رووداو دیجیتاڵ
جۆرج ویا، ئەستێرەی پێشووی پاریس سانجێرمان و میلان، سەرۆکی پێشووی لیبیریا و تاکە براوەی باڵۆندۆر لە ئەفریقا، پەسنی ئاستی کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسای دا لە مۆندیالی 2026، و جەختی کردەوە کە نابێت بەراورد بکرێت بە لامین یامال، ئەستێرەی بارسێلۆنا و ئیسپانیا.
ئێمباپێ بەشێوەیەکی دیار لە مۆندیالی 2026 دەدرەوشێتەوە و 6 گۆڵی لە 4 یارییدا تۆمارکردووە، تاوەکو لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتین لە پێشەنگی گۆڵکاراندا بێت.
ئێمباپێ بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2 گۆڵی تۆمارکرد، بۆ ئەوەی فەرەنسا بەرەو سەرکەوتن بەسەر سوێد بەئەنجامی 3-0 ببات و بگەنە قۆناخی 16ـی مۆندیال.
جۆرج ویا، هێرشبەری پێشووی میلان لە لێدوانێکیدا بۆ بەرنامەی ئێلچیرینگیتۆ گوتی "ئێمباپێ دیاردەیە.. ئەو بەڕاستی یاریزانێکی نایاب و گۆڵکارێکی بلیمەتە".
ئەم یاریزانە ئەفریقییە، کە تاقە یاریزانی ئەو کیشوەرەیە خەڵاتی باڵۆندۆری لە ساڵی 1995 بەدەستهێناوە، بەپێی ئەوەی تۆڕی RMC sport گواستوویەتیەوە، گوتیشی "لامین یامال هێشتا گەنجە و نابێت بە کیلیان ئێمباپێ بەراورد بکرێت؛ ئێمباپێ دیاردەیە، لەکاتێکدا یامال هێشتا لە قۆناخی گەشەکردندایە.
دوای گەڕانەوەی لە پێکان بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لامین یامال وەک یەدەگ لە دوو یاریی یەکەمدا بەرامبەر کابۆ ڤێردی 0-0 و سعودیە 4-0 بەشداری کرد، پێش ئەوەی یەکەم یاریی خۆی وەک سەرەکی لەو یارییەدا ئەنجام بدات کە بە بردنەوە لە ئۆرۆگوای 1-0 کۆتایی هات.
هەرچەندە هێشتا کاری دەکرد بۆ وەرگرتنەوەی ریتم و ئاستی جارانی، بەڵام ئەم بەهرەمەندە گەنجە، کە تەمەنی 18 ساڵە، توانی یەکەم گۆڵی خۆی لە تۆڕی هەڵبژاردەی سعودیە تۆمار بکات.
ویا کۆتایی بە قسەکانی هێنا و گوتی "هیوادارم لامین یامال بەردەوام بێت لە گەشەسەندنی پیشەگەریانەی خۆی، بەڵام هیچ بوارێک بۆ بەراوردکردن لە نێوان ئەو و ئێمباپێدا نییە؛ هەمووان دەزانن ئێمباپێ لە ئاستێکی تەواو جیاوازدایە.




