رووداو دیجیتاڵ
فیفا بەفەرمی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گۆڵەکەی میسر بەرامبەر ئەرجەنتین و هەژمارنەکردنی لێدانی سزا بۆ محەممەد سەڵاح روون دەکاتەوە.
پێرلویجی کۆلینا، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا، بڕیارە جێگەی مشتومڕەکانی ناوبژیوانە فەرەنسییەکە روون دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە: هەمیشە مشتومڕ لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوانان لە یاریی تۆپی پێدا دەبێت، بەڵام بریارەکانی ناوبژیوانی یاریی ئەرجەنتین و میسر دروست بوون.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ "فیفا" روونکردنەوەیەکی فەرمی لەبارەی دیارترین حاڵەتە ناوبژیوانییە جێگەی مشتومڕەکان لە یاریی نێوان میسر و ئەرجەنتین بڵاوکردەوە، کە بە سەرکەوتنی تانگۆ 3-2 لە قۆناخی 16ـی جامی جیهانی 2026 کۆتاییهات، ئەمەش دوای ئەو شەپۆلە فراوانەی رەخنە کە ئاراستەی بڕیارەکانی ناوبژیوانی فەرەنسی فرانسوا لیتیکسیێر کرا.
یارییەکە مشتومڕێکی زۆری بەخۆیەوە بینی دوای رەتکردنەوەی گۆڵێکی هەڵبژاردەی میسر بەهۆی بوونی سەرپێچی لە سەرەتای هێرشەکەدا، لەگەڵ داواکاریی فیرعەونەکان بۆ هەژمارکردنی لێدانی سزا بۆ محەممەد سەڵاح چەند چرکەیەک پێش گۆڵی سێیەمی ئەرجەنتین، کە ئەم دیمەنانە ناڕەزایەتی تووندی یاریزانان و دەستەی هونەری میسری لێکەوتەوە.
شارەزایانی ناوبژیوانی و ئەستێرە دێرینەکان جیاواز بوون لەسەر دروستی بڕیارەکانی ناوبژیوانە فەرەنسییەکە، ئەمەش بوونی کێشەی ناوبژیوانی دەسەلمێنێت کە وایکرد فیفا دەستوەردان بکات.
ژمارەیەک لە ئەفسانەکان کە دیارترینیان ئالان شێرەر، گاری نێڤڵ، و رۆی کین بوون پێیان وابوو هەڵبژاردەی میسر زوڵمی لێکراوە، هەروەها کلاودیۆ لۆپێزی ئەستێرەی پێشووی ئەرجەنتینیش هاوڕایان بوو.
لەکاتێکدا گراهام سکۆت، شارەزای ناوبژیوانی ئینگلیزی جەختی کردەوە کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گۆڵەکەی میسر هەڵە بووە، بەڵام تۆڕی ئەرشیڤۆ ڤاری تایبەتمەند پێیوابوو گۆڵەکە دروست نییە و دەستوەردانی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆیی سەرکەوتوو بووە.
بۆ کۆتاییهێنان بەم مشتومڕانە، پیێرلوجی کۆلینای ئیتاڵی، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا، بنەما ناوبژیوانییەکانی پشت بڕیارەکانی روون کردەوە و جەختی کردەوە کە تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ "ڤار" پرۆتۆکۆڵی پەسەندکراوی لە هەردوو حاڵەتەکەدا جێبەجێ کردووە.
کۆلینا: لەبەر ئەم هۆکارە گۆڵەکەی میسر هەڵوەشایەوە
کۆلینا روونیکردەوە کە فیفا لەسەر ئەوە رانەهاتووە لە کاتی پاڵەوانێتییەکاندا لێدوان لەسەر حاڵەتە تاکەکەسییەکان بدات، بەڵام پێویست بووە هەندێک خاڵ روون بکرێتەوە بەهۆی گەورەیی ئەو مشتومڕەی دروست بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمی فیفاوە گوتی "بەزۆری حەز ناکەین لە کاتی پاڵەوانێتییەکاندا لێدوان لەسەر حاڵەتە ناوبژیوانییەکان بدەین، بەڵام بەم دواییانە روونکردنەوەمان داوە چۆن ناوبژیوانان مامەڵە لەگەڵ هەوڵی یاریزانان دەکەن بۆ رێگری لە گۆڵپارێزەکان، بۆیە پێمانوابوو پێویستە خاڵێکی دیکەش روون بکەینەوە کە گفتوگۆی زۆری لەسەر بووە".
