رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا، توانی سەرکردایەتیی کەڵەشێرەکان بکات بۆ بردنەوەیەکی ئاسان و شایستە بەسەر هەڵبژاردەی سوێددا، بە
ئەنجامی 3-0، لە یارییەکی قۆناخی 32ی مۆندیالی 2026 کە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت.
دوای چەندین هەوڵی بێئاکام لەلایەن یاریزانانی دیدێ دیشام، دواجار کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی 44دا و دوای نمایشێکی تەکنیکی و تێپەڕاندنی هێڵی بەرگری سوێد، گۆڵی یەکەمی بۆ فەرەنسا تۆمارکرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە دەستپێکی گێمی دووەمدا، فەرەنسییەکان فشارەکانیان چڕتر کردەوە و لە خولەکی 53دا برادلی بارکۆلا توانی گۆڵی دووەم تۆمار بکات و ئەرکی سوێدییەکان قورستر بکات.
مباپێ لە درەوشانەوە بەردەوام بوو و لە خولەکی 73دا گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی هەڵبژاردەکەی تۆمارکرد، بەمەش کۆتایی بە هیوای سوێدییەکان هێنا و سەرکەوتنی فەرەنسای بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کرد.
ئێمباپێ و مێسی؛ شەڕی گۆڵکاری مێژوویی
بەم دوو گۆڵە، کیلیان ئێمباپێ ژمارەی گۆڵەکانی لەم مۆندیالەدا گەیاندە 6 گۆڵ و هاوشانی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی لە لووتکەی ریزبەندی گۆڵکارانی مۆندیالی 2026.
لە رووی مێژووییەوە، ئێمباپێ ئێستا خاوەنی 18 گۆڵە لە مێژووی مۆندیالەکاندا و تەنیا یەک گۆڵ لە دوای لیۆنێل مێسییە، کە ئەمەش رکابەرییەکی تووند لە نێوان ئەو دوو ئەستێرەیە دروست دەکات بۆ شکاندنی ریکۆردەکان.
هەڵبژاردەی فەرەنسا بەم سەرکەوتنە گەیشتە قۆناخی 16 و لەوێدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی پاراگوای دەبێتەوە، کە گەورەترین سوپرایزی
پاڵەوانێتییەکەیان کرد و توانییان بە لێدانی سزای یەکلاکەرەوە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە مۆندیال بکەنە دەرەوە.



