رووداو دیجیتاڵ
جود بێلینگهام، بۆ دووەم یاریی لەسەریەک، دوو گۆڵی تۆمارکرد و سەرکردایەتیی ئینگلتەرای کرد بۆ بردنەوە لە نەرویج و گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال.
ئینگلتەرا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە نەرویجی بردەوە و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، جود بێلینگهام ئەستێرەی ئەو یارییە بوو.
دوای یارییەکە جود بێلینگهام گوتی " یارییەکە دابەشدەبێتە سەر چەندین لایەنی جیاواز؛ هەندێکی تەکنیکی و هەندێکی تەکتیکییە. بۆ من، گەورەترینیان لایەنی دەروونییە و ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ پاشەکشە و سەختییەکاندا دەکەیت. ئەم تیپە جارێکی دیکەش پێشانی دایەوە کە دەتوانێت ئەوە بکەن. ئەمە لێهاتوویی و تایبەتمەندییەکی زۆر بەنرخە بۆ چوونە ناو ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە."
لەبارەی ئەو ئاستە بەرزەی لە یارییەکەدا پێشکێشیکرد جود گوتی "راستگۆ بم، رەنگە کەمێک لەوەش زیاتر بێت کە پێشبینیم دەکرد. من کەسێکم متمانەم بەخۆمە، بەڵام پێموانییە شەوان کە دەچیتە سەر جێگە، خەون بە یارییەکی لەو شێوەیەوە ببینی. پێشتریش لە چاوپێکەوتنەکانی دیکەشدا گوتوومە، خۆشە کە کاریگەریت هەبێت و یارمەتی تیپەکەت بدەیت. خوایە گیان، هەوڵ و کۆششی ئەو کوڕانەی ناو ژووری جلگۆڕین بێوێنەیە. زۆر شانازییان پێوە دەکەم کە چۆن بەردەوامن لە جەنگان بێ گوێدانە ئەوەی لە چ بارودۆخێکداین. ئەوان دەتوانن زۆر شانازی بە خۆیانەوە بکەن و دەشزانم کە شانازن، منیش دڵنیایان دەکەمهوە کە هەست بەو شانازییە بکەن."
جود بێلینگهام کارتێکی زەردی هەبوو و دەبووایە خۆی بپارێزێت لەو بارەیەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "دایکم هەموو هەفتەکە پێی دەگوتم ئاگات لە قسەکردنت بێت، ئاگات لە بەرگریکردن بێت، ئاگات لە دەموچاوت و هەستەکانت بێت. پێموایە هەموو هەفتەکە ئەوەی لە مێشکمدا چەسپاند کە ئاگاداری ئەو کارتە زەردە بم. راستگۆ بم، کاتێک بە شێوەیەکی دروست یاری دەکەیت، دەستخۆشی بۆ ناوبژیوانەکە، ئەو زۆر بەرێز بوو. رێگەی پێدەدایت بە شێوەیەکی رێزدارانە قسەی لەگەڵ بکەیت؛ زۆر لە ناوبژیوانەکان رێگەت پێ نادەن ئەوە بکەیت. پێموایە کاتێک هاوسەنگییەکە رادەگرم و ناوبژیوانێکیش هەبێت کە ئامادەی گوێگرتن بێت، کارەکە زۆر ئاسانتر دەبێت. لە کۆتاییدا، یارییەکی تۆپی پێی زۆر بەهێز بوو، و خۆشبەختانە بە سەلامەتی لێی دەرچووم."
بێلینگهام وەڵامی قسەکانی تۆماس تۆخێل، راهێنەری تیپەکەی دەداتەوە کە گوتی دەکرا ئاستێکی بەرزتر پێشکێشبکەین و گوتی "رەنگە ئەو نەزانێت یاریکردن لەو جۆرە بارودۆخانەدا بەرامبەر ئیرلینگ هالاند، ئۆدیگارد، نوسا و سۆرلۆس چۆنە. نەرویج تیپێکی ئاسان نییە یارییان لەگەڵ بکەیت. بۆیە پێموایە ئێمە هەوڵمانداوە کەشێکی ئەرێنی دروست بکەین. دەبێت لەسەر ئەوە بەردەوام بین بۆ چوونە ناو چوارگۆشەی زێڕین. ناتوانم بە پێویست باسی باشی هاوڕێکانم بکەم. تۆ ناتوانیت هەموو یارییەک بە لێدانی تۆپ و هەزار پاس ببەیتەوە؛ هەندێکجار دەبێت بێ گوێدانە جوانیی یارییەکە ببەیتەوە و ئەمشەو جارێکی دیکەش ئەوەمان کردەوە."
بێلینگهام بووە خاوەنی 6 گۆڵ لە مۆندیالدا، لە دوو یاریی رابردوودا چوار گۆڵی تۆمارکردووە، یاریزانەکە دووەم بچووکترین یاریزانە لە دوای پێلێ، لە دوو یاریی لەسەریەکی قۆناخی کرانە دەرەوەی مۆندیالدا دوو گۆڵ بکات.
یەکەم یاریزانی ئینگلیزییە لە 1986ـەوە دوای گاری لینکەر، لە یەک مۆندیالدا شەش گۆڵ بکات، بەبێ ئەوەی لێدانی سزا جێبەجێ بکات.



