکە لە یاریگای گوادالاخارا لە زاپۆپان بەڕێوەدەچێت، ئۆرۆگوای بە دوو یەکسانبوون خاوەنی دوو خاڵە و هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، تیپەکە پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامی یاریی کابۆ ڤێردێ و سعودیە خۆی بگەیێنێتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال و لە رکابەرییەکەدا بمێنێتەوە.
مارسێلۆ بیێلسای راهێنەر، هەرچەندە ئەمە سێیەم هەڵبژاردەی جیاوازە لە جامی جیهانیدا سەرپەرشتی بکات، بەڵام تاکو ئێستا لە ململانێدایە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم پێکهاتەیە یەکبخات و ورەیان بەرز بکاتەوە.
داروین نۆنێز، ئەستێرەیەکی دیاری تیپەکەیە، بەڵام لەم دواییانەدا هەم لە رووی ئاستەوە دابەزیوە و هەم کەمتر کاتی یاریکردنی پێ دراوە.
فێدریکۆ ڤاڵڤێردی، ئەو ناوەڕاستکارە نایابەی ریال مەدریدە، کە ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ ئیسپانییەکان هەیە و دەیەوێت هاوکاریی تیپەکەی بکات بۆ ئەوەی لە قۆناخی یەکەمی مۆندیالدا ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە نەکەن.
لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکە لە ئیسپانیا، ئۆرۆگوای بە یەکەمی کۆمەڵەکە دەگاتە قۆناخی داهاتوو و بەرامبەر دووەمی کۆمەڵەی دەیەم یاریی دەکات.




