رووداو دیجیتاڵ
لوکا مۆدریچ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی کرواتیا دەڵێت "لە یاریی بەرامبەر پۆرتوگال شتی سەیر روویداوە و ئێمە شایستەی ئەنجامێکی باشتربووین".
مۆدریچ دوای دۆڕانیان بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال و ماڵئاواییکردنیان لە مۆندیالدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "بە سەربەرزییەوە یاریگامان بەجێهێشت، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستەی پێشکەشمان کرد، بەتایبەتی لە نیوەی دووەمدا. ئێمە شایستەی ئەنجامێکی باشتر بووین، بەڵام بە سادەیی ئەمڕۆ چانس یاوەرما نەبوو. یارییەکە بەو شێوەیە نەڕۆیشت کە دەمانویست؛ پێموابێت لە هەندێک بارودۆخدا، ئەگەر دۆخەکە بۆ تیپی بەرامبەر بووایە، دڵنیا نیم ناوبژیوان بە هەمان شێوە بڕیاری لێ دەدا. بەڵام بەهەرحاڵ، ئەوەی بوو روویدا؛ ئێمە سەیری پێشەوە دەکەین، چونکە ئێستا ناتوانین کات بۆ دواوە بگەڕێنینەوە."
لوکا لەبارەی رووداوەکانی یارییەکە و ئەو گۆڵەی کرواتیا کە لە دوایین ساتەکاندا رەتکرایەوە گوتی "لە دەرفەتێکی دیکەدا قسەی زیاتر دەکەین. ئێستا هێشتا هەموو شتێک تازەیە و لەژێر کاریگەریی یارییەکەداین، بۆیە نامەوێت لێرەدا دەست بە گلەیی بکەم یان بەدوای بیانوودا بگەڕێم، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە، هەندێک شت کە روویاندا بەڕاستی سەیر بوون. بەڵام چی بکەین، ئەمە تۆپی پێیە و ئەوەی بوو تەواو بوو."
بە ماڵئاواییکردنیان لە مۆندیالی 2026، بە ئەگەری زۆرەوە کاروانی یارییکردنی مۆدریچیش لەگەڵ کرواتیا کۆتاییدێت، ئەو لەو بارەیەوە گوتی "لە داهاتوویەکی نزیکدا داهاتووی من رووندەبێتەوە".




