رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق بە شێوازێکی کارەساتبار و بە شکستێکی قورس ماڵئاوایی لە مۆندیالی 2026 کرد، دوای ئەوەی لە گەڕی سێیەم و کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، بە پێنج گۆڵی بێوەڵام بە سەنیگال دۆڕا.
لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا، عێراق نەیانتوانی بەرگەی هێرشەکانی 'شێرەکانی تێرانگا' بگرن و بە سێ شکستی لەسەریەک و بەبێ هیچ خاڵێک، کۆتاییان بە بەشدارییەکەیان لە مۆندیال هێنا.
کارەساتەکە بۆ عێراق هەر لە سەرەتای یارییەکە دەستیپێکرد؛ لە خولەکی 4دا ئێمبای گۆڵی یەکەمی بۆ سەنیگال تۆمارکرد.
هێشتا عێراق لە شۆکی گۆڵەکەدا بوو، لە خولەکی 12دا رێبین سوڵاقا، بەرگریکاری عێراق، بەهۆی رێگری کردن لە سادیۆ مانێ بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمەش عێراقی ناچار کرد زیاتر لە 75 خولەک بە 10 یاریزانەوە یاریی بکات.
لە گێمی دووەمدا، بەرگری عێراق بەتەواوی داڕما. ئیسماعیل سار لە خولەکی 56 گۆڵی دووەمی تۆمارکرد. پاشان گێی کە وەک یەدەگ هاتە
نێو یاریگا، توانی دوو گۆڵی خێرا لە خولەکەکانی 59 و 71 تۆمار بکات. پێش کۆتایی هاتنی یارییەکە بە 8 خولەک، ئیلیمان ئێندای گۆڵی پێنجەمی تۆمارکرد و کۆتایی بە ڤیستیڤاڵی گۆڵەکانی سەنیگال هێنا.
ئامارێکی خراپ بۆ عێراق عێراق دووەم هەڵبژاردەی عەرەبییە (لە دوای تونس) کە لە مێژووی مۆندیالدا لە قۆناخی یەکەم بە سێ شکستی لەسەریەک بێتە دەرەوە. ئەم شکستە (5-0) بە قورسترین شکستی مێژووی عێراق لە مۆندیال دادەنرێت.
فەرەنسا بە بردنەوەیەکی گەورە پێشەنگی گرت
لە یارییەکی دیکەی هەمان کۆمەڵەدا، هەڵبژاردەی فەرەنسا بە ئەنجامی (4-1) لە نەرویجی بردەوە. عوسمان دێمبێلی ئەستێرەی
یارییەکە بوو کە هاتریکی تۆمارکرد، گۆڵی چوارەمیش لەلایەن دیزێرێ دۆوێ تۆمارکرا. تاکە گۆڵەکەی نەرویجیش ئاسگارد لە خولەکی 21دا تۆماری کرد.
ریزبەندی کۆمەڵەی نۆیەم:
1. فەرەنسا: 9 خاڵ (سەرکەوت بۆ قۆناخی 32)
2. نەرویج: 6 خاڵ (سەرکەوت بۆ قۆناخی 32)
3. سەنیگال: 3 خاڵ (چاوەڕێی ئەنجامی کۆمەڵەکانی دیکە دەکات وەک باشترین سێیەم)
4. عێراق: 0 خاڵ (ماڵئاوایی کرد)
عێراق بەم شکستە مۆندیالێکی بێدەنگ و پڕ لە ناخۆشی بەڕێکرد، لە کاتێکدا هاندەرانی هیوای زۆریان بەم نەوەیە هەبوو.



