رووداو دیجیتاڵ
مۆندیالی 2026 پەیوەندی حەکیمی و دیاز چاک دەکاتەوە، کە دوای لێدانە یەکلاکەرەوەکەی پانینکای جامی نەتەوەکانی ئەفریقا پەیوەندییان تێکچوو بوو.
پاڵەوانێتی جامی جیهانی 2026 کەشوهەوای ناو هەڵبژاردەی مەغریبی ئاسایی کردەوە، بەتایبەت لە نێوان هەردوو ئەستێرەکەی، ئەشرەف حەکیمی و ئیبراهیم دیاز، دوای ئەو گرژییەی کە لە دوای کۆتایی هاتنی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025 لە نێوانیاندا دروست بوو.
دیاز لێدانێکی یەکلاکەرەوەی بەشێوازی 'پانینکا' لە کاتی زیادکراوی یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2025 لەدەستدا، پاشان هەڵبژاردەی سەنیگال گەڕایەوە و گۆڵی سەرکەوتنی لە کاتی زیادکراودا تۆمارکرد، پێش ئەوەی دواتر نازناوەکە لە 'شێرەکانی تیرانگا' بسەندرێتەوە.
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی گوتی کە ئەو رووداوە بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندی نێوان حەکیمی و ئیبراهیم دیاز بەشێوەیەکی بەرچاو، چونکە بەرگریکارەکەی پاریس سانجێرمان قبوڵی نەدەکرد لێدانەکە بەو شێوەیە لەو کاتە هەستیارەدا لێبدرێت.
ئەم گرژییە لە پەیوەندی نێوان هەردوو یاریزانەکەدا بەردەوام بوو تاوەکو کاتی کەمپی دواتر لە مانگی ئاداری رابردوودا، هەرچەندە ئیبراهیم دیاز هەوڵیدا داوای لێبوردن لە گرووپەکە بکات لەسەر ئەوەی روویدا، بەڵام حەکیمی ئەوەی قبوڵ نەکرد.
ئەم دۆسێیە ئەو بابەتە بوو کە محەممەد وەهبی کاری لەسەر کرد دوای ئەوەی بوو بە راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب وەک جێگرەوەی وەلید رەکراکی، کە توانی بە یارمەتی هەندێک لە ئەستێرەکانی "شێرەکانی ئەتڵەس" بارودۆخی نێوان هەردوو یاریزانەکە هێور بکاتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوو یاریزانەکە ئێستا نەبوونەتە هاوڕێی نزیک، بەڵام شانبەشانی یەکدی کاردەکەن لەپێناو گەیاندنی هەڵبژاردەی مەغریب بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی مێژوویی لە پاڵەوانێتی جامی جیهانیدا.
هەڵبژاردەی مەغریب ئەمڕۆ پێنجشەممە لە یاریگای جیلیت لە شاری بۆستنی ئەمریکا رووبەڕووی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەبێتەوە، لە کردنەوەی یارییەکانی قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیالدا.
شێرەکانی ئەتڵەس هەوڵدەدەن گەورەترین دەستکەوتی عەرەبی و ئەفریقی لە مێژووی جامی جیهانیدا دووبارە بکەنەوە بە گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی، وەک چۆن لە دوایین وەشانی مۆندیال لە ساڵی 2022 لە قەتەر ئەنجامیاندا.




