رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسا بووە یەکەم گەیشتوو بە یاریی پێش کۆتایی مۆندیالی 2026، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی شایستەی بەسەر هەڵبژاردەی مەغریبدا تۆمارکرد و بە دوو گۆڵی بێوەڵام شکستی پێهێنا.
لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناخی هەشتی مۆندیال، کە لە یاریگەی 'جیلیت ستادیۆم' لە شاری بۆستنی ئەمریکا بەڕێوەچوو، 'کەڵەشێرەکان' توانییان
بە ئەنجامی 2-0 لە 'شێرەکانی ئەتڵەس' ببەنەوە.
فەرەنسا کە تاوەکو ئێستا لەم مۆندیالەدا تەنیا تامەزرۆی سەرکەوتن بووە، شەشەم سەرکەوتنی لەسەریەکی تۆمارکرد و بووە هۆی ماڵئاواییکردنی دوایین نوێنەری عەرەب و ئەفریقا لە پاڵەوانێتییەکەدا، کە بۆ یەکەمجارە بە بەشداری 48 هەڵبژاردە ئەنجام دەدرێت.
فەرەنسییەکان بە گوشارێکی زۆرەوە دەستیان پێکرد، بەڵام یاسین بۆنۆ، گۆڵپارێزی مەغریب، بە ئاستێکی سەرسوڕهێنەرەوە دەرکەوت و رێگری لە
4 گۆڵی مسۆگەر کرد؛ لەوانەش لێدانێکی سزا کە کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی 29دا جێبەجێی کرد و بۆنۆ بە لێهاتوویی گەڕاندیەوە.
کوڕانی دیدێ دیشام کۆنترۆڵی یاریگەیان کرد. لە خولەکی 59دا، کیلیان ئێمباپێ قەرەبووی لێدانە سزا بەفیڕۆدراوەکەی کردەوە و گۆڵی یەکەمی فەرەنسای تۆمارکرد.
دوای تەنیا 6 خولەک و لە خولەکی 65دا، عوسمان دێمبێلێ بە لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا، گۆڵی دووەمی کرد و ئەرکەکەی لە مەغریبییەکان قورستر کرد، کە گۆڵەکە بە ئەسیستی ئێمباپێ بوو.
لە دوایین خولەکەکاندا، فەرەنسا نزیک بوو لە زیادکردنی گۆڵی سێیەم، بەڵام یاسین بۆنۆ جارێکی دیکە لەبەردەم هێرشەکانی بارکۆلا بووەوە بە بەربەست، تاوەکو یارییەکە بە ئەنجامی 2-0 کۆتایی هات.
فەرەنسا بلیتی گەیشتن بە یاریی پێش کۆتایی بڕی و چاوەڕوانی براوەی یاری نێوان ئیسپانیا و بەلجیکا دەکات، کە بڕیارە هەینی
رووبەڕووی یەک ببنەوە.




