رووداو دیجیتاڵ
محەممەد وەهبی، راهێنەری هەڵبژاردەی مەغریب پێش یارییەکەیان بەرامبەر فەرەنسا دەڵێت "من چوار ساڵ لەمەوبەر وەکو هاندەرێک سەیری یاریی مەغریب و فەرەنسام دەکرد، ئێستا هەردوو تیپ گەشەیانکردووە و دەمەوێت کارێک بکەین دوای یارییەکە پەشیمان نەبینەوە".
راهێنەری مەغریب لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە گوتی "من هەمیشە گوتوومە: هەڵسەنگاندن لە کۆتاییدا دەکرێت، نەک پێشتر. من هەرگیز بەوە رازی نابم کە تاوەکو ئێستا بەدەستمان هێناوە، کاتێک دەزانین دەتوانین زیاتر بکەین. لەگەڵ دەستەی راهێنەران و یاریزانەکانیش قسەمان لەبارەیەوە کردووە؛ ئێمە بە تەواوی دەمانەوێت ببەینەوە. هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنین. گوێ لەو کەسانە ناگرین کە دەڵێن: 'ئێوە هەر ئێستاش کارێکی زۆر باشتان کردووە، گرنگ نییە ئەگەر بدۆڕێنن، فەرەنسا پاڵێوراوە'، یان شتی لەو شێوەیە. ئێمە دەمانەوێت ببەینەوە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ئەوە روو بدات. بڕوام پێ بکەن، ئێمە ناکەوینە ناو ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەوە. دەبێت بە جۆرێک یاری بکەین بۆ گەیشتن بە نیوەی کۆتایی کە وەک ئەوە بێت پشتمان بە دیوارەوە بێت. حەزم لەو بیرۆکەیە نییە کە بە خۆمان بڵێین ئەوەی بەدەست هاتووە بەسە و هەر شتێکی دیکەش تەنیا دیارییەکی زیادەیە. هیچ دیارییەکی زیادە بوونی نییە، تەنیا دیاریی راستەقینە بردنەوەی جامەکەیە."
محەممەد وەهبی زیاتر دەڵێت "چوار ساڵ لەمەوبەر، من تەنیا هاندەرێک بووم کە لە تەلەفزیۆنەوە سەیری یارییەکەم دەکرد. وەک هاندەرێک، لەبیرمە دوای یارییەکە هەستم بە پەشیمانی دەکرد و پێموایە زۆر کەسی دیکەش هەمان هەستیان هەبوو، تەنانەت زۆر لە یاریزانەکانیش. ئێستا خاڵی سەرەکی ئەوەیە بە جۆرێک بچینە ناو ئەم یارییەوە کە دوای تەواوبوونی هیچ پەشیمانییەکمان نەبێت. هەندێک شت هەن دەبێت باشتر ئەنجامیان بدەین، ئەوەش لەوەوە دەست پێ دەکات کە کەمێک پێش ئێستا بە هاوکارەکەتم گوت: دەبێت بە رێژەی 2000٪ لەم یارییەدا هەوڵ بدەین، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە کە ئەوەی تاوەکو ئێستا بەدەستمان هێناوە بەسە. دەبێت بە هەمان شێوەی یارییەکانی پێشوو بچینە ناو ئەم یارییە؛ بەوپەڕی پێداگری و جۆش و خرۆشەوە. پێویستە بە تەواوی پابەند و سوور بین لەسەر بردنەوە."
راهێنەری مەغریب لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "بە بەراورد لەگەڵ چوار ساڵ لەمەوبەر، بابەتەکە ئەوە نییە کە هێزی زیاتر یان چەکی باشترمان هەبێت. بەڵکو بە سادەیی ئەوەیە کە مەغریب بەردەوام بووە لە گەشەکردن، فەرەنساش بە هەمان شێوە. پێموایە ئەوەی روونە ئەوەیە کە ئەم دوو تیپە رەنگە ئێستا تەنانەت باشتر بن لەوەی چوار ساڵ لەمەوبەر. ئەمەش شتێکی سروشتییە، چونکە لەلایەن دوو فیدراسیۆنەوە پشتگیری دەکرێن کە کارێکی نایاب دەکەن و دوو وڵاتن کە لە پەرەپێدانی یاریی تۆپی پێدا زۆر سەرکەوتوون. بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە کە ببینین ئاستی فەرەنسا بە بەراورد لەگەڵ چوار ساڵ لەمەوبەر باشتر بووە، ئاستی مەغریبیش بە هەمان شێوە."
لە یەکەم یاریی قۆناخی هەشتی مۆندیالی 2026 هەردوو هەڵبژاردەی مەغریب و فەرەنسا، ئەمشەو کاژێر 23:00 رووبەڕووی یەکدەبنەوە.