سەبارەت بەشێوازی کارکردنی ڤار، گوتی "دوای تۆمارکردنی هەر گۆڵێک، ناوبژیوانی ڤیدیۆیی بەتەواوی قۆناخی کۆنتڕۆڵکردنی هێرشبەری پێداچوونەوە دەکات. ئەگەر سەرپێچییەک لە کاتی دروستکردنی هێرشەکەدا دۆزرایەوە و کاریگەری راستی لەسەر گۆڵەکە هەبوو، ئەوا ناوبژیوانی ڤیدیۆیی رێنمایی ناوبژیوان دەکات پێداچوونەوە بۆ دیمەنەکە لەسەر شاشەکە بکات".
جەختیشی کردەوە کە پرۆتۆکۆڵی VAR هیچ دووری یان کاتێکی دیاریکراو بۆ پێداچوونەوە دانانێت و گوتی "هیچ سنوورێکی کاتی یان دوورییەکی دیاریکراو لە نێوان سەرپێچییەکە و گۆڵەکەدا نییە بۆ ئەوەی هەژمار بکرێت".
سەبارەت بە دیمەنی گۆڵە رەتکراوەکەی میسر، کۆلینا گوتی "لە یاریی ئەرجەنتین و میسردا، یاریزانی میسری مەروان عەتیە بەڕوونی پێی نایە سەر پێی لیساندرۆ مارتینێز". هەروەها گوتیشی "لە روانگەی ئێمەوە، سەرپێچی هەر سەرپێچییە، بێ گوێدانە ئەوەی چەند روونە. ئەگەر ناوبژیوان لە ناو یاریگادا نەیبینیبێت، ڤار مافی هەیە دەستوەردان بکات".
بۆچی لێدانی سزا بۆ محەممەد سەڵاح هەژمار نەکرا؟
سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا باسی لەو دیمەنەش کرد کە تێیدا هەڵبژاردەی میسر داوای لێدانی سزای بۆ محەمەد سەڵاح دەکرد پێش گۆڵی سێیەمی ئەرجەنتین.
ئەو گوتی "ئەگەر هیچ سەرپێچییەک لە کاتی دروستکردنی ئەو هێرشەی کە دەبێتە گۆڵ نەدۆزرایەوە، ئەوا ناوبژیوانی ڤیدیۆیی ئەوە بە ناوبژیوان رادەگەیەنێت".
لەبارەی جیاوازی نێوان سەرپێچی و بەریەککەوتنی یاسایی روونیکردەوە "پێنان بە پێی رکابەردا بە سەرپێچی دادەنرێت، بەڵام ئەگەر بەرگریکار سەرەتا بەر تۆپەکە کەوت و پاشان بەریەککەوتنێکی سروشتی روویدا، ئەوا هیچ سەرپێچییەک نییە".
جەختی کردەوە کە ئەم لێکدانەوەیە بۆ بەریەککەوتنی سەڵاح و جولیان ئەلڤارێزیش دروستە و گوتی "ناوبژیوان و ناوبژیوانی ڤیدیۆیی پێیانوابوو کە بەریەککەوتنی نێوان محەمەد سەڵاح و جولیان ئەلڤارێز بەریەککەوتنێکی سروشتی بووە لە تۆپی پێدا".
ماڵپەڕی فەرمی فیفا گۆشەیەکی نوێی وێنەگرتنی ئەو بەریەککەوتنەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە نیشانی دەدات ئەلڤارێز سەرکەوتوو بووە لە لێدانی تۆپەکە پێش ئەوەی بەریەککەوتن لەگەڵ کاپتنی هەڵبژاردەی میسر رووبدات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەڵاح بەردەوام نەبووە لە داواکردنی لێدانی سزا، بەڵکو خێرا هەستاوەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەرگری، پێش ئەوەی ئەرجەنتین هێرشی پێچەوانە ببات و گۆڵی سەرکەوتن تۆمار بکات.
کۆلینا: هەندێک بڕیار وەک بۆچوونی کەسی دەمێننەوە
کۆلینا لە کۆتایی لێدوانەکانیدا جەختی کردەوە کە هەندێک حاڵەت هەمیشە جێگەی جیاوازی بۆچوون دەبن، بەڵام متمانەی خۆی بە ئاستی ناوبژیوانان لە کاتی پاڵەوانێتییەکەدا دەربڕی.
ئەو لەو بارەیەوە گوتی "هەمیشە رێژەیەک بۆ مەزندە کردن و بۆچوونی کەسی لە هەندێک بڕیاری ناوبژیوانییدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئێمە رازیین لەو شێوەیەی کە ئەم بنەمایانەی پێ جێبەجێ کراوە لە تەواوی پاڵەوانێتییەکەدا".




