رووداو دیجیتاڵ
وەرزشکارانی شاری کەرکووک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هاوڕێیەکی کۆچکردوویان، خولێکی تۆپی پێیان بە ناوی "هەڵکەوت لەبیرت ناکەین" رێکخست، لە یاریی کۆتاییشدا تیپی "مامۆستا ئامانج" بووە پاڵەوانی خولەکە.
یارییەکانی خولەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک لە یاریگەی رزگاری لە شاری کەرکووک بەڕێوەچوون. یاریی کۆتایی لەنێوان هەردوو تیپی "راستی" و "مامۆستا ئامانج" بوو. کاتە یاساییەکانی یارییەکە بە یەکسانبوون و بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ بۆ هەرلایەکیان کۆتاییهات، دواتر پەنا بردرایە بەر لێدانە یەکلاکەرەوەکان و تیپی مامۆستا ئامانج توانی نازناوەکە بباتەوە.
بڕوا عیماد، سەرپەرشتیاری خولەکە دەڵێت: "ئێمە هەوڵ دەدەین ساڵانە یادی کاک هەڵکەوت عەزیز بکەینەوە کەسێکی خۆشەویست بوو لەنێوانماندا. دەمانەوێت بەم جۆرە چالاکییانە ناوی ئەو هەمیشە لە دڵ و دەروونماندا بە زیندوویی بمێنێتەوە."
هارون وەلی، یاریزانی تیپی مامۆستا ئامانج، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز، ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە ئەگەر دووەمیش بووینایە، هەر خۆمان بە یەکەم دەزانی، چونکە گرنگیی ئەم خولە لە بەشداریکردنەکەدایە بۆ یادی ئەو ئازیزە."
هەر لەو چوارچێوەیەدا، زانا قوربانی، یاریزانی تیپی راستی سوپاسی رێکخەرانی خولەکەی کرد و گوتی: "جێگەی خۆیەتی سوپاسی دەستەی نێوبژیوانان و رێکخەران بکەین. داواکارین لە خوای گەورە جێگەی کاک هەڵکەوت بەهەشتی بەرین بێت."
لە کۆتایی خولەکەدا، جیا لە دابەشکردنی خەڵات بەسەر تیپی یەکەم و دووەم و باشترین یاریزانەکاندا، خەڵاتێکی تایبەت بەخشرایە بنەماڵەی "هەڵکەوت". هەروەها لە کارێکی وەرزشیی و مرۆییدا، تەواوی مەدالیای یاریزانەکان پێشکێش بە "شا" و "مان"، هەردوو کوڕەکەی هەڵکەوتی کۆچکردوو کران.



