رووداو دیجیتاڵ
هەردوو هەڵبژاردەی سعودیە و کابۆ ڤێردێ بەدوای نووسینەوەی مێژوودا دەگەڕێن و دەیانەوێت بۆ یەکەمجار بگەنە قۆناخی دووەمی مۆندیال.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، کاژێر 03:00 هەردوو هەڵبژاردە لە دوایین یارییاندا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، سعودیە دوای یەکسانبوونی بەرامبەر ئۆرۆگوای و دۆڕانی بەرامبەر ئیسپانیا، خاڵێکی هەیە و بەبردنەوەی یارییەکە هەلی ئەوەی دەبێت بگاتە قۆناخی داهاتووی مۆندیال، بەتایبەت ئەگەر ئۆرۆگوای بەرامبەر ئیسپانیا بدۆڕێت.
هەڵبژاردەکە لەژێر سەرپەرشتی یۆرگێس دۆنیس، دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامداوە و دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە دوای 7 بەشداریی لە مۆندیالدا لە قۆناخی کۆمەڵەکان بپەڕێتەوە.
هەڵبژاردەی کابۆ ڤێردێ، یەکەمجارە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، ئەوانیش هەلێکی گەورەیان هەیە بۆ ئەوەی چیرۆکێکی جوان و گەورە لە مۆندیالدا تۆماربکەن، چیرۆکی گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.
کابۆ ڤێردێ، ئەگەر یارییەکەی لە سعودیە بباتەوە، هەلی ئەوەی دەبێت هەم بە دووەم یان باشترین سێیەم خۆی بگەیێنێتەوە قۆناخی دووەمی مۆندیال.
سعودیە و کابۆ ڤێردێ. یەکەمجارە لە یارییەکی فەرمیدا بەرامبەر یەکدی یاریی بکەن و دەکرێت ئەم رووبەڕووبوونەوەیە ببێتە یارییەکی لەبیرنەکراو بۆ یەکێک لە هەردوو تیپەکە.




